بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

ئاوێنە شکاوەکان؛ کاتێک لە دەوری یەکترین و یەکتر نابینین

دیمەنەکە زۆر ئاشنا و لەهەمانکاتدا زۆر نامۆیە، کاتێک چوار هاوڕێ، یان ئەندامانی خێزانێک لە دەوری یەک مێز دانیشتوون، قاوە، یان چاییەکەی بەردەمیان گەرمە و هێشتا هەڵمی لێ هەڵدەستێت، بەڵام ساردییەکی بێدەنگ باڵی بەسەر پانتایی نێوانیاندا کێشاوە، راستە جەستەکان لە تەنیشت یەکن، بەڵام رۆحەکان لە پشت شاشە بریقەدارەکانی دەستیانەوە کۆچیان کردووە بۆ جیهانێکی تر، ئەوان لەیەککاتدا هەم لە تەنیشت یەکترن و هەم لە یەکتر دوورن، ئەمە دەستپێکی ئەو قەیرانەیە کە دەکرێت ناوی بنێین سڕبوونی بینین، مرۆڤی هاوچەرخ لەژێر کاریگەریی تۆفانی تەکنۆلۆژیادا تووشی جۆرێک لە لێڵبوونی بینین بووە، ئێمە لەم سەردەمەدا بەردەوام تەماشا دەکەین، بەڵام نابینین، جیاوازییەکی قووڵ لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە، تەماشاکردن پرۆسەیەکی میکانیکی و خێرایە وەک ئەو پەنجە خێرایەی بەسەر شاشەی مۆبایلەکانماندا دەیخلیسکێنین و بە چرکەیەک باز بەسەر وێنە، خەم و خۆشییەکانی ئەوانی تردا دەدەین، بەڵام بینین پرۆسەیەکی رۆحی و هاوسۆزییە، بینین واتە کاتێک سەیری سیمای هاوڕێکەت، یان هاوسەرەکەت دەکەیت گرنگە لە نیگای چاوەکانیان تێبگەیت کە ئەمڕۆ چەندە ماندوون، یان لە لەرەی دەنگیدا هەست بە کێشە و خەمەکانی بکەیت، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەوەیە ئێمە ئێستا تەنیا تەماشاکەری یەکترین نەک بینەری یەکتر، شاشە زیرەکەکان بوونەتە ئاوێنەیەکی شکاو لە بەردەم پەیوەندییە مرۆییەکانماندا، ئەم ئاوێنە شکاوانە تەنیا ئەو پارچە بریقەدار و نواندنە دەستکردانەمان پیشان دەدەن کە خەڵکی خۆیان دەیانەوێت بڵاویبکەنەوە، کاتێک بەردەوام سەیری ئەم دیمەنە ساختە و جوانکراوانە دەکەین ئیتر مێشکمان وا رادێت کە جیهان کێڵگەیەکی بێ کێشەیە و پێویستی بە هاوسۆزی نییە، لێرەوە سۆز و بەزەیی رەسەن لە دڵماندا بەرەو هەڵوەرین دەچێت، کاتێک هاوسۆزی دەمرێت مرۆڤ روودەکاتە تاکگەراییەکی توند و بێدەنگ کە تێیدا هەمووان لەناو جەنجاڵی و قەرەباڵغیدا هەست بە تەنیاییەکی کوشندە دەکەن.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم نامۆبوونی دەروون و ژینگەیە، پێویستمان بە بازدانێکی راستەقینە هەیە، پێویستمان بەوەیە جارێکی تر فێری چاو لێبڕین ببینەوە، دەبێت بوێریی ئەوەمان هەبێت جاروبار مۆبایلەکانمان سەروبن دابنێین، دیواری کۆنکرێتیی شاشەکان بڕوخێنین و پردێکی زیندوو لەنێوان دڵەکانماندا دروست بکەینەوە. با چیتر رێگە نەدەین ئاوێنە شکاوەکانی دەستمان سیمای راستەقینە و دڵ لێدانی ئەو ئازیزانەمان لێ بشارنەوە کە لە تەنیشتمانەوە دانیشتوون و چاوەڕێی چاوپێکەوتنێکی راستەقینەن.
ئەم دابڕانە نەبینراوە تەنیا کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکو مەترسییەکی قووڵە لەسەر داهاتووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان، کاتێک زمانی چاوەکان پشتگوێ دەخرێت و گفتوگۆ گەرمەکان جێگەی خۆیان دەدەن بە نامەی سارد و بێ رۆح، ئیتر وردە وردە توانای تێگەیشتن لە ئازاری بەرامبەر لەدەستدەدەین، ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە تێیدا ژمارەی هاوڕێ دەستکردەکانمان لە زیادبووندایە، بەڵام لە کاتی تەنگانەدا کەسێک شک نابەین دەستمان بگرێت، راستی وایە کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت لەناو قەفەزی تەنیاییدا بە بەختەوەری بژی، بۆیە ئەو شاشە بچووکانەی کە بڕیار بوو دوورییەکانمان بۆ نزیک بکەنەوە، کەچی لە راستیدا نزیکەکانیان لێ دوور خستینەوە، تەنیا چارەسەر گەڕانەوە بۆ لای یەکتر و ژیاندنەوەی چرکەساتە رەسەنەکانە، دواجار ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە کە ناکرێت چیتر دوابخرێت.
با لەم خاڵەوە دەست پێبکەین: کاتێک لە دەوری مێزێک کۆدەبینەوە گوێگرتن بکەینە پێشینەی کارەکانمان، با رێگە بدەین دەنگەکانمان تێکەڵی یەکتر بن و سۆزی راستەقینە لەنێوانماندا هاتووچۆ بکات، چوونکە ژیان کورتترە لەوەی لە پشت پەردەی خەیاڵیی جیهانی دەستکردەوە بە فیڕۆی بدەین، کاتی ئەوە هاتووە ئاوێنە شکاوەکان وەلا بنێین و بەچاوی دڵ سەیری سیمای راستەقینەی ژیان و مرۆڤەکانی دەوروبەرمان بکەین، پێش ئەوەی بێدەنگی هەموو شتێکمان لێ داگیر بکات

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *