شەهید جەمالی عەلی باپیر، سیمبولی ئازایەتی

شەهید جەمالی عەلی باپیر، فەرماندەی هەرێم و كادری دیاری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، هەر كەناوی دێتە بەر باسوخواس، زیاتر وەك پێشمەرگە و فەرماندەیەكی ئازا وێنا دەكرێت و دێتە بەرچاو، بەڵێ ئەوە راستە لەو بوارەدا پیاوێكی هێندە ئازا و كاریگەربوو، وەك نمونەیەكی دەگمەن ئاماژەی بۆ دەكرێت، بەڵام ژیانی ئەو كەسایەتییە تەنیا لەوەدا كۆتایی نایەت، بەڵكوو تێكەڵەیەك بوو لە هۆشیاریی شۆڕشگێڕانە و نەرمونیانی لەگەڵ خەڵكدا، خۆ ئەگەر سیاسەتی دوژمنكارانەی داگیركەران بەرامبەر كوردستان وا نەبوایە كە كوردی ناچاركرد بە بەرپاكردنی شۆڕش و خەباتی چەكداری، ئەوا جەمالی عەلی باپیر، رەمز و پێشەنگێكی دیكە دەبوو لە بوارەكانی دیكەی ژیاندا، بەڵام واقیعی تاڵی ئەو رۆژگارە، زۆر لایەنی ژیانی كاك جەمالی داپۆشی.
شەهید جەمال، لە گەڵ دەورووبەریدا پەیوەندییەكی بەتینی كۆمەڵایەتیی هەبوو، لە بواری وەرزشیشدا ناوبانگ و پێگەیەكی بەهێزی هەبوو، بە تایبەت لە شاری سلێمانیدا كە تائێستاش جێپەنجەی بەو بوارەوە دیارە و وەك رەمزێكی وەرزشیی شارەكە و كوردستان، لە بیرەوەریی خەڵكدا ماوەتەوە، جگە لەوەی خۆی پاڵەوانی راكردنی ماوەدرێژ بووە، لە ساڵانی شەستەكاندا دوو تیپی تۆپی پێی لە سلێمانی دروستكردووە، دواتر هەر دوو تیپەكەی لە یەكدا و وەك وەفایەكیش بۆ شەهید كەمال سەلیم، ناوی نا (تیپی وەرزشیی كەمال سەلیم)، ئەو تیپە ئاستێكی هێندە بەرزی هەبوو، ناوبانگی بە هەموو كوردستاندا بڵاوبۆوە.
بەگشتی شەهید جەمال لە هەر كایەیەكی ژیاندا هەڵسوڕابێت، خۆشەویستی و سەركەوتنی گەلەكەی بنەمابووە لە كارنامەی ئەودا، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە دواجاردا وەك فەرماندەیەكی بەهێزی پێشمەرگە بناسرێت.
ساڵی 1945 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە و لە قۆناغی خوێندنیدا، یەكێك بووە لە ئەندامە چالاكەكانی دیدەوانیی سلێمانی، ساڵی 1959 لە ریزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا دەستی بە خەبات كردووە و ساڵی 1962 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول.
هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ و لە مانگی 7/1976 بوو بە پێشمەرگە و مەفرەزەیەكی لە دۆڵی جافایەتی پێكهێناوە، ئەزموونی ئازایەتییەكەی لە شەڕەكانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا، گورجوگۆڵی و خۆڕاگریی و ئاستی بەرزیی هۆشیارییەكەی وایكرد كە بە خێرایی لە شۆڕشی نوێدا دەركەوێت و لە ساڵی 1977دا كرایە فەرماندەی كەرت، ساڵی 1978یش كرایە جێگری فەرماندەی هەرێمی چوار و هەر لەو ساڵەدا كرایە فەرماندەی هەرێمەكە.
شەهید جەمال، لەكارەساتی هەكاریدا بە ئازایەتی خۆی رزگاری بوو و یەكێك بوو لەو حەوت كەسەی كە خۆیان گەیاندەوە بارەگای سەركردایەتی لە قەندیل.
بەشداریی و فەرماندەیی زۆر شەڕی گەورە و قارەمانانەی كردووە لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێدا، بوێری و ئازایەتییەكی سەرسوڕهێنەری هەبوو، شارەزاییەكی زۆریشی لە داڕشتنی نەخشە و دانانی پلانی شەڕی بەرەیی و پارتیزانیدا، هەبوو.
بەداخەوە، رۆژی 20/8/1981 لە نەبەردییەكدا، لە نزیك گوندی (سێكانیان)ی دۆڵی دۆڵی جافایەتی، لەگەڵ پۆلێك پێشمەردا، شەهید كران.



