ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: دەستبەسەر کارگەیەکى دروستکردنى درۆندا گیراوە

پووختەی هەواڵەکە:
- گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دەستبەسەر کارگەیەکى دروستکردنى دراوی ساختەدا گیراوە
- گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق: حکومەتی عێراق ڕژدە لەسەر ڕێکخستنی دۆسیەی چەک
- حەشدى شەعبی: بە کشانەوەی هاوپەیمانان ئاهەنگ دەگێڕین
لە نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هەفتانە بۆ کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی عێراق ڕێکخرا و بە گوتەى ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەست بەسەر 105 ملیار دیناری عێراقی و 14 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دا گیراوە و گەڕێنراوەتەوە خەزێنەى گشتى دەوڵەت.
دەستبەسەراگرتنی کارگەیەکی درۆن
باسی لەوەشکرد، دەستبەسەر کارگەیەکى دروستکردنى درۆن و 25 هەیکەلی درۆندا گیراوە و سێ کەسیشیان لە کارگەکەدا دەستگیرکردووە.
ڕاشیگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا،2740 هەژماری مەترسیدار بۆ ئاشتى کۆمەڵایەتییان لە تۆڕەکانى کۆمەڵایەتی داخستووە.
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق
- دەستبەسەراگرتنی گارگەیەکی دروستکردنی دراوی ساختە و دەستگیرکردنی ژمارەک تۆمەتبار.
- ئاستی تاوان نزمبووەتەوە و سنوورەکانیش لەڕێگەی کامێرای حەرارییەوە چاودێری دەکرێن و بەتەواوی پارێزراون.
- لە پرسی کۆکردنەوەی چەکدا، هەنگاوی جێگیر نراوە و ڕێگەش بە بڵاوکردنەوەى گوتاری ڕق ئامێز نادرێت.
هاوکات، محەممەد حەسون گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق، لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر کارگەیەکدا گرتووە کە تیایدا دراو ساختەکراوە و ژمارەیەک تۆمەتباریش دەستگیرکراون، جەختیشدەکاتەوە، ئاستی تاوان نزمبووەتەوە و سنوورەکانیش لەڕێگەی کامێرای حەرارییەوە چاودێری دەکرێن و بەتەواوی پارێزراون.
هەر لە کۆنفرانسە هەفتانەکەدا، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، لە پرسی کۆکردنەوەی چەکدا، هەنگاوی جێگیر دەنێن و ڕێگەش بە بڵاوکردنەوەى گوتاری ڕق ئامێز نادەن.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش باسی لەوەکرد، حکومەتی عێراق ڕژدە لەسەر ڕێکخستنی دۆسیەی کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت و دەشڵێت، هەر چەکێک لە دەرەوەی دەستی دەوڵەتدا بێت، ڕێگە پێدراو نییە.
پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکان
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی، هەنگاوی باشیان بڕیوە و سندوقێک بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دانراوە.
هاوکات یەحیا ڕەسوڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەوەی خستوەتەڕوو، هێزە ئەمنییەکان لە خوورماتوو نەکشاونەتەوە و سوپا لەو ناوچەیە لە ئەرکدایە. ئاشکراشی کرد، پلان هەیە بۆ بونیادنانی توانستی هێزی ئاسمانیی عێراقی.
پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
هەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، موهەنەد عیقابی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی ئەوەی خستووەتەڕوو، پابەندن بە پاڵپشتیکردنی عەلى زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
دەشڵێت، گرووپەکانی مقاوەمە ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە دامەزراوە ئەمنییەکان، لە سەرجەم ناوچەکان و چالاکییان هەیە بۆ دۆزینەوەی حەشارەکانی داعش،
موهەنەد عیقابی ڕاشیگەیاند، بە کشانەوەی هاوپەیمانان ئاهەنگ دەگێڕن.



