جینۆسایدی کورد.. تاوانی ئەنفال

(1-2)
بۆچی ئێستا؟
دوای ئەم هەموو ساڵە، بۆچی ئێستا دەست دەکەم بە خوێندنەوەیەکی «فەلسەفی ـ سۆسیۆلۆژی» بۆ ئەم کتێبەی «تەها سلێمان»؟ ئەم پرسیارە پێش ئەوەی پرسیاری خوێنەربێت، پرسیاری خۆمە و 10 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەوکاتەی کە نووسەر بە وردی ئەو بەڵگانەی کۆکردەوە و رێکیخستوون و لەکتێبێکی شایستەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون، بەڵام ئەوەی ئێستا هانیدام بۆ گەڕانەوە بۆ ئەم دەقانە، تەنیا هۆکاری کەسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژوویی و سیاسییە.
من وەک نووسەر و فیلمسازێکی خەڵکی گەرمەسێر (خانەقین)، شایەتی زیندووی بەشێک لەو تراژیدیایانەم کە بە ئەنفال ناسراون، بەشداربوونم لە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و شایەتیدانم لە دادگاکان سەبارەت بە کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانم زیادکردووە و گەڕانەوەشم بۆ ئەم کتێبە، لە هەمانکاتدا، هەوڵێکە بۆئەوەی ئەنفال لە بازنەی دروشمە سیاسییە موجەڕەدەکان رزگار بکرێت و ببێتە بابەتێکی نوێی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ.
لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای عیراق ساڵی 2006 بە رەسمی دانی بەوەدا نا کە ئەنفال جینۆساید بووە، بەڵام ئەم دانپێدانانە تائێستا لە چوارچێوەی سیمبولی و رەسمی تێنەپەڕیوە، حکومەتی فیدراڵی عیراق هێشتا خۆی لە زۆرێک لە ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکان نەخستووەتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی و جێبەجێکردنەوە لە ئاست (پرسی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بە قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال گەیشتووە، دابینکردنی مافە دارایییەکان و گەڕاندنەوەی دۆخی دیمۆگرافی ناوچە کوردستانییە بە عەرەبکراوەکان بۆ دۆخی سروشتی خۆیان، هێشتا بەشێوەیەکی تەواو جێبەجێ نەکراون).
لەو ناوچانەی کە ساڵانێک بوونە مەیدانی سیاسەتی گۆڕینی ناسنامە و بە عەرەبکردن، ئاسەوار و کاریگەریی ئەو سیاسەتانە هێشتا زیندوون، ئەگەر دانپێدانان بە جینۆساید لەگەڵ بەرپرسیاریی یاسایی و ئابووری و سیاسی نەبێت، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە ببێتە تەنیا کردارێکی رەمزی و بێ ناوەڕۆک. لێرەوەیە کە پرۆسەی (کارکردن لەسەر یادەوەری) واتای خۆی دەدۆزێتەوە، چونکە یادەوەری، ئەگەر لە ئاستی دەق و وتاردا بمێنێتەوە و نەگۆڕدرێت بۆ دادپەروەری و چارەسەری سیاسی، ناتوانێت برینە مێژووییەکان چاکبکاتەوە.
لە هەمانکاتدا، ئەنفال نابێت تەنیا وەک لۆکاڵی کوردی بخوێنرێتەوە، ئەم تاوانە پێویستی بەوەیە بگوازرێتەوە بۆ زمانی جیهانی؛ زمانی فەلسەفە، یاسا و مافی مرۆڤ. بۆیە هەوڵی ئامادەکردن و وەشانێکی عەرەبی بۆ ئەم خوێندنەوەیە، تەنیا کاری وەرگێڕان نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆئەوەی ئەنفال بکەوێتە ناو گفتوگۆی جیهانی جینۆسایدناسی، لە تەنیشت هۆلۆکۆست و رواندا و کامبۆدیا و تەواوی تاوانەکانی دیکەی دنیادا.
ئەگەر بیرەوەرییەک بە دۆسێیەکی زیندوو نەگۆڕدرێت، ئەگەر دەوڵەت بەرپرسیاری خۆی لە بەرامبەر قوربانیان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان وەرنەگرێت، مەترسی ئەوە هەیە کە مێژوو، جارێکی تر، لەژێر بارودۆخێکی نوێدا، خۆی دووبارە بکاتەوە واتە دووبارەبوونەوەی تاوانەکە هەمیشە مەترسییە لە پێشماندا.
تێبینییەکی ببلیۆگرافی پێش هەرشتێک
کتێبی (جینۆسایدی کورد.. تاوانی ئەنفال)ی تەها سلێمان، لە 534 لاپەڕەدا، بەشێوەیەک رێکخراوە لەنێوان چوار جۆری نووسیندا، چاپی یەکەم 2016 نووسینی تیۆری – چەمکی (پێناسەی جینۆساید، مێژووی چەمکەکە، بڕیاری ژمارە 260ی نەتەوە یەکگرتووەکان)، نووسینی مێژوویی – بەڵگەنامەیی (هەشت قۆناغی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، 7-2-1988 تا 6-9-1988)، نووسینی یاسایی – دادگایی (دۆسێی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، 2006، لیستی 423 تۆمەتبار و ناوی 258 تۆمەتباری دیاریکراو)، لە کۆتاییدا، بەشێکی گەورە بۆ شایەتحاڵ و دەق و وێنە تەرخانکراوە، ئەم فرەڕەهەندییە بۆ خۆی دەبێتە هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەم کتێبە شوێنێکی تایبەت لە کتێبخانەی ئەنفالناسیدا وەربگرێت و بە واتایەکی تر. کتێبەکە نە تەنیا بەڵگەنامەیە و نە تەنیا شایەتییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ رێکخستنی هەردووکیان لەژێر یەک بنەمای زانستیدا. ئەمە خۆی دەکاتە خاڵی سەرەکی هەر خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و پرسیارەکە نابێتە ئەوەی ئایا ئەنفال جینۆسایدە یان نا؟ کە کتێبەکە وەڵامی داوەتەوە، بەڵکو دەبێتە ئەم بەڵگانە، ئەم ژمارانە، ئەم شایەتییانە، چۆن دەگۆڕدرێن بۆ تێگەیشتنێکی فەلسەفی – سۆسیۆلۆژی لە شێوازی بوونی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی لەناوبەرەوە؟
لە دروشمەوە بۆ گوتار و پرسیارێکی پێشوەختە
نووسەر لە پێشەکیدا پرسیارێکی بنەڕەتی دەکات، یان دادەنێت کە دەبێتە پەنجەرە بۆ هەموو خوێندنەوەیەکی فەلسەفی: ئایا کورد توانیویەتی لە رێگەی (بەعس ناسییەوە) ئەنفال و باکگراوەندی مەترسییەکانی بناسێت و بیخاتە ژێر جەدەل و گفتوگۆوە؟ یان تائێستاش ئەنفال لەناو چوارچێوەی گوتاری کوردیدا لە بازنەی دروشمێکی سیاسی موجەڕەد نەچووەتە دەرەوە؟ ئەم پرسیارە بۆ خۆی جۆرێکە لە شیکاری فینۆمینۆلۆژیانە: چۆن رووداوێک کە لەڕووی یاسایی و ئامارییەوە بە تەواوی ناسراوە و بەڵگەشی بۆ سەلماندنی هەیە دەتوانێت لە هەمانکاتدا لە ئاستی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا بە نەناسراوی بمێنێتەوە؟ ئەمە دیاردەیەکە کە وەک «پۆل ریکۆر» ناویلێناوە «فەرامۆشکاری چاک» (loubli actif)؛ واتە لەبیرچوونەوە کە بەهۆی زۆر شایەتحاڵ و زۆر بەڵگە نەبووە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی چیرۆکی – فکری کە بەڵگەکان تێیدا بگۆڕدرێن بۆ مانا. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئەو چوارچێوەیە، بەڵام وەک لە خوارەوە باسی دەکەین چوارچێوەکەی زۆرتر یاسایی – بەڵگەنامەییە وەک لە فەلسەفی.
چوارچێوەی چەمکی: لە لێمکین بۆ فایرشتاین
چەمکی جینۆساید، وەک نووسەریش لە سەرەتای کتێبەکەدا وردیکردووەتەوە، لە ساڵی 1948 لە رێگەی بڕیاری ژمارە (260)ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فۆرمی یاسایی وەرگرتووە، بەڵام رەگەزەکانی (وەک رافائیل لێمکین لە ساڵی 1944دا دایڕشتبوون) لە دوو تەوەری سەرەکیدا کۆدەبنەوە: کوشتنی جەستەیی (genos-cide بە واتای وشەیی) و لەناوبردنی بنیاتی کۆمەڵگە وەک کۆمەڵگە. لێمکین بە ئاشکرا جیاوازی دەکات لەنێوان کوشتنی تاکەکەسەکان و لەناوبردنی پاڵنەری هاوئاهەنگ بۆ لەناوبردنی بنەماکانی ژیانی نەتەوەیی گروپەکان. ئەمە بۆ ئەنفال گرنگە، چونکە کتێبەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد لە رێگەی سەرژمێریی گوندە رووخاوەکانەوە (وەک نموونەی 42 گوند) و دیاریکردنی ئۆردوگاکانی زۆرەملێ، هەر ئەم دوو رەهەندە، واتە لەناوبردنی بنیاتی کۆمەڵگە، بەرجەستە دەکات: ئامانج تەنیا کوشتنی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی شێوازی ژیانی گوندنشینی کوردی، لە شوێن و زمان و کشتوکاڵ و رەوابوونی مافی نیشتەجێبوونەوە. لێرەدا دەتوانین قسەکانی نووسەر بخەینە بەرامبەر تیۆری زیاتری هاوچەرخی وەک ئەوەی دانیێل فایرشتاین، کە جینۆساید بە «تەکنۆلۆژیای دەسەڵات» (tecnología de poder) دەناسێنێت، واتە شێوازێکی بەرنامەڕێژکراوی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیی لەنێوانی هەشت قۆناغەکەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال کە کتێبەکە بەوردی باسی دەکات و رێکیخستووە، لەم روانگەیەوە دەتوانرێت وەک نموونەیەکی کلاسیکی ئەو «تەکنۆلۆژیایە» بخوێنرێتەوە: هەر قۆناغێک شوێنی جوگرافی و شێوازی گوندی تایبەت بە خۆی هەبوو، واتە بەرنامەڕێژییەکی بیرۆکراتی بۆ لەناوبردن، نەک تەنیا شەڕێکی بێسنوور.
خوێندنەوەیەکی فەلسەفی
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی کتێبەکە، پشتبەستنە بە ئامار و لیستی ناوەکان: (423 تۆمەتبار، 258 ناوی دیاریکراو، ژمارەی گوند بە گوند، ژمارەی قوربانییان بە هۆزەوە». ئەم شێوازە بۆ خۆی دەبێتە دۆزینەوەیەکی فەلسەفی گرنگ ئەگەر بە چاوی جۆرجۆ ئاگامبێنەوە لێی بڕوانین. ئاگامبێن لە کتێبی «هومۆ ساکەر»دا باس لە دیاردەیەک دەکات کە پێی دەڵێت «ژیانی رووت»، ئەو جۆرە بوونەوەرێتییەی مرۆڤ کە لە هەموو مافێکی سیاسی و یاسایی توند دەکرێتەوە و دەگۆڕدرێت بۆ تەنیا ئامانجی ژێردەستەیی، لەم روانگەیەوە لیستی ناوەکان و ژمارەکان لە کتێبەکەی تەها سلێماندا، دووجار مانایان هەیە: یەکەم وەک بەڵگەنامەی یاسایی بۆ سزادانی تاوانباران، دووەم (کە کەمتر ئاماژەی پێدراوە) وەک نیشانەی ئەو پرۆسەیەی کە بەهۆیەوە مرۆڤی کورد لە «کەسێک بە ناو و شوێن و ژیان»ەوە گۆڕدرا بۆ ژمارەیەک لە ناو لیستی قوربانیان. کتێبەکە بە دانانەوەی ناوەکان دووبارە هەوڵی «کەسایەتیدانەوە» بە قوربانییەکان دەدات (کارێکی ئەخلاقیی گرنگ)، بەڵام لە هەمانکاتدا، بەبێ ئاگاداری تیۆری، خۆی دەخاتە ناو هەمان لۆژیکی ژمارەکردنەوە کە دەوڵەتی بەعس بۆ رێکخستنی کوشتن بەکاریهێنابوو، ئەمە ناکۆکییەکی بنەڕەتییە کە هەموو نووسینێکی دۆکیۆمێنتاری جینۆساید تووشی دەبێت: چۆن مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی لە رێگەی هەمان تەکنیکی ژمارەکردنەوە کە دەسەڵات بۆ لەناوبردنی بەکاریهێنا؟



