هێزەکانى دژەتیرۆر تیرۆرستێکی داواکراویان دەستگیر کرد

لە راگەیەندراوێکدا هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر رایدەگەیەنێت: لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان تیرۆرستێکی داواکراوى خەڵکی بەغداد، نیشتەجێى سلێمانى دەستگیر بکەن، کە پێشینەی پەیوەندی و کارکردنی لەناو رێکخراوی تیرۆرستیی داعش-دا هەبووە.
دەقى راگەیەندراوەکە:
پاش بەدواداچوون و پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگری ورد، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان تیرۆرستی داواکراو (قوسەی محەمەد شوکر مەحمود) لەدایکبووی ساڵی 1981 و خەڵکی بەغدا، دەستگیربکەن؛ کە پێشینەی پەیوەندی و کارکردنی لەناو ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش هەبووە.
بەپێی دانپێدانانەکەی، لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە کردووە و سەرەتا لە چالاکییەکانی پەیوەست بە مزگەوت و بانگەوازدا بەشداری کردووە. هەروەها دان بەوەدا دەنێت کە لەسەر دەستی کەسێک بە ناوی «ئەبو ئەیوب» بەیعەتی ڕێکخراوەکەی کردووە و بۆ ماوەی نزیکەی حەوت تا هەشت مانگ لەو بوارەدا کاری کردووە.
دواتر چەکی پێدراوە و خراوەتە ناو کاری پاسەوانی، هەروەها مانگانە بڕی 180 هەزار دیناری وەک کەفالە وەرگرتووە.
دوای ڕووخانی ڕێکخراوەکە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتووە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێبووە، لە ئێستادا ڕادەستی یاساکراوە بەمەبەستی سزادانی.




