ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

قۆناغێ هەشتەمی ئەنفال، مەرگەساتی بەسەر کام ناوچەدا هێنا؟

38 ساڵ بەسەر کۆتا قۆناغی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت کە رژێمی بەعس بە قۆناغی هەشت و خاتیمەی ئەنفال ناوی بردووە، ئەو قۆناغەی ئەنفال، ناوچەی بادینانی گرتەوە و درێژکراوەی سیاسەتی جینۆسایدکردنی گەلی کورد و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان بوو کە بە هەشت قۆناغ سەرجەم کوردستانی لە گەورەترین تاوانی سەردەمدا گرتەوە و 182 هەزار بێتاوان تێیدا بوونە قوربانی.

 لە قۆناغی هەشتی ئەنفالدا ژمارەیەکی زۆر قوربانی هەن کە هێشتا چارەنووسی زۆربەیان نادیارە و تائێستا گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانییانی بادینان نەدۆزراونەتەوە، جگە لەو گۆڕانەی تایبەت بە بارزانییەکان بوون و نزیکەی 690 رووفاتیان هێنراوەتەوە

لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفالدا رژێمی خوێنڕێژی بەعس لە 11 قۆڵەوە هێرشی کردە سەر ناوچەی بادینان، شاڵاوەکە سەرجەم گوندەکانی سەربە پارێزگای دهۆک و قەزاکانی زاخۆ، ئاکرێ، شێخان، ئامێدی گوندەکانی بەرواری و بەری گارەی گرتەوە، تا دەگاتە سنووری تورکیا. لەو قۆناغەدا 663 گوند خاپوور کران، لەو گوندانە 70 گوندیان بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران.
 شاڵاوی هەشتەمی ئەنفال لە 26ی ئابی 1988 دەستیپێکرد و لە 6ی ئەیلولی هەمان ساڵدا کۆتایی هات، رژێم شاڵاوەکەی بە بۆردومانکردنی گوندەکانی بناری چیای گارە (بەرگارە) دەستپێکرد.
ئەو قۆناغەش درێژکراوەی ئەو زنجیرە شاڵاوانە بوو کە بە قۆناغی یەکەم لە دۆڵی جافەتییەوە دەستیپێکرد و تا قۆناغی حەوتەم بەردەوام بوو، تا گەیشتە ئەم قۆناغەیان کە سەرجەم خاکی کوردستانی گرتەوە و بە «خاتیمەی ئەنفال» ناوزەد کرا.
 لەسەروەبەندی نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران و عیراق، رژێمی بەعس زۆربەی هێزەکانی کۆکردەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی لەناکاو بە ئامانجی لەناوبردنی گەلی کوردستان. ئەمە جێبەجێکردنی پلانە شۆڤێنییەکانی بوو کە تێیدا سوپایان بەکارهێنا بۆ ئەنجامدانی جینۆساید بە سەرپەرشتیی عەلی حەسەن مەجید و وەزیری بەرگریی ئەوکات و فەرماندەی فەیلەقەکانی 1 و 2و 5 و گاردی کۆماری و دەیان فەوجی سوکی جاش سەرەڕای بەکارهێنانی چەکی کۆکوژی کیمیایی.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ئیمزای لیوا یونس محەمەد زەڕب-ی لەسەرە کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی فەیلەقی پێنجەم و ئاراستەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراقی کردووە، لەو قۆناغەدا 13553 هاووڵاتی دەستگیرکراون، کە 3373 کەسیان ژن و 6964 کەسیان منداڵ بوون.
 رژێمی خوێنڕێژی بەعس لە ئەنفالی هەشتەمدا تەنیا مرۆڤی لە بادینان نەکردە ئامانج، بەڵکو ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناوچەکەی بە ئامانج گرت؛ لە رێگەی خاپوورکردنی گوندەکان، سووتاندنی رەز و باخ کە سەچاوەی بژێوی خەڵکی ئەو سنوورە بوو، تێکدانی کانی و سەرچاوەکانی ئاو، کوشتنی سەدان ئاژەڵی کێوی و ماڵی و وێرانکردنی دەیان مزگەوت و شوێنی ئایینی و قوتابخانە،
قوربانییانی قۆناغی هەشتی ئەنفال زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی بادینان بوون، لەو شاڵاوەدا 663 گوند بە تەواوی خاپوور کران و تەنیا وێرانەیان لێ بەجێما، 70 گوند بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران، 60 هەزار هاووڵاتی دیکە ئاوارە بوون و زێدی باب و باپیرانیان بەجێهێشت و روویان کردە تورکیا و ئێران، کە ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی دۆخی سەختی ژیان و ماندوێتی رێگەی سنوورەکانەوە گیانیانلەدەستدا، ناوچەکەیان لێ قەدەغە کرا تەنانەت بۆ سەردانی گۆڕی ئازیزانیشیان نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە مەگەر بە تاریکی شەوەزەنگە ترسناکەکان، ئەمە جگە لە نیشتەجێکردنی 40 هەزار هاووڵاتی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکان لە نزیک هەولێر لە دۆخێکی نالەباردا. خەڵکی هەولێر هەرگیز ئەو دیمەنە تراژیدی و پڕ لە ئازارانەیان بیرناچێتەوە، کاتێک خێزانەکان لە بادینانەوە گواسترانەوە و لە زەوییەکی وشک و بێ ئاو و گیا لە ناوچەی «بەرەحوشتر» و «جەژنیکان»ی نزیک هەولێر دانران. لە دۆخێکدا کە مرۆڤ بەرگەی نەدەگرت؛ گەرمای سووتێنەری هاوین، برسیەتی، تینوێتی و نەبوونی پەناگە، سیمای ژیانی ئەوکاتەیان بوو کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکیان بەهۆی بەرگەنەگرتنی ئەو دۆخە سەختەوە.
 کاتێک باس لەو کارەساتانە دەکەین کە خەڵکی بادینان لە ئەنفالی هەشتدا تووشی بوون، دەبێت کەرەم و پیاوەتیی خەڵکی هەولێر لە بیر نەکەین کە بە هانای خوشک و برایانیانەوە چوون و هاوکارییان کردن، سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانەی رژێم و گەمارۆ ئەمنییە توندەی لەسەریان دروستی کردبوو، بەڵام خەڵکی هەولێر بە میواندارییەکی گەرم و باوەشێکی کراوە پێشوازییان لێکردن، بە دەیان بارهەڵگر تەوقی ئەمنی دوژمنیان شکاند و پیتاکیان گەیاندە دەستی خەڵکی بادینان.
 بۆ گەورەیی کارەساتی ئەنفالی هەشتەم و دیمەنە پڕ لە ئازارەکانی، نووسەر محەمەد ئەمین میرزا کۆمەڵێک چیرۆک و گێڕانەوەی قوربانییانی ئەو شاڵاوەی لە کتێبێکدا بە ناونیشانی «گەشتی خەمەکان؛ شایەتحاڵێک لەسەر ئەنفالی بادینان و دۆخی ئاوارەکان لە کەمپی دیاربەکر» کۆکردووەتەوە. میرزا دیمەن و چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە مرۆڤ بە بیستنیان تەزوو بە گیانی دادێت.
 لە قۆناغی هەشتی ئەنفالدا ژمارەیەکی زۆر قوربانی هەن کە هێشتا چارەنووسی زۆربەیان نادیارە و تائێستا گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانییانی بادینان نەدۆزراونەتەوە، جگە لەو گۆڕانەی تایبەت بە بارزانییەکان بوون و نزیکەی 690 رووفاتیان هێنراوەتەوە، کە ئەم ژمارەیە بەراورد بە کۆی قوربانییان زۆر کەمە. لەبەرئەوە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵبدەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانی دیکە و گەڕاندنەوەی رووفاتەکانیان بۆ خاکی کوردستان.
 هاوشێوەی گرتووخانەی تۆبزاوە و دبس، کە خەڵکی ئەنفالکراوی قۆناغەکانی یەک و دوو و سێ و چوار و پێنجی تێدا کۆکرایەوە بەر لە جیاکردنەوە و بەرەو مەرگ بردنیان، قەڵای نزارکێ لە دهۆک دەیان یادەوەری خەڵکی بادینانی لەخۆ گرتووە و جێژوانی ئەنفالکراوانی بادینانە لەگەڵ مەرگدا، لەبەرئەوە جێگای خۆیەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئیدارەی دهۆک هەوڵبدەن ئەو شوێنە بکەنە مۆزەخانەیەک و تێیدا دڕندایەتی و تاوانەکانی رژێمی تێدا نیشان بدەن.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close