هەوڵی لێپرسینەوە لە عەلی زەیدی لە پەرلەمان دەدرێت

هەفتەی رابردوو بڕیار بوو عەلی زەیدی سەردانی سعوودیە بكات، بەر لەوە ئەو سەردانی واشنتن و تاران و ئەنقەرەی كرد، لە ئەمەریكا بەڵێنی بەردەوامبوون لە هەردوو هەڵمەتی داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دا، كە هێزە سیاسییەكانی شیعە و میلیشیاكان بە هەردوو هەڵمەتەكە رازی نەبوون و بە دوای بەربەستێك دەگەڕان بۆ وەستاندنی، بۆیە هێرشەكانی سعوودیە بۆ ئەوان بووە پاساوێك و ئێستە داوای لێپرسینەوە لە زەیدی لە پەرلەمان دەكەن
ئێستە پەرلەمانتارانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پەرلەمانی عێراق خەریكی كۆكردنەوەی واژوون بۆ سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان و مێوانداریكردنی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك فەرماندەی تەناهی بەهۆی هێرشە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و سعوودیە لە هەفتەی رابردوو بۆ سەر میلیشیاكان و حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەگەرچی تا ئێستە پەرلەمان بە فەرمی هیچی رانەگەیاندووە، كە هاوكات تاقیردنەوەیەكی كردەنییە بۆ حكوومەت و پەرلەمان و مەبەست لێ بەدەستهێنانی دەسكەوتی سیاسییە بۆ هێزەكانی چوارچێوە.
بەپێی میدیاكانی عێراق فراكسیۆنی سادیقوونی سەر بە گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق داوایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بۆ سازكردنی دانیشتنەكە لە ماوەی 48 سەعات و مێوانداریكردنی زەیدی و وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بۆ زانینی ئاخۆ ئەوان چ رێوشوێنێكیان بەرانبەر بە هێرشەكان وەرگرتووە.
پەرلەمانتارێك ئاشكرای كرد كە هێشتا سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵوێستی خۆی لەوبارەوە یەكلا نەكردووەتەوە و ئەگەر دانیشتنەكە ساز بكرێت، بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسییە، ئەو لایەنانە دەیانەوێ زەیدی شەرمەزار بكەن و وەك بێتوانا لە پاراستنی سەروەریی عێراق پێشانی بدەن، رای گشتی لە دژی هان بدەن و هەوڵ دەدەن واز لە هەڵمەتی داماڵینی چەكەكانیان بێنێت.



