ئایا ئێمە بیردەکەینەوە، یان بیرمان بۆ کراوەتەوە؟

بیرکردنەوە پرۆسەیەکى ئەقڵییە و مرۆڤى ژیر بیردەکاتەوە. بیرکردنەوە رێگەیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە دیدى (ئەلێکساندەر لۆریا 1973)وە. بیرکردنەوە چالاکییەکى ئەقڵییە و مێشک ئەم کارە دەکات، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کەسانێکى زۆر هەن بیر ناکەنەوە، بەڵکو بیریان بۆ کراوەتەوە، یان تا ئێستاش بیریان بۆ دەکرێتەوە.
ئەمانەى سەرەوە دەمانبەن بۆ پرسیارێکى سادە، بەڵام ئایا بیرکردنەوەکانى پێشووتر بێکەڵکن؟ دەکرێت هەموویان فەرامۆش بکەین؟ لە راستیدا چەندە ترسناکە مرۆڤێکى تەمبەڵ بیرنەکاتەوە و شوێنى بیرکردنەوەکانى ئەوانى تر بکەوێت، بەو ئەندازەیەش مەترسییدارە کە هەموو بیرکردنەوەکانى پێشووتر رەتبکەینەوە. چونکە لە پێش ئێمەوە چەندان کەس بیریان کردووەتەوە و ئەوەى لەبەردەستى ئێمەدایە زانستێکى کەڵەکەبووە و دەرئەنجامى ئەزموون و تاقیکردنەوە و بیرکردنەوەکانى ئەوانەى پێش خۆمانە، بۆیە ناکرێت بڵێین هەموو بیرکردنەوەکانى پێش خۆمان بێکەڵکن. هاوکات ناشکرێت بڵێین هەموو بیرکردنەوەکانى پێش ئێمە بەسوودن و هەقیقەتن، چونکە بە فلتەرى ئێمەدا نەڕۆیشتوون و پێویستە گومانیان لێ بکەین و بەڵگاندنیان بۆ بکەین و ئەنجامگیرییان بۆ بکەین.
ئێستا دێینەوە بۆ خاڵى سەرەتا، ئایا بەڕاستى بیردەکەینەوە، یان بیرمان بۆ کراوەتەوە؟ لە راستیدا بەشێک بیردەکەنەوە زۆرجاریش بیرکردنەوەکەیان بە هۆشیارییەکى رەخنەییەوەیە، واتە شیکردنەوە دەکەن بۆ بیرۆکەکان و گومان دەکەن و بەڵگاندن دەکەن، دواتر هەڵسەنگاندن و بڕیارى دروست دەدەن. بەشێکى تر ناڕەخنەییانە بیریان کردووەتەوە و بیردەکەنەوە، واتە چێکى زانیارییەکان ناکەن و جیاوازیی ناکەن لەنێوان فاکت و بیروبۆچووندا. هەندێکى تر لەبەر تەمبەڵى، یان بیروباوەڕى ساختە هەر بیرناکەنەوە بەڵکو خۆیان رادەستى بیرکردنەوەى پێشووتر، یان بیرکردنەوەى ئەوانیتر، یان ئەتنیک و جڤاکێکى لەخۆیان گەورەتر کردووە کە زۆرجار خۆی بەرجەستە دەکات لە خێڵ و هۆز و سیاسەتمەدار، یان کەناڵێکى تەلەفزیۆندا.
کۆمەڵناسی ئەمریکى ولیام گراهام سۆمنەر هەر زوو لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا هەستى بە بایەخ و گرنگى بیرکردنەوەى رەخنەیی کرد. هەر زوو لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا Folkways:1906 باس لەوە دەکات کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کۆمەڵێک نەریت و رەفتار فێری تاکەکان دەکات کە پێیان دەگوترێت رێوشوێنى نەریتى، یان بیروباوەڕی گشتی. هاوکات بیرکردنەوەی رەخنەیی توانای پرسیاڕکردنى هەیە لەم رەفتارە کۆمەڵایەتییانە، لەبری ئەوەی وەک راستییەک وەریان بگرێت.
کەواتە دەکرێت ئێمە سوود لە بیرکردنەوەکانى پێشووتر وەربگرین و بیکەینە بنەما بۆ بیرکردنەوەکانمان بەتایبەت بیرکردنەوە لۆژیکییەکان، بەڵام کاتێک فێربووین رەخنەییانە بیربکەینەوە ئیدى تواناى گومانکردن، پرسیارکردن، هەڵەنگاندن و بڕیاردانى ژیرانەمان بۆ تەواوى بیرۆکەکانى چواردەورمان دەبێت و لەو رێگەوە دەتوانین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانمان و گەیشتن بە راستییەکان رەخنەییانە بیربکەینەوە.



