بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

            نامە چوکلێتییەکان وەک ئامڕازێکی ڕاگەیاندن

د. بەهادین محەمەد داڵە

   ناکرێت کاتێک قسە لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵی مرۆڤایەتی بکرێت، بەبێ قسەکردن لەسەر نوسین. کە پایەیەکی گرنگی ئەو گەشەکردنەی کۆمەڵی مرۆڤایەتی بووە بە درێژایی مێژوو. نوسین لە ڕووی بیروهزری مرۆڤەوە هۆکارو هەنگاوێکی گرنگی شارستانییەت بووە و لە هەمانکاتدا ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی لە سەر ژینگەی کۆمەڵایەتی و تەرزی بیرکردنەوەی مرۆڤ هەبووە. بەگواستنەوەی لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر، هەر لە ژیان و گوزەرانێکی ئاساییەوە، تا گەیشتووتە شۆڕشی پیشەسازی و چاخی زانیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری ئەمڕۆ.

    داهێنانی نوسین هەنگاوێکی گرنگ بوو، بۆ دەربڕینە زارەکییەکانی سەردەمی خۆی، بەو هەنگاوەش نوسین گەشەی بە مێژووی زارەکی داوە، لە ڕێگای گواستنەوە لە گۆکردنی زارەکییەوە بۆ قۆناغی تۆمار کردن بە نوسین، کە ئەمەیان زیندوترو درێژماوەتر بووە بۆ کەڵک لێوەرگرتن. بازدان لە قۆناغی گۆکردنی زارەکییەوە بۆ جیهانی تۆمارکردن بە نوسین، ڕوداوێک و گۆڕانکاریەکی گەورە بوو نەک هەر لە بواری خستنەڕووی وشەو پیتەکاندا، بەڵکو هەنگاو و پێشکەوتنێکی گەورەش بوو لە شێوازی بیرکردنەوە و قسەکردندا پێکەوە. پەیوەندی نێوان نوسین و گۆکردنی زارەکی، پەیوەندییەکی بەهێز و قوڵە. ئەستەمە کاتێک باس لە زمان دەکرێت بتوانرێت نوسین پشتگوێ بخرێت و بە پێچەوانەشەوە. سەرەتا بۆ ئەوە دەکرێت ئاماژەیەکی کورت بە هەردووکیان بدرێت کە:

   ١-زمان: گۆکردنی زارەکیانەی وشە و ڕستە و کۆپلەیەکە، لە ڕێگای ئامڕازێکی گەیاندنەوە کە پێی دەگوترێت ( زمان)، کە هەردوولایەن ( گۆکەر و گوێگر)، بۆ گەیاندن و وەرگرتنی بەکاری دەهێنن. بە مەبەستی گەیاندن و وەرگرتنی بیرۆکەیەک، لەسەر بابەت و ڕوداوێک کە بەلای هەردووکیانەوە جێگای بایەخ و گرنگی پێدانە. لە کرۆکی پەیامە نێردراوەکەدا بیر و بۆچوون و بابەتێک هەیە و پێکەوە تاوتوێی دەکەن، کە لەتوانادا نییە بەبێ گۆکردن و بەکارهێنانی زمان وەک ئامڕازێک، بتوانن ئەنجامی بدەن.

٢-نوسین: کاری تۆمارکردن و کردەی جێگیرکردن (چەسپاندنی)، ئەوەیە کە لە زمانی گۆکەرێکەوە، دەردەچێت و بە ئامڕازێک بەناوی (پێنووس) دەنووسرێتەوە و دەنێردرێت بۆ وەرگر یا وەرگران. هەروەها نووسین دەربڕی مانای ماکی (مادی)، ئەو وشەو ڕستەو دەقانەیە کە لەڕێگای زمانەوە گۆ دەرکرێت و دەردەبڕدرێت.

داهێنان و ڕێچکەیەک بەرەو نووسین

    مرۆڤ هەزاران ساڵ تەنها لە ڕێگەی زمانەوە، سەرەتا بە قریوە و قریشکە و کڕوزانەوە و نوزانەوە و ناڵەوە، ئەوەی هەستی پێدەکرد دەرێبڕیوە، بە تێپرینی قۆناغی زۆر دواجار گەیشتە ئەوەی بتوانێت وەشە گۆ بکات. دەکرێت ئەو گواستنەوەیە لە دەربڕینی پچڕپچڕەوە بۆ وشەی تەواو بگێڕدرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی گەشەی کشتوکاڵی، کە لە هەزارەی سێیەمی بەر لەزایندا بەتەواوی چەسپا. لێرەوە مرۆڤەکان بەهۆی دروستکردن و جیاکردنەوەی زەوی تایبەت بەخۆی لەوانی تر دابڕابوو. بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندی و گۆڕینەوەی زانیاریەکان، کاتێک دەنگی پێیان نەگەیشتووە، بیری لە هۆکارو ئامڕازێک کردۆتەوە تا بەئاگا بێت لێیان.

   داهێنانی نووسین بایەخی یەکجار گەورەی لەسەر گەشەکردنی ئاستی بیرکردنەوەی  مرۆڤ داناوە، ئەو بایەخەش لەوێدا دەردەکەوێت کە دواتر ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر گواستنەوەی ئەو لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی گەشەکردووتر لە بواری کۆمەڵایەتی و ژینگەی کۆمەڵایەتی و گەشەدان بە کشتوکاڵ. مرۆڤی سەرەتایی لە هەڵگژان بەدارەکاندا بۆ لێکردنەوە و خواردنی بەری دارەکانەو ڕاوکردنەوە، گواستەوە بۆ نیشتەجێبوون و خۆ سەرقاڵکردن بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە. لەوێوە مرۆڤ توانی ژیانێکی ئارام ترو مسۆگەر تر بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ئەو گۆڕانکارییە چۆنایەتییە بۆ مرۆڤ کرانەوەی دەرگای بیرکردنەوە تێڕوانینێکی نوێی بۆ هێنایە ئاراوە. لێرەدا بەکورتی قۆناغەکانی داهێنانی نووسین لای مرۆڤ جگە لە گۆکردنی زارەکی دەخرێنە ڕوو:

  ١-قۆناغی سەرتایی بۆ دەربڕینی وشەکان:

   بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤ لە مێژوودا، نووسینیش چەندین قۆناغی تەی کردووە تا گەیشتووە بەمڕۆ. سەرەتا مرۆڤ بۆ گەیاندنی خواستەکانی خۆی بەوانی تر، بۆ ئەوە هێڵکاری لەسەر دیواری ئەشکەوت و گابەردەکان هەڵکۆڵیوە تا لە بەرانبەرەکەی بگەیەنێت کە چی دەوێت. دواتر ئەوەی گواستەوە بۆ هەڵکۆڵین لەسەر خشتە قوڕینەکان و لەوێوە هەنگاوێکی تر چووە پێشەوە، دەیتوانی ئەو خشتانە بنێرێت بۆ شوێنە دورەکانیش و لێرەوە مەودای ناردنی نوسینەکانی سنوری ئەشکەوت و گابەردەکانی تێپەڕاند.

   ٢-قۆناغی هێڵکاری تەواو:

   لەم قۆناغەدا، هەڵکۆڵین و نوسینەکانی مرۆڤ گەشەکردنێکی زیاتریان کرد، مرۆڤ لەو سەردەمەدا ئەوەی ویستویەتی بیخاتە ڕوو لەسەر شێوازی هێڵکاری ڕوونتر وێنەی کردوون و تێگەیشتن لێیان ئاسانتر بووە.

  ٣-قۆناغی هێمایی و وێنەیی:

   مرۆڤ دوابیرکردنەوە بۆ زیاتر تێگەیاندنی بەرانبەر، هەوڵی داوە لە گەڵ هێڵکاری مەبەستەکەیدا وێنەشی دابنێت، تا وەرگری پەیامەکەی زیاتر پەی بە پەیامەکەی ببات. واتا کاتێک بە هێڵکاری باسی خۆری کردووە لە پاڵدا بازنەیەکیشی دروست کردووە، تا وەگری پەیامەکەی زیاتر تێبگەیەنێت.

شێوازەکانی نووسینی نامە

   نووسینی نامە پەیوەستە بەهەر سێ ڕەگەزی گەیاندنەوە، کە (نێرەر، گوازەرەوە، وەرگر)ە، هۆکاری ناردنی نامە ئامانجێکی لە پشتەوەیە، بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەکە و بایەخ پێدانی لەلایەن وەرگرەوە، پێویستە ناوەرۆکەکەی: سادە، چڕ، پوخت و بێ زیادەڕۆیی بێت. لێرەدا شێوازەکانی نووسینی بە کورتی دەخرێتە ڕوو:

  ١-خۆ بواردن لە بەکارهێنانی ڕستەی درێژ و ئاڵۆز، هەروەها پێویستە ڕەچاوی سادەیی لە دەربڕینی وشە و ڕستەسازیدا کرابێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی وشە و زاراوەیەک کەوەرگر پێی ئاشنابێت. تا وەرگری نامەکە بتوانێت لەگەڵ خوێندنەوەی نامەکەدا لە ماناو چەمکە بەکارهاتووەکان تێبگات.

  ٢-دەبێت ڕەچاوی قاڵبی داڕشتنی نووسینی نامە بکرێت، کە بریتین لە: ناونیشان یا سەرەتا، بەروار، ناونیشانی نێرەر، ناونیشانی وەرگر و واژۆی نێرەری نامە.

  ٣-بایەخدان بە وەرگری نامە: لە نوسینی نامەدا پێویستە ڕەچاوی: نزیکایەتی، ئاستی ئاشنایەتی، ئاستی ڕۆشنبیری، پلەو پۆست، لە داڕشتن و جۆری خستنەڕووی بابەتەکانی ناواخنی نامەکەدا بکرێت.

  ٤-بایەخدان بە ناوەرۆکی نامەکە: کاتێک نێرەری نامە، لە نووسینی نامەکەدا پەیامێک دادەڕێژێت، باشترە لەدوای چەند ڕستەیەک بچێتە سەر کرۆکی بابەتەکەی کە ئامانجی نوسینی نامەکەیەتی. گەر ئەوە ڕەچاو نەکات وەرگر ناتوانێت بزانێت کام بەشەی نامەکە ئەوەیە کە پێویستە بایەخی پێ بدات و پێویستە وەڵامی بداتەوە. بەگشتیی لە داڕشتنی نامەدا لای نێرەرەوە، دەبێت ڕەچاوی: کورت نووسی، پوخت نووسی، دروست نووسی، جوان نووسی، هەروەها ڕەچاوکردنی خاڵبەندی کرابێت، تا پەیامەکە وەرگیراو بێت.

دووەم: نامەچوکلێتییەکان و وەک کردەی گەیاندنی پەیام

   کاتێک باس لەنامەی چوکلێتی دەکرێت، ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات بۆچی نامەکان بەوشێوەیە دەپێچرێنەوە و بەشێوەیەکی ئاسایی نانووسرێن و نانێردرێن؟. وەڵامەکە بەو شێوەیەیە، کە کاتێک ترس و بیمێک بۆ نامەنێرەر و وەرگرەکەی لە ئارادابێت، کاتێک ڕژێمێکی داگیرکەر بوونی هەبێت. ئیتر پێویست بەوە دەکات خۆپارێزی ڕەچاو بکرێت و شێوازی ناردنەکەش گۆڕانکاری بەسەردابێت. ئەو شێوازەی ناردنی نامەی چوکلێتیش لەو وڵاتانەدا برەوی پەیداکردووە کە داگیرکەر چۆکی لەسەر خاک و ئازادییەکانییان داداوە و ڕێگای ڕزگاری و بە ئاشتی ژیانکردنی لێ زەوتکردوون. لێرەوە دەستە نهێنییەکانی نەتەوەی خاک و نیشتیمان داگیرکراو دەکەونە خۆ بۆ دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی سیاسی بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو سەختیانە و لێرەوە نامەچوکلێتییەکان دەبنە بڵندگۆی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی.

   لەمێژووی جوڵانەوە و بزووتنەوەکانی کورددا، سەرتا بەهۆی لەبەردەستدا نەبوونی تەکنەلۆژیای ڕاگەیاندنەوە لە (بێتەل، ڕۆژنامە، ڕادیۆ و…). کورد پەنای بۆ نووسینی نامەی چوکلێتی بردووە، تا دەنگی خۆی بگەێنێتە ڕێکخستنەکان و دەست پارتیزانەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر کە تا ئاستێک شێوازێکی پارێزراوتری لە چاو نامەی تردا لە خۆگرتووە.

نامەی چوکلێتی لە جێگاکانی تری جیهان و ناو شۆڕش و بەگژداچوونەوەکانیاندا، هەر ناولێنانێکی هەبووبێت، بەڵام لاى کورد بە نامەی چوکلێتی ناودێرە. ئەونامانە بە شێوازی چوکلێت، لولەیی و نوشتەیی، دەپێچرانەوە، بەڵام هەر پێیان گوتراوە چوکلێتی. ئەو نامانە بە تێپی ڕوون دەپێچرانەوە تاکاتێک ڕوداوی ئاشکرابوون بهاتایەتە پێشەوە، هەڵگری نامەکە بە ئاسانی قووتی بدات و خۆی لە دستگیرکردن بپارێزێت. نامە نوشتەییەکانیش بۆ دەربازکردن دەدران لە تەوێڵی منداڵێک، تا لەگومانی بازگەو مەفرەزەکانی دوژمن پارێزراوبێت.  ئامانج لە نووسین و ناردنی ئەونامانە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، بۆ ناردنی فەرمان و ڕێنمایی و گۆڕانکارییەکانی ئەو لایەنە بوو تا ئاگاداری هەنگاوەکانی سەرکردایەتی خۆیانبن. جگە لەوەش داوای زانیاریان لێدەکردن لەسەر هێزەکانی دوژمن، کوردە هاوکارەکانی هێزەکانی دوژمن، وە هەواڵی زوڵم و زۆرداریەکانی ئەمن و سوسەکار (سیخوڕ)ەکانی سەر بە ڕژێم و فەرمانی دەست وەشاندن لەو هێزانە.

   نامەچوکلێتییەکان، لەسەرەتادا بە وشەو کۆپلە (دەقی) ئاشکرا دەنووسران، بەڵام پاش دەستگیرکران، یا بەدەستەوەدانی نامەکان بە هێزەکانی داگیرکەر، لێرەوە نووسینی نامەکان چوونە قۆناغێکی ترەوە و نامە زۆر نهێنییەکان بە بەکارهێنانی هێما و پەڕلە (رمز و شیفرە)، دەنوسران تا گەر کەوتە بەر دەستی دوژمنیش نەتوانێت شانە نهێنییەکان و ڕایەڵەی ڕێکخستن و دەستە پارتیزانەکانی ناو شار بدۆزێتەوە. جگە لە نامەی سەرانی جوڵانەوەی کورد لە ناو زیندانەکانیشدا ئەو نامە چوکلێتیانە بۆ ناردنی زانیاریەکانی ناو زیندان و لە قاودانی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە بەگرتدان و دەستگیرکرانیاندا، لەر ڕێگای ئەو نامانەوە دەنارد بۆ سەرو خۆیان.

   ئەوەی نامەی چوکلێتی لە نامەی ئاسایی جیادەکردەوە، ڕەچاونەکردنی ڕەگەزەکانی نووسینی نامە بوو، کە (ناوی ئاشکرای نێرەر، ناوی گوازەرەوی نامە، ناوی وەرگری نەمە) کە هەمووی بە ناوی خوزراو دەنوسرا. لێرەدا ناساندنێکی کورتی هەرسێ ڕەگەزەکە دەخرێنە ڕوو:

  ١-نێرەری نامە: ئەو کەس و لایەنانە بوون، کە بۆ ئامانج و کارێکی دیاریکراو، لە ڕێگای ئەو نامانەو پەیامێکی دیاریکراویان دەنارد بۆ کەسێکی سەرپەرەشت یافەرماندە، لە جێگایەک تا ئاگاداربکرێتەوە لە بابەتێکی دیاریکراو تا ڕایبسپێرێت بۆ ئەنجامدانی، جا ئەرکەکە چ سیاسی، ڕێکخراوەیی یا سەربازی بێت.

  ٢-نامەی چوکلێتی: ئەو دەقە نووسراوەیە، کە ڕوونکردنەوەیەک، ئەرکێک یا ئاگادارکردنەوەیەک لە ڕێگای نووسین بە (وشە، هێما و پەڕلە)، دەنوسرێت و لەڕێگای نامەبەرێکی جێی متمانەوە دەگاتە دەستی وەرگرەکەی. جا دەقەکە: سیاسی، سەربازی، ڕێکخراوەیی، یا فەرمان و گۆڕانکایی بێت.

تەتەرو ئەرکەکانیان:

   ئەوکەسانی بۆ کاری تەتەری دیاری دەکران، لە جوڵانەوەکانی کورددا، ئەرکی هێنان و بردنی نامەکانیان پێ دەسپێردرا، بە تەتەر ناوزەد  کرابوون. ئەوانە کەسانێک بوون کە: جێگای متمانە، خۆشڕۆ، چالاک، نهێنی پارێزبوون لە هاتن و چوونداو شارەزاییەکی تەواویان لەسەر ئەو ناوچانە هەبوو، کە نامەکانیان بۆ دێناو دەبرد. دەکرێت تەتەرەکان بەم جۆرە ڕیزبەندی بکرێن:

  ١-تەتەری پیادەڕۆ: لەو کەسانە هەڵدەبژێردران، کە لەش سوک وچالاک وخۆشڕۆ بوون، بەتەواوی شارەزای ناوچەکانی خۆیان بوون. بەزۆری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدابوون، بەزۆری لەناو پێشمەرگەو ڕێکخستنەکاندا هەڵدەبژێردران بۆ ئەو ئەرکە.

  ٢- تەتەری سوارە: ئەو کەسانەبوون کە لە جێگا دوورە دەستەکانەوە، دەچوونە ئەو جێگایانەی کە تراکتەر یا ئۆتۆمبێلی لێبوو تا بیانباتە شارۆچکەو شارەکان، بۆ گەیاندنی نامە چوکلێتیەکان. کە زۆرتر ئەوانە بوون تەمەنیان نەگەیشتبوو تەمەنی سەربازی، یاخوێندکار بوون، لەو ئەرکە مەترسیدارەدا زۆرتر کچان و ژنان بەشدار دەبوون و لە ناو جل و بەرگیاندا دەیان شاردەوە یا دەکرایە نوشتەو لە بەرۆک یا تەوێلی منداڵیک دەدرا تا گومانی ئاشکرا بوونی نەىێت. بەشێوەیەکی گشتیی ئەرکی تەتەر مەترسیدار و لەگەڵ ئەوەشدا ئەرک و پێسپاردنی کارێکی مایەی شانازی بوو.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close