سەباح نوعمان: 30 ئەیلوول دوواین وادەیە بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان

پووختەی هەواڵەکە:
- سەباح نوعمان: وادەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان درێژ ناکرێتەوە.
- سەباح نوعمان: 30 ئەیلوول دوواین وادەی کۆکردنەوەی چەک نییە.
- سەباح نوعمان: بەلای زەیدییەوە پێکدادان لەگەڵ گرووپەکان هێڵی سوورە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، 30 ئەیلوول دوواین وادەیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەهیچ شێوەیەک وادەکە درێژ ناکرێتەوە، جەختیش دەکاتەوە، کە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پەیوەندیی بەو وادەیەوە نییە.
ئامادەکارییەکانی حکومەت
- هەموو ئامادەکارییەک بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کراوە.
- هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەشێک لە بنکەکانیان کشاونەتەوە و ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتی بەردەوامن.
- هیچ درێژکردنەوەیەک لە وادەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ناکرێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کراوە و 30ـی ئەیلوولی داهاتوو، دوواین وادەیە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکان.
گوتیشی، هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەشێک لە بنکەکانیان کشاونەتەوە و ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتی بەردەوامن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، هیچ درێژکردنەوەیەک لە وادەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ناکرێت، دەڵێت، ئەو وادەیە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە کراوە.
سەباح نوعمان گوتیشی، هێزە عێراقییەکان ئامادەن بۆ ئەوەی ئەرکەکانیان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن، دۆسییەی ئەمنی بگرنەدەست، هەروەها لەو وادەیە بەدواوە، عێراق دەبێتە وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواوەتی.
وادەی 30ئەیلوول پەیوەندی بە کۆکردنەوەی چەکەوە نییە
لە وەڵامی ئەوەی ئایا 30 ئەیلوول دوواین وادەیە تاوەکو گرووپەکان چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکەن؟ سەباح نوعمان گوتی، ئەو وادەیە پەیوەندی بە کۆکردنەوەی چەک نییە لەدەستی دەوڵەتدا، بەڵام لە دوای 30ـی ئەیلوولەوە هیچ پاساوێک بۆ بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێت.
پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک پێویستی بە کاتی زیاترە
ڕاشیگەیاند، پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، پرۆسەیەکی نیشتمانییە و پێویستی بە گفتوگۆ و کاتی زیاترە، دەبێت بە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، هەموو پێکدادانێک لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان هێڵی سوورە.



