بەڕێوەبەری گرێبەستەکان لە سامانە سروشتییەکان: 140 هەزار بەرمیل نەوت مافی هەرێمی کوردستانە
پووختەى هەواڵەکە
- خەزاڵ هۆستانی: دەتوانین بەنزین بکەینە 450 دینار ئەگەر بەغداد 16 دۆلار تێچووی دەرهێنانەکەی بدات.
- خەزاڵ هۆستانی: حکومەتی فیدراڵ ڕۆژانە زیاتر لە 30 ملیۆن لیتر بەنزین لە ئیمارات دەکڕێت
- خەزاڵ هۆستانی: هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بە ڕێژەی 14٪ بودجەی بۆ کڕینی بەنزین پێبدرێت
د.خەزاڵ عەبدوڵا هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تایبەت بۆ کەناڵ8، باسی لەوەکرد، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بە گوێرەی ئەنجامی کۆتا سەرژمێری، بە ڕێژەی 14٪ لەو یەک ملیۆن بەرمیل نەوتەی کە دەیپاڵێوێت، پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت کە دەکاتە 140 هەزار بەرمیل نەوت و بەوە دەتوانن خواستی ناوخۆ پڕبکەنەوە.
تەواوى زانیارییەکان
- پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ بەنزین ڕۆژانە شەش بۆ حەوت ملیۆن لیتری ڕۆژانەیە.
- هۆستانی: لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەی عێراق داوایان کردووە بەگوێرەی دەستوور و یاسا مامەڵە بکرێت و کێشەکان چارەسەربکرێت و هەرێمی کوردستان مافی خۆی وەربگرێت.
- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کێشەی نییە 140 هەزار بەرمیل نەوت عێراق خۆی بەرهەمی دەهێنێت و دەینێرێتە هەرێمی کوردستان.
- 140 هەزار بەرمیلەکە هی هەرێمی کوردستان خۆی بێت بەڵام عێراق تێچووی بەرهەمهێنانەکەی بدات کە 16 دۆلارەکەیە.
- گرنگ ئەوەیە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بەردەستبکرێت.
- عێراق بڕی 2850 دینار بۆ بە یەک لیتر بەنزین، خەرج دەکات کە لەدەرەوە هاوردەی دەکات، بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ خەرج دەکات.
- هۆستانی: مافی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە ئەویش سوودمەندبێت لە خەرجکردنی بڕە پارەیەک بۆ پاڵپشتی بەنزین یاخود هەرێمی کوردستانیش بڕێک بەنزین هاوردە بکات یاخود لە هەمان کۆمپانیا و وڵات بیکڕێت کە عێراق لێی دەکڕێت و دادپەروەری بەدیبێت لەوبارەیەوە.
- هۆستانی: هەوڵدەدەن هەموو ئاسانکارییەک بکەن بۆ بازرگانان تاوەکو هاوردەکردنی بەنزین زیاتر بکەن بۆ ئەوەی بەرهەم زیاتر بێت و نرخەکەی دابەزێت دەشڵێت، قەیرانەکە جیهانییە.
ئەوە لە کاتێکدایە، تیمێکی تەکنیکی و باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە چەندین بەڵگەنامە و پێشنیازی نوێوە چوونە بەغداد، وەک دوایین هەوڵ دەبینرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ، تاوەکو نرخی یەک لیتر بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت




