بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

بۆچی بەردەم (ATM)ەکان جەنجاڵن؟

دوای بڕیاردان لە گۆڕینی سیستمی مووچە دابەشکردن لەناو فەرمانگەکانەوە بۆ سیستمی بانکیی و ئەلیکترۆنی، کۆمەڵێک ئاستەنگ هاتنەپێش کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەشێک لە کێشەکان هەرماون، مانگانە لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا سەرهەڵدەدەنەوە و دەبنە هۆکاری بیزارکەر بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان.
لێرەدا بە شێوەیەکی کورت باس لە هۆکار و چارەسەرەکان دەکەین:
1- هۆکارێکی گرنگ، نەبوونی ژێرخانێکی بانکیی باشە لە کوردستان، هەروەها ساڵانێکی زۆرە هاووڵاتیانی کوردستان سەروکارییان لەگەڵ بانک کەم ببۆوە، بە هۆکاری نەبوونی متمانە بە بانکەکان و ترسی فەوتان و دەستنەکەوتنەوەی پارەکانیان، لەبەر ئەوە گرنگترین کار گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیانە بە بانکەکان بۆ ئەو مەبەستەش پێوستە بانکەکان بەردەوام پرۆژە و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە بەشدابووەکانیان بکەن.
2- بڕیاری بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمی مووچە دابەشکردن، لە سەرتاوە بوو بە کێشە لە نێوان چەند لایەنێکدا کە ئەمەش هۆکاربوو بۆ ساردبوونەوە و دواکەوتنی کارکردن بەو سیستمە. 
3- نەبوونی هۆشیاریی سەبارەت بە بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و کارتی بانکی لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە گشتی و خانەنشینان بە تایبەتی کە زۆربەی کات ماندوودەبن تا مووچەکەیان وەردەگرن. پێویستە سەرجەم بانکەکانی بەشدار لە سیستمەکەدا رێنمایی ڤیدێویی و رێبەری کاغەزیی و روونکردنەوەی ئاسان بۆ بەکاربەرانیان بڵاوبکەنەوە، تا بزانن چۆن کارتی بانکی بەکار دەهێنن و مامەڵە بانکییەکانیان ئەنجام دەدەن.
4- کەمیی ژمارەی (ATM)ی بانکە بەشدارەکان لە شارەکانی کوردستان، کە سەرجەمیان نزیکەی 700 ئامێرە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە، چونکە ئێستا نزیکەی 950 هەزار مووچەخۆر بەشدارن لە سیستمەکەدا، هەر ئامێرێک نزیکەی هەزار و 350 مووچەخۆری بەردەکەوێت، هەروەها هەندێک ناوچە و شارۆچکە لەو ئامێرانەی تێدا دانەنراوە، بۆیە روودەکەنە شارەکان، ئەمەش قەرەباڵغی و کێشەی زیاتر دروستدەکات. بۆیە پێویستە ژمای (ATM)ی سەرجەم بانکەکان بە پێی ژمارەی دانیشتوان و مووچەخۆران زیادبکرت.
5 -سیستمی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچە تەنیا گۆڕینی سیستمی پارەدان نییە لەناو فەرمانگەکانەوە بۆ سەر ئامێرەکانی (ATM)، بەڵکو هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەدا، پێویستە تەواوی کۆمپانیا و سۆپەرمارکێت و دوکاندار و کاسبکارانیش هانبدرێن بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی و دانانی ئامێری (pos) لە شوێنی کارەکەیان، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن کەمتر کار بە پارەی کاش بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی کێشەی نەمانی نەختینە و کەمتر پەنابردن بۆ ئامێری راکێشانی پارەی کاش.
6- خەمساردیی بانکەکان لە پڕنەکردنەوەی (ATM)ەکان لە رۆژانی پشوو و دواکاتەکانی دەوامی کارکردندا، کێشە دروست دەکات، هەروەها بانکەکان تەنیا ئەو دوو سێ رۆژەی بڵاوبوونەوەی لیستی مووچە پارە دەکەنە ئامێرەکانەوە، لەوەودوا ئامێرەکان وەک پێویست پڕناکرێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی مووچەخۆر بە یەکجار مووچەکەی رابکێشێت، چونکە دەزانیت کاتەکانی تر پارەی تێدانییە، بۆیە پێویستە حکومەت فشار بخاتە سەر بانکەکان بۆ ئەوەی بەردەوام ئامێرەکان پڕبکەنەوە، تا ئەو متمانەیە لای هاووڵاتیان دروست ببێت کە هەموو پارەکە رانەکێشن، یاخود پەلەیان نەبیت لە راکێشانی مووچەکەیان.
سیستمی مامەڵەی ئەلیکترۆنی، سیستمێکی بازنەیی و تەواوکارییە، بۆیە بۆ جێبەجێکردن و سەرکەوتنی سیستمەکە پێویستە تەواوی بڕگەکانی جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا بە نەبوونی بڕگەیەکیان دەبێتە کێشە و نەپێکانی ئامانجی سیستمەکە، سەرەنجام دەبینین مانگانە کە هاووڵاتیان دەست دەکەن بە گلەیی و گازندە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *