بەهۆی تەقینەوەیەک لە حەسەکە پیاو و منداڵێک گیانیان لەدەستدا

تەقینەوەیەک لە بەردەم کۆشکی داد لە شاری حەسەکەی رۆژئاڤای کوردستان روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
د. خالید خالید بەرێوەبەری تەندروستی حەسەکە، بە ئاژانسی هەواڵەکانی سوریای راگەیاند: بەهۆی تەقینەوەکەوە پیاوێکی تەمەن 30 ساڵان و منداڵێکی 13 ساڵان گیانیان لەدەستداوە،کەسێکیش بریندار بووە
دەشڵێت: قوربانییەکان هیچ ناسنامەیەکیان پێنیە، بۆیە ناسنامەیان دیار نییە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند: تەقینەوەکە نزیکەی سەعات 9:30 دەقیقە روویداوە، کە بەهۆی بۆمبی دەستییەوە ئەنجامدراوە، دوای روداوەکەش هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و هێڵێکی ئەمنییان لە دەوروبەری کۆشکی داد دروست کردووە، هەروەها بریندارەکەیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر هۆکار و چۆنیەتی روداوەکە دەستپێکردووە.




