دیلان غەفوور: هێشتا داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا جێگیر نەکراون

پووختەی هەواڵەکە
- دیلان غەفوور: تاوەکو ئێستا داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2027 جێگیرنەکراون.
- دیلان غەفوور: پێویستە شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان بچێتە بەغداد.
دیلان غەفوور، ئەندامى لیژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەکەناڵ8ـى ڕاگەیاند، پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە و بڕیارە لە داهاتوویەکى نزیکدا پڕۆژەکە بگاتە ئەنجوومەنى نوێنەران تاوەکو خوێندنەوەى بۆ بکرێت و پاش گفتوگۆکان لەسەر ماددە و بڕگەکانى دەنگى لەسەر بدرێت.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027دا
- ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی بۆ کەناڵ8 ڕوونیکردەوە، پێش ئەوەى پڕۆژەکە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بکرێت، پێویستە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغداد بگاتە لێکتێگەیشتنى تەواو لەسەر ناوەرۆکەکەی.
- پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەون لەسەر دۆسییەى نەوت و گلدانەوەى نەوتى خاو بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و ڕێژە و پشک و شایستە و مافە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق، تاوەکو پێش گەیشتنى بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران جێگیر بکرێت.
- لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ناتوانرێت زۆر بابەتى پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق دەستکارى بکرێت تەنیا دەتوانن بەرگرى لە ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان بکەن.
- پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق بڕیارە پاش تاوتوێکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران لە ناوەڕاستى ئەم مانگە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، پڕۆژە بودجەکە بە 200 بۆ 240 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە و هەرێمى کوردستانیش داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە، بەڵام پشکى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى 12.70% دیاریکراوە لەبرى 14.14% کە ڕێژەى سەرژمێرى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان بووە، لەدواین سەرژمێرى لە عێراق.



