شۆفێری تاكسی لە هەرێمی كوردستان

تاكسی یەكێكە لە ئامرازەكانی گواستنەوەی گشتی و پێداویستییەكی گرنگی هاووڵاتیانە بۆ رۆیشتن لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە، لێنەخوڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە دۆخی دیاریكراودا، وەك قەرەباڵغی، یان سەختیی دۆزینەوەی شوێنی پارككردن، یان بەكارنەهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت كاتی گەشتكردن بۆ شارێكی دیكە و رۆیشتن بۆ فڕۆكەخانە و…هتد، بۆیە بایەخدان بە كوالێتیی شۆفێری تاكسی زۆر پێویستە، چونكە دیاریی دەكات بەكارهێنانی تاكسی سەلامەتخوازنە و ئارامیبەخشە، یان مەترسیدارو ماندووكەرە.
لە وڵاتانی پێشكەوتوودا بایەخی زۆر بە راهێنانی شۆفێری تاكسی دەدرێت و هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ چەندین مەرجی گرنگ، ئامادەكاری، تێپەڕبوون بە تاقیكردنەوەی تیۆری و پراكتیكیی ئۆتۆمبێل لێخوڕین و خزمەتگوزاریدا تاكسی لێبخوڕێت.
ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان رینمایی ژمارە (11)ی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 2024دا مەرجەكانی بەدەستهێنانی مۆڵەتی تاكسی دیاریكردووە و زۆربەیان هەمان ئەوانەی وڵاتانی پێشكەوتوون، بەڵام كۆرسی راهێنانی شۆفێرانی تاكسی و تاقیكردنەوەی تیۆری و پراكتیكی فەرامۆشكراوە. ئەمە مانای ئەوەیە بایەخدان بە پیشەكاری و كوالێتیی شۆفێری تاكسی جێی سەرنجی وەزارەتی ناوخۆ نەبووە، كە كاریگەریی لەسەر سەلامەتیی هاتوچۆ و ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانە هەبووە كە پێشكەش بە سەرنشینەكان كراون.
لە وڵاتانی پێشكەوتوو بایەخی زۆر بە راهێنانی شۆفێری تاكسی دەدرێت، لە رووی لایەنی تیۆری و پراكتیكیی شۆفێری، چۆنییەتی پاراستنی پاكوخاوێنی و توندوتۆڵیی تاكسی، پاكوخاوێنیی شۆفێر، مامەڵەكردن لەگەڵ سەرنشینەكان و گروپی تایبەتیان (بەساڵاچووان و نەخۆشەكان). جا كاتێك لای خۆمان كۆرسی تایبەتی بەو بوارانە نەبێت، وەزارەتی ناوخۆ چ گەرەنتی و دڵنیاییەكیان هەیە ئەو شۆفێرانە پابەندی یاسا و رێساكانی هاتوچۆ دەبن و مامەڵەی شایستە و گونجاو لەگەڵ سەرنشینەكان دەكەن و خزمەتگوزاریی باشیان پێشكەش دەكەن؟.
ئەوانەی رۆژانە تاكسی بەكاردەهێنن و بەركەوتنیان لەگەڵ شۆفێری تاكسی هەیە، جا لەناو شارەكاندا بێت، یان نێوان شارەكان، شایەتیی ئەوە دەدەن كە پیادەكردنی تەنیا مەرجەكانی بەدەستهێنانی مۆڵەتی تاكسی و نەبوونی ڕاهێنان، پەروەردەكردن و تاقیكردنەوەكان كواڵیتی لەو بەشە گرنگەی گواستنەوەی گشتیدا لەدەستداوە و رۆژانە چەندین گرفتی سەلامەتی، پێشێلكردنی یاساكانی هاتوچۆ و مامەڵەكردنی ناشایستە رووبەڕووی هاووڵاتیان دەبێتەوە. بۆیە هیوادارم وەزارەتی ناوخۆ بەو خاڵەی ڕێنمایی ژمارە (11)دا بچنەوە و شوێنپێی وڵاتانی پێشكەوتوو، لە دروستكردنی شۆفێری تاكسیی كوالێتی بەرزدا، هەڵبگرن.
* شارەزای بواری هاتوچۆ



