شاندی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەدان

پووختەى هەواڵەکە
- شاندى هەرێمى کوردستان لە دوێنێوە لە بەغدادە.
- دەستى بە کۆبوونەوە فەرمییەکانى کردووە.
- جیاوازییەکان زۆرن چاوەڕواندەکرێت دانوستانێکى سەخت بکرێت.
زانیاریى ئەوە بە کەناڵ8 گەیشت، شاندى باڵاى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لە کاتژمێر 10 و 30ـى خولەکى پێش نیوەڕۆوە لەگەڵ فالح سارى وەزیرى دارایى عێراق لە کۆبوونەوەدایە، تەوەرى سەرەکیش پرۆژەیاساى بودجە و پشکى هەرێمى کوردستانە.
ئامانجى شاندەکە:
- گفتوگۆ و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکان.
- لێکتێگەیشتن بۆ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
پێکهاتەى شاندەکە:
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
دیارترین ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد:
هەرێمی کوردستان داوا دەکات، پشکی لە بودجە بە ڕێژەی %14.14 بێت لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری گشتیی کە ئەنجام درا. حکومەتی بەغداد پشکی هەرێمی کوردستانى بە %12.7 دیاری کردووە.
بەغداد داوا دەکات هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل ڕادەست بکات، هەرێمى کوردستان بەوە ڕازیی نییە و دەیەوێت 250 یان 280 هەزار بێت.
عێراق دەڵێت داهاتی باج و گومرگ سیادییە و دەبێت بگەڕێتەوە ناوەند، هەرێمى کوردستان دەڵێت سیادی نییە.
پڕۆژە بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق گوژمەکەى بە 200 تاوەکو 240 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هەرێمى کوردستان داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە بۆ مووچە و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و داواى دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەستیشی کردووە.
پێش چوونى شاندەکە و سێشەممە فەرمانگەى میدیا و زانیارى لە ڕاگەیێنراوێکدا داوایکرد مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە ڕاستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە کە ببێتەهۆی دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی شایستەکان دوور بخرێنەوە.
داوشیکردبوو لە بودجەی فیدراڵیدا میکانیزمێکی ڕوون و جێگیر بۆ دابینکردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دانرێت.



