زیانه‌كانى مادده هۆشبه‌ره‌كان چین و چۆن منداڵه‌كانمان بپارێزین؟

«من دایكێكم و كێشه‌یه‌كم هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گومانم هه‌یه كوڕه گه‌وره‌كه‌م تووشى مادده‌ى هۆشبه‌ر بووبێت، به‌ڵام دڵنیا نیم، پرسیاره‌كه‌ى من ئه‌وه‌یه چۆن بزانم كوڕه‌كه‌م تووش بووه یان نا، واته نیشانه‌كان چین و رۆڵى ئێمه‌ى خێزان چییه له ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و به‌ڵایەدا، له راستیدا من زۆر ده‌ترسم و هه‌ندێك له خزمه‌كانیشم به‌رده‌وام باسى ئه‌وه ده‌كه‌ن و كوڕه‌كانیشیان زۆر سه‌ردانى كافتریا و هه‌ندێك شوێنى نه‌گونجاو ده‌كه‌ن و كوڕه‌کەى منیش زۆرجار له‌گه‌ڵیان ده‌چێته ده‌ره‌وه، ئیتر نازانم چى بكه‌م، ئه‌گه‌ر یه‌كێك تووشى ئه‌و مادده‌یه ببێت چاره‌سه‌رى هه‌یه»؟
خوشكى به‌ڕێز، ترسه‌كه‌ت له شوێنى خۆیدایه و رۆژگارێكى خراپ تێیكه‌وتووین و رۆژانه چه‌نده‌ها كه‌س تووشى ئه‌و به‌ڵایه ده‌بن، ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه‌ش ئێستا زۆر به ئاسانى ده‌ست ده‌كه‌ون و رۆژ له دواى رۆژ زیاتر بڵاوده‌بنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر گرنگه دایك و باوك ئاگادارى منداڵه‌كانیان بن و بزانن هاوڕێكانیان كێن و به‌رده‌وامیش سه‌رنجى منداڵه‌كانیان به‌تایبه‌تیش هه‌رزه‌كاره‌كان بده‌ن و بزانن هیچ گۆڕانكارییه‌كى له‌ناكاو له خه‌وتن و نانحواردن و خوێندن و كاركردن و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیاندا روویداوه یان نا؟!
چۆن دایك و باوك بزانێت منداڵه‌كه‌ى خه‌ریكى به‌كارهێنانى مادده هۆشبه‌ره‌كانه؟
هه‌رچه‌نده زانینى نهێنییه‌كانى منداڵ و هه‌رزه‌كار، كارێكى ئاسان نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له سه‌ره‌تاى به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ردا هه‌ندێك گۆڕانكارى له ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و رووخسارى ئه‌و كه‌سانه‌دا روو ده‌ده‌ن و دایك و باوك ده‌توانن له رێگەیانه‌وه تا راده‌یه‌ك بگه‌نه ئه‌و بڕوایه‌ى كه منداڵه‌كانیان (هه‌رزه‌كاره‌كانیان)، ئه‌و ماددانه به‌كارده‌هێنن، یان به‌كارى ناهێنن. له گرنگترین نیشانه و گۆڕانكارییه دەروونی و ره‌فتارییه‌كان ئه‌مانه‌ى لاى خواره‌وه‌ن :
1 – گۆڕ‌انى كوت‌وپڕ له مه‌زاج و حاڵه‌تى دەروونی به شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام و روون و ئاشكرا.
2 – ده‌ركه‌وتنى هه‌ندێك ره‌فتارى شه‌ڕانگێزیی نائاسایى كه پێشتر بوونیان نه‌بووه.
3 – وازهێنان له هه‌ندێك كار و چالاكى كه پێشتر به به‌رده‌وامى ده‌یكرد.
4 – تێكچوونى شێوه و كات و شێوازى نانخواردن و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاره‌زووى نانخواردن.
5 – هه‌ستكردن به سستى و ته‌مبه‌ڵى و حه‌زكردن به خه‌وتن و مانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ناو جێگەدا.
هه‌رچه‌نده ئه‌و نیشانه و گۆڕانكارییانه‌ى سه‌ره‌وه هه‌ر له خۆیانه‌وه به بێ هۆ رووناده‌ن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا نابێت به‌ڵگه‌ى كۆتایى بن و یه‌كسه‌ر دایك و باوك بگه‌نه ئه‌و بڕوایه‌ى كه منداڵه‌كه‌یان مادده‌ى هۆشبه‌ر به‌كارده‌هێنێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ندێكجار ئه‌و نیشانه و گۆڕانكاریانه‌ى سه‌ره‌وه له ئه‌نجامى چوونه ناو قۆناغى هه‌رزه‌كارى، یان بوونى گرفت و كێشه‌ى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه رووده‌ده‌ن، ئینجا بۆ ئه‌وه‌ى گومان و دوودڵییه‌كه‌یان یه‌كلا ببێته‌وه و ببێت به راستى، ئه‌وا ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا هه‌ندێك له ئه‌م نیشانانه‌ى لاى خواره‌وه‌ش هه‌بێت :
1 – داواكاریی كوتوپڕى منداڵ و هه‌رزه‌كار بۆ پاره به بێ دیاریكردنى هۆیه‌كى دیاریكراو، واته ئه‌و پاره‌یەى بۆ چییه؟
2 – دیار نه‌مان و ونبوونى هه‌ندێك پاره و كه‌ل و په‌لى گرانبه‌هاى ناوماڵ.
3 – درۆكردن، یان شاردنه‌وه‌ى راستییه‌كان و باس نه‌كردنى كار و چالاكییه‌كانى.
4 – ده‌ركه‌وتن و بوونى هه‌ندێك پاشه‌ڕۆ كه نیشانه و به‌ڵگه بن بۆ به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر، یان خواردنەوە کحولییەکان.
5 – ده‌ركه‌وتن و بوونى هه‌ندێك په‌ڵه، یان بۆنى نائاسایى له جل و به‌رگەکانی بێت.
6 – كڕینى هه‌ندێك شتى ناباو كه جاران به‌كارى نه‌ده‌هێنا، له‌وانه (سپراى قژ، یان سیكۆتین، یان هه‌ندێك مادده‌ى تواوه‌ى تر).
7 – سووربوونه‌وه و سوورهه‌ڵگه‌ڕانى ده‌م و لووت.
8 – بوونى هه‌ندێك عه‌لاگه و كیسى پلاستیك كه پاشماوه‌ى هه‌ندێك مادده‌ى وه‌ك سیكۆتین، یان مادده‌ى پاككه‌ره‌وه و ئه‌سیتۆن و…هتدی تێدا مابێت.
9 – بوونى پاشماوه‌ى جگه‌ره و تووتن و په‌ڕه سیگار و كاغه‌زى دروستكردنى جگه‌ره.
10 – ده‌ركه‌وتنى هه‌ندێك نیشانه له‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانى له‌ش، به تایبه‌تیش قۆڵ و ران كه ئاماژه بن بۆ به‌كارهێنانى ده‌رزى.
11 – بوونى پاشماوه‌ى ده‌رزى لێدان له‌ناو ماڵ (ده‌رزى و سرنج، یان ده‌زوو، یان پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆ) بۆ فشارخستنه سه‌ر بۆرى خوێن بۆ ئه‌وه‌ى دواى ده‌رزى لێدانه‌كه خوێنى لێ نه‌یه‌ت.
12 – بوونى په‌ڵه‌ى خوێن له‌سه‌ر جلوبه‌رگەکانی، یان جێگەى نووستنى، یان له‌سه‌ر فه‌رش و كومبار و راخه‌ره‌كانى تر‌ى ناو ماڵ.
چاره‌سه‌ركردن
كاتێك یه‌كێك ده‌گاته قۆناغى ئالووده‌بوون، واته له‌لاى بووه به خوویه‌ك و ناتوانێت واز له‌و مادده هۆشبه‌ره بهێنێت، به‌ڵكو به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌بێت ئه‌و مادده‌یەى ده‌ستبكه‌وێت و به‌كارى بهێنێ، ئه‌گینا وه‌ك شێتى لێدێت و (كورد وته‌نى دۆ و دۆشاو تێكه‌ڵ ده‌كات)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌لایه‌نى ده‌روونى و جه‌سته‌ییه‌وه ئالووده‌ى بووه و به بێ ئه‌و ماددانه ژیانى زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت.
له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت هه‌رچۆنێك بێت هه‌وڵى له‌گه‌ڵ بدرێت و ناچار بكرێت به دواى چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت، ئینجا ئه‌گه‌ر خۆى ئاره‌زوومه‌ند نه‌بێت و بڕواى به چاره‌سه‌ركردن نه‌بێت، ئه‌و كاته چاره‌سه‌رى ئه‌و جۆره كه‌سانه زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت، بێگومان چه‌ندین رێگە و جۆرى چاره‌سه‌ر هه‌ن، كه گرنگترینیان ئه‌مانه‌ى لاى خواره‌وه‌ن:
1 – حه‌ب و ده‌رمانى تر كه له‌لایه‌ن پزیشكى پسپۆڕه‌وه ده‌نووسرێت، زۆرجار كێشه‌ى سه‌ره‌كیى ئه‌و كه‌سانه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و مادده‌یەی به‌كاریدێنن پڕه له فرت و فێڵ و مادده‌ى خراپى تر‌ى تێكه‌ڵكراوه و دواى ماوه‌یه‌ك چه‌ندین كێشه بۆ ئه‌و كه‌سانه په‌یدا ده‌كات كه به‌كارى دەهێنن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه زۆربه‌یان زۆر گرانن و به هه‌ندێكیان ناكڕدرێت، بۆیه ناچار ده‌بن په‌نا بۆ دزی و تاوان و لادان به‌رن بۆ ئه‌وه‌ى بڕه‌پاره‌ى پێویستیان ده‌ستبكه‌وێت و ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه‌ى پێبكڕن.
بۆ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ك ئه‌و كه‌سانه لەو مادده قه‌ده‌غه‌كراو و به‌سه‌رچوو و پڕ له فرتوفێڵانه بپارێزرێن و له‌لایه‌كى تریشه‌وه له تاوان و لادان دوور بخرێنه‌وه، ده‌توانرێت له رێگەى پزیشكى پسپۆڕه‌وه له جیاتى ئه‌و مادده قه‌ده‌غه‌كراوانه‌وه، حه‌ب و ده‌رمانى تر وه‌ك جێگره‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه بنووسرێت، بۆ ئه‌وه‌ى واز له‌و مادده مه‌ترسیدارانه بهێنن و له‌هه‌مانكاتیشدا ورده ورده جه‌ستەیان له‌گه‌ڵ ئه‌و مادده جێگرەوانه كه زیان و مه‌ترسییان زۆر كه‌مه، ڕابێن و له‌و ژه‌هره‌ى یه‌كه‌مجاریش رزگاریان بێت به بێ ئه‌وه‌ى جه‌سته‌یان داواى بكات و نه‌توانن وازى لێبهێنن. به‌م شێوەیە ورده ورده له‌و مادده هۆشبه‌رانه دوور ده‌خرێنه‌وه تا له كۆتایدا به ته‌واوى وازى لێده‌هێنن، له‌هه‌مانكاتیشدا پێویستیان به داووده‌رمانى جێگرەوەش نابێت و دواى ماوه‌یه‌ك ئه‌وانیش به‌كار ناهێنن.
2 – كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕى مادده هۆشبه‌ره‌كان:
یه‌كێكى تر له رێگەچاره‌كان ئه‌وه‌یه به هاوكارى پزیشكى پسپۆڕ رۆژ له دواى رۆژ بڕى ئه‌و مادده هۆشبه‌ره‌ى به‌كارى ده‌هێنێ كه‌مى بكاته‌وه (نه‌ك یه‌كسه‌ر وازى لێبهێنێت)، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر رۆژى (10 گرام) له‌و مادده‌یەى به‌كارده‌هێنا، ئێستا ده‌بێت بیكات به (7) گرام، دواى ماوه‌یه‌كى تر بیكات به (5) گرام، دواى ماوه‌یه‌كى تر بیكات به (3) گرام، به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ى كه هه‌فته‌ى (2) گرام به‌كاربهێنێ، یان دواى یه‌ك مانگ (2) گرام به‌كاربهێنێ و دواتریش وازى لێده‌هێنێ و ئیتر به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كارى ناهێنێ.
3 – پرۆگرامى لابردنى ژه‌هر و پاشماوه‌ى مادده هۆشبه‌ره‌كان له جه‌سته‌دا:
گومانى تێدا نییه، كاتێك یه‌كێك بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر مادده‌ى هۆشبه‌ر به‌كارده‌هێنێ، ئه‌وا بڕێكى زۆر له ژه‌هر و پاشماوه‌ى ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه له جه‌ستەیدا ده‌مێنێته‌وه، ئینجا بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ئه‌و كه‌سانه بكرێت، ئه‌وا ده‌بێت له یه‌كێك له قۆناغه‌كانى چاره‌سه‌ركردن، له رێگەى پرۆگرامى تایبه‌تییه‌وه و له‌ژێر چاودێریى پزیشكى پسپۆڕدا، هه‌وڵى لابردنى پاشه‌ڕۆ و كاریگه‌رییه خراپه‌كانى ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه له له‌شى ئه‌و كه‌سانەدا بدرێت، تا له كۆتایى پرۆگرامه‌كه‌دا هه‌موو پاشه‌ڕۆ و كاریگه‌رییه خراپه‌كانى ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه لاده‌برێن و جه‌سته‌ى ئه‌و كه‌سانه پاكده‌كرێته‌وه.




