هۆکارەکانی گواستنەوە لە کوردستان و جەنجاڵیی رێگەوبانەکان

ئۆتۆمبێل یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان و فاکتەرێکی گرنگە لە بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنی ئابووریی هەموو وڵاتێکدا، هەر لە گواستنەوەی مرۆڤەوە بیگرە تا دەگات بە کەلوپەل و چەندین خزمەتگوزاری دیکەش، ئێستا بە رادەیەک گرنگیی پەیداکردووە، بووەتە ژمارە چوار لە پێداویستییە گرنگەکانی ژیانی رۆژانەی مرۆڤدا، واتە دوای خواردن، جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون دێت، ئەمە لایەنە پۆزەتیڤەکانی هۆیەکانی گواستنەوەیە.
لایەنە نێگەتیڤەکانی خۆیان لە زیانە گیانی و ماددیەکانیدا دەبیننەوە، ئەویش لە ئەنجامی ئەو رووداوانەی رۆژانە دەبنە هۆی چەندین کارەسات لە رێگە سەرەکییەکانی دەرەوە کە جەنجاڵییەکی زۆریان پێوە دیارە.
لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیاندا، ئێستا لە هەموو جیهاندا بایەخی زۆر بەو مەسەلەیە دەدرێت، ئەویش لە رێگەی یاساکانی هاتوچۆ و چەندین رێکخراو و دامەزراوەی تایبەتمەند بەم کارەوە، هەموو هەوڵەکانیش بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆی پەیوەست بە ئۆتۆمبێلە.
دڵنیابوون لە رێگەوبانەکان
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان، بنیاتنان و نەخشەکێشانی رێگەکانە، بە تایبەتی رێگەکانی دەرەوە، بە شێوەیەک کە مرۆڤ زیاتر دڵنیابێ لە بەکارهێنان و پێداڕۆیشتنی، چونکە رێگەوبان یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک. خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن هێڵی شەمەندۆفێر، یان هۆیەکانی دیکەی گواستنەوەی لەبەر دەستدا بێت، تا لە کات و شوێنی دیاریکراودا هاووڵاتیان بتوانن هاتوچۆی پێبکەن، بەڵام تا ئێستا نەکراوە و نیمانە، لە کاتێکدا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لەبری بەرزکردنەوەی باڵەخانە بێشومارەکان بیر لەوە بکرێتەوە کۆمپانیای هاوشێوەی (مصلحه نقل الرکاب)ی سەردەمی هەشتاکان دابمەزرێت کە جەنجاڵیی ناو شارەکانی کەمکردبۆوە.
ئێستا، هەمانە و نیمانە رێگە قیرتاوکراوەکانە کە هەندێکیان لە سەردەمی رژێمی پێشوودا دروستکراون و زۆر کۆنن، لەگەڵ ئەو رێگە نوێیانەی کە بەرهەمی حکومەتی هەرێمن، ئەمانە هەرچەندە رێگەی نوێن، بەڵام هیچ مەرجێکی دڵنیاییان تێدانییە و ئەوەش قەیرانی لە رێگەوبانەکانی هەرێمدا دروستکردووە کە رەنگدانەوەی راستەوخۆی پشتگوێخستن و گەندەڵییە، سەرباری خراپ بەڕێوەبردنی زوربەی تۆڕەکانی رێگەکان کە دۆخێکی خراپی بەرهەمهێناوە و بۆتە مۆتەکە و تەڵەی مردن و تیاچوونی هاووڵاتیان.
حکومەت خۆی بە بەرپرسیار نازانێت و منەتیش دەکات
کێشەی سەرەکی نەبوونی رێگەی دووسایدە، زۆربەی رێگەکان لە یەک هێڵ پێکهاتوون بۆ هاتن و چوونیش، ئەوەش رێژەی پێکدادانی زیادکردووە، کەموکووڕییەکانی رێگەکان و جیاکاری خزمەتگوزاریی لە نێوان ناوچەکانی هەرێمدا کە حکومەتە ماوە بەسەرچووەکەی هەولێر پەیڕەوی دەکات و بەردەوام منەتیش بەسەر هاووڵاتیاندا دەکات، گوایە خزمەتگوزاریی پێشکەش کردوون، بەڵام خۆی بە بەرپرسیار نازانێت بەرامبەر بە مافەکانی خەڵک و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی هاتوچۆ بە شێوەیەکی یەکسان کە پێداویستییەکی بنەڕەتییە و پێوەرە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
دروستکردنی رێگەوبان و شەقام منەت نییە، بەڵکو مافە، حکومەت خەرجیی تێچووەکەشی لە گیرفانی هاووڵاتیان کۆدەکاتەوە، ئەویش لە رێگەی نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەوە، دەسەڵاتێک بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی منەت بەسەر خەڵکدا بکات، لە راستیدا لە مانای حوکمڕانی و خزمەتگوزاری گشتی تێنەگەیشتووە، هاووڵاتیش ئامادە نییە سوپاسی بکات.

رێگە سەرەکییەکانی هاتوچۆی دەرەوە، پێویشتە مەرجی سەلامەتییان تێدا بێت



