ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

مۆڵەت و حەسانەوە لە قوتابخانە بۆ منداڵەکان پێویست نین

84

«كاك دكتۆر من مامۆستام له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌ ناحكومییه‌كان، ئێستا به‌ نیازم بۆ ئه‌م ساڵى خوێندنە بچم بۆ قوتابخانه‌یه‌كى تر، به‌ڵام ئه‌وان به‌ پێى سیستمى مۆنتیسۆرى كار ده‌كه‌ن و حه‌ز ده‌كه‌م هه‌ندێك زانیاریم له‌سه‌ر سیستمى مۆنتیسۆرى پێ بده‌یت».
بە بڕواى مۆنتیسۆرى مۆڵەت و حەسانەوە لە قوتابخانە بۆ منداڵەکان پێویست نین و دەبنە هۆى بە فیڕۆدانى کاتى زێڕین و گرنگى منداڵ و تێکدانى سیستم و رۆتینى ژیان، لەبەرئەوەى منداڵ هەست بە ماندوبوون ناکات و پێویستە کاتەکانى پشوو، مۆڵەت بۆ کۆمەڵێک چالاکى جۆراوجۆر و تێرکردنى حەز و ئارەزووى منداڵ تەرخان بکرێن.
بە بڕواى مۆنتیسۆرى ملکەچبوون و سەپاندنى راوبۆچوونى گەورەکان بەسەر منداڵدا پێویست نییە، بەڵکو ئەوەى پێویستە دەبێت منداڵ لە رێگاى وەرگرتنى تام و چێژ و خۆشى لە چالاکى و یارییەکانییەوە فێرى رێزگرتنى گەورە و ملکەچى ببێت، نەک لە دەرەوە لە رێگاى گەورەکانەوە بەسەریدا بسەپێنرێت .
بە بڕواى مۆنتیسۆرى هێزى ویست لە رێگاى بێدەنگییەوە پێوانە دەکرێت، واتە لە رێگاى دووبارەبوونەوەوە تا ماوەى بێدەنگى منداڵ زیاتر بێت و بتوانێت خۆى رابگرێت و چاوەڕوانى نۆرەى خۆى بکات، ویست و ئیرادەى بەهێزتر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش مۆنتیسۆرى بە دەنگى بەرز منداڵەکانى بانگ نەدەکرد، بەڵکو لە رێگاى پسکەپسک و بەگوێدا چرپاندن منداڵەکانى بانگ دەکرد و لە هەمانکاتیشدا لەکاتى رۆیشتنى منداڵ بۆلاى دادە، یان مامۆستاکەى زۆر بە هێواشى و لەسەرخۆ دەچوو بە بێ ئەوەى دەنگ لە پێیەکانییەوە دەربچێت و سەرنجى منداڵەکانى تر رابکێشێت، ئەمەش دەبووە هۆى ئەوەى منداڵەکانى تر زۆرتر چاوەڕوان بن تا نۆرەیان دێت و بانگ دەکرێن، ئەم چاوەڕوانییەش بۆ ماوەیەکى زیاتر دەبێتە هۆى بەهێزکردنى ویست و ئیرادەى منداڵ، کە ئەم سیفەت و خەسڵەتەش زۆر گرنگە بۆ کەسێتى منداڵ لە داهاتوودا. 
پێویستە منداڵ ئامادە بێت بۆ چاولێکەرى و لاساییکردنەوەى مامۆستاکەى، لە هەمانکاتیشدا پاڵنەرى ناوخۆیى بۆ تەواوکردنى کاروچالاکییەکانى هەبێت و سوور بێت لەسەر تەواوکردنى کارەکەى و لە نیوەى رێگادا واز نەهێنێت، بە بڕواى مۆنتیسۆرى نابێت گەورەکان دەست بخەنەن ناو کاروبار و چالاکییەکانى منداڵ و پێویستە رێگاى پێ بدەن بە ئازادانە کارەکانى خۆى بکات، بەڵام کاتێک کار و چالاکییەک دەکات و ئەو کارە زیانى بۆ منداڵ دەبێت، ئا لەو کاتانەدا پێویستە مامۆستا و گەورەکان دەست بخەنە ناو کار و چالاکییەکانى منداڵ و رێگرى لێبکەن بۆ ئەوەى زیان بە خۆى و کەسانى چواردەورى نەگەیەنێت .
منداڵ لە رێگاى بەکارهێنانى دەستەکانییەوە زۆر شت فێر دەبێت، لەبەرئەوە ئەرکى دایک و باوک و مامۆستایە کە بەردەوام ئاسانکارى بۆ منداڵ بکەن بۆ ئەوەى هەردوو دەستى بەکاربهێنێت، واتە کۆمەڵێک یاریى و چالاکیی هەیە دەبێت لەبەردەستى منداڵ هەبێت بۆ ئەوەى بەکاریان بهێنێت و لە رێگەیانەوە زانیاریى پێویست دەربارەى جیهان فێرببێت. بە بڕواى مۆنتیسۆرى باشترین رێگا بۆ فێرکردنى منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت، لەبەرئەوەى گەشەى زمان و تواناى قسەکردنى وەک پێویست نییە و زۆر دواکەوتووە، لە رێگاى هەستەوەرەکانییەوەیەتى بەم شێوەیەى لاى خوارەوەیە:
أ- هەستەوەرى دەستلێدان (بەریەککەوتن): پێویستە کاغەز و یاریى جۆراوجۆر لەبەردەستى منداڵ دابنرێت بۆ ئەوەى دەستى لێبدات و لە رێگەیانەوە زانیاریی پێویست دەربارەى (زبرى، لووسى، گەرمى و ساردى، باریکى و ئەستوورى و…هتد)ی کەل و پەلەکان فێرببێت.
ب- بیستن: دایک و باوک و دادەکان دەتوانن لە رێگاى جیاکردنەوە و ناسینەوەى جۆرەها دەنگ و تۆن و ئاوازەوە گەشە بە تواناى بیستنى منداڵ بدەن، هەروەها دەکرێت لە رێگاى تەلەفیزیۆن و ئایپادەوە منداڵ فێرى دەنگى باڵندە و ئاژەڵەکان بکرێت و دواتر جیاوازى لەنێوانیان بکات و دەنگەکان بناسێتەوە.
ج- هەستەوەرى بینین: دەتوانرێت لە رێگاى کەل و پەل و یارییەکانەوە گەشە بە هەستەوەرى بینینى منداڵ بدرێت و فێرى ئەوە ببێت کە جیاوازى لەنێوان (درێژى و پانى و کورتى و رەنگ و بارستایى و شێوە و ئەندازە جیاوازەکان و پیت و ژمارەکان و…هتد) بکات و فێرى ناوەکانیشیان ببێت.
د- راهێنانى منداڵ لەسەر پشت بەخۆبەستن، پێویستە هەر لە منداڵییەوە لە رێگاى جۆرەها چالاکییەوە منداڵ فێرى پشت بەخۆبەستن بکرێت، دایک دەتوانێت داوا لە منداڵە سێ ساڵەکەى بکات کە لەکاتى نانخواردن هاوکارى بکات، بۆ نموونە لایەکى سفرەکە بگرێت، یان قاپێک بهێنێت، یان کەوچکەکان ریز بکات، یان کاتێک باوکى سەبارەکەى دەشوات سۆندەکە بدات بە باوکى، یان پەڕۆکەى بۆ بهێنێت، یان بەشى خوارەوەى سەیارەکەى لەگەڵ وشک بکاتەوە، واتە بە پێى تەمەن و توانا و ئاستى گەشەکردنى منداڵ دەتوانرێت گۆڕانکاریى لە جۆرى کار و چالاکییەکاندا بکرێت و رۆژ لە دواى رۆژ کارى زیاتر بدرێت بە منداڵ بۆ ئەوەى پشت بە خۆى ببەستێت و بەردەوام چاوى لە دەستى کەسانى تر نەبێت.
ئامانجەکانى قوتابخانەى ماریا مۆنتیسۆرى
پێش ئەوەى ئاماژە بۆ ئامانجەکانى قوتابخانەکەى مۆنتیسۆرى بکەین پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە پێى سیستم و بۆچوونەکانى مۆنتیسۆرى دەتوانرێت منداڵ دواى ئەوەى تەمەنى دەبێت بە دوو ساڵ، یان دوو ساڵ و نیو لەگەڵ منداڵانى تەمەن شەش، یان حەوت ساڵ فێرببێت و کارێکى ئاساییە ئەگەر لەگەڵ منداڵانى گەورەتریش فێربکرێن، بەبڕواى مۆنتیسۆرى منداڵەکان تام و چێژى تایبەت لەو جۆرە فێربوونە وەردەگرن، لە گرنگترین ئامانجەکانى قوتابخانەکەى مۆنتیسۆرى ئەمانەى خوارەوەن:
1 – سەربەخۆیى و جەختکردنەسەر تەرکیز
 لە پێناو پاراستنى سەربەخۆیی و کەسێتى منداڵ پێویست ناکات مامۆستا منداڵ ئاراستە بکات، یان پێشنیازى جۆرى چالاکییەکانى بۆ بکات، یان بیەوێت راستەوخۆ فێرى بکات، تەنیا کارى مامۆستا و دادەکان ئەوەیە کە ژینگەى گونجاو بۆ توانا و لێهاتوویى منداڵ بڕەخسێنن و پێداویستییەکانى فێربوون و یارییکردن و چالاکیی جۆراوجۆریان بۆ دابین بکەن، ئەو کات منداڵ خۆى بە پەرۆشەوە ئەو کەرەستە و کەل و پەلانە بۆ گەشەپێکردنى تواناکانیان و هێنانەدى حەز و ئارەزووەکانیان بەکاردەهێنن بە بێ ئەوەى پێویستیان بەوە هەبێت مامۆستاکانیان رێنمایی و ئاڕاستەیان بکەن.
کاتێک مۆنتیسۆرى سەرنجى منداڵەکانى لەکاتى یارییکردن و فێربووندا دەدا، ئەوەى بۆ دەرکەوت کە کاتێک منداڵ کەرەستە و یاریى و کەل و پەلێک دەدۆزێتەوە و لەگەڵ حەز و ئارەزو و توانا و لێهاتووییەکانیدا دەگونجێت، هەرچەند کار و چالاکییەکە قورسیش بێت منداڵ بەوپەڕى ئارامى و لەسەرخۆییەوە جەخت دەکاتە سەر کارەکە و بەسەرکەوتوویى بە ئەنجامى دەگەیەنێت، کاتێک لە کارەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت هەست بە خۆشى و دڵنیاییەک لەلاى دروست دەبێت وەک ئەوەى مامۆستا و کەسانى تر دەستخۆشیان لێکردبێت، واتە لە رێگاى کار و چالاکییە قورسەکانەوە خودى خۆیان دەهێننە دى، کە مۆنتیسۆرى ئەم بارەى ناوناوە پرۆسەى پێوەرى، یان بارى سروشتى .
2 – هەڵبژاردن
بە بڕواى مۆنتیسۆرى دەبێت ئازادى بدرێت بە منداڵ خۆى ئەو یاریى و کەل و پەلانە هەڵبژێرێت کە خۆى حەزى لێیەتى، واتە نابێت مامۆستا و کەسانى تر یاریى و کەل و پەل و چالاکییەکان بۆ منداڵ هەڵبژێرن، کارى مامۆستا ئەوەیە کە دواى تەواوکردنى هەر کار و چالاکییەک داواى ئەوەى لێبکات کە دەست بکات بە کار و چالاکییەکى نوێ، بەڵام بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ نەک بە شێوەیەکى راستەوخۆ، واتە مامۆستا کەل و پەل و پێداویستییەکان بۆ منداڵ ئامادە دەکات و دەیخاتە بەردەمى و ئیتر دەبێت بێتە دواوە و سەرنجى منداڵەکە بدات و بزانێت چى دەکات، واتە رۆڵى مامۆستا چاودێریکردنە .
3 – پاداشت و سزا
مۆنتیسۆرى کاتێک چانسى دۆزینەوە و داهێنانى دەدا بە منداڵ، بۆى دەرکەوت کە منداڵ هەر بە بۆماوە و رەمەک ئەو کەرەستە و چالاکییانە هەڵدەبژێرێت کە لەگەڵ توانا و حەز و ئارەزووەکانى دەگونجێت، واتە منداڵ پاڵنەرى بۆماوەیى هەیە بۆ کارکردن و فێربوون و پێویست ناکات مامۆستا و گەورەکان ئاڕاستەى بکەن، یان داواى ئەوەى لێبکەن ئەوە بکات، یان ئەوە نەکات، ئەوکات پاداشت ئەوەیە کە منداڵ ئەو شتانە هەڵدەبژێرێت کە حەزى لێیەتى، واتە خۆى پاداشتى لە خۆیەوە لە ئەنجامى هەڵبژاردنى یاریى و چالاکى گونجاوەوە دەست دەکەوێت و پێویست ناکات مامۆستا و گەورەکان پاداشتى بکەن، مۆنتیسۆرى ئاماژە بۆ پرانسیپى کۆنترۆڵکردنى هەڵە دەکات، واتە گرتنە خۆى هەڵە و راستکردنەوەى لەلایەن منداڵ خۆیەوە، واتە فێربوونى خودى.
4 – رەفتارى خراپ  
 لە سیستمى مۆنتیسۆرى رێگا بە منداڵ نادرێت کە رەفتارى هەڵە بکات و زیان بە هاوڕێکانى، یان کەل و پەلەکانى خوێندنگا بگەیەنێت، هەر کاتێک رەفتارێکى نادروستى بەرامبەر هاوڕێکانى کرد، یان زیانى بە کەل و پەل و پێداویستییەکانى خوێندن گەیاند، ئەو کات سزا دەدرێت و بۆ ماوەیەک لە یارىی و چالاکى دوور دەخرێتەوە، پێویست ناکات ئەو ماوەى سزا دەدرێت زۆر بێت، پێویستە خولەکێک، یان کەمێک زیاتر بێت بۆ ئەوەى لەو ماوەدا هەست بە بێزارى و ناخۆشى بکات، بزانێت لەبەرچى لە یاریی و چالاکى دوور خراوەتەوە، واتە دەرفەتێکى دەدرێتێ بۆ ئەوەى رەفتارە هەڵەکەى راست بکاتەوە،  ئیتر بەم شێوەیە فێر دەبێت کە نابێت هیچ رەفتارێکى خراپ و نادروست بکات و هەر کاتێکیش رەفتارى هەڵەى کرد ئەوا سزا دەدەرێت .
5 – خەیاڵکردن
 مۆنتیسۆرى لە هەوڵى ئەوەدا بوو کە لەلاى منداڵ خەیاڵ بە واقیعەوە ببەستێتەوە، مۆنتیسۆرى لەگەڵ ئەوەدا بوو کە جیاوازى لەنێوان ئەو خەیاڵەى کە هونەرمەند و شاعیران هەیانە کە بریتییە لە خەیاڵى داهێنەرانە و ئەو خەیاڵە بکات کە پەیوەستە بە واقیعەوە، واتە ئەگەر ئێمە بمانەوێت منداڵ داهێنەر بێت، ئەوا دەبێت یارمەتى بدەین و ژینگەى گونجاوى بۆ دابین بکەین تاوەکو بتوانێت تواناکانى سەرنجدان و جیاکردنەوەى گەشە پێبدات لەگەڵ ئەوەى دەبێت جیهانى واقیع و راستەقینە لەبەرچاو بگیرێت، نەک منداڵ هانبدرێت تووشى لادان ببێت بەرەو جیهانى خەیاڵى و وەهمى و ناواقیعى بڕوات.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *