لیژنەی دارایی داوای دواخستنی لابردنی سفرەکانی دینار دەکات
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کرد کە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گۆڕینی دراو و لابردنی سفرەکانی سەر دینار دوا بخرێت.
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، ئەم ڕێکارەی لیژنەکە دوای ئەوە هات کە میوانداریی پارێزگاری بانکی ناوەندییان کردبوو بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکەی پرۆسەکە. لابردنی سفرەکانی سەر دینار تەنیا بە گۆڕینی شێوە یان چاپکردنی پارەی نوێ کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستی بە ڕێکار و هەموارکردنی ڕیشەیی کۆمەڵێک یاسا و سیستەمی دارایی وڵات هەیە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی لیژنەی دارایی کە ئیمزای عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەکەی بەوەکالەت لەسەرە، گۆڕینی شێوەی دراوەکە بەبێ لێکردنەوەی سفرەکان لە ناو دەسەڵاتە ئاساییەکانی بانکی ناوەندییە، بەڵام پرۆسەی «لابردنی سفرەکان» پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت لەلایەن پەرلەمانەوە هەیە.
لیژنەکە پێنج خاڵی سەرەکیی وەک بەربەست خستووەتە ڕوو و جەختیکردووەتەوە کە گۆڕینی نرخ و ڕاستکردنەوەی دراوەکە پێویستی بە هەمووارکردنی یاساکانی پەیوەست بە پێژاردن، سزای دارایی و پابەندییە یاساییەکان لە چوارچێوەی یاسای مەدەنی و بازرگانیی عیراقدا هەیە




