لە حوجرەی فەقێیانەوە بۆ سەنگەری پێشمەرگایەتی

شەهیدی نەمر، حەوێز سەردۆڵی، لەدایكبووی ساڵی 1968ی گوندی (سەردۆڵ)ی
دەڤەری خۆشناوەتییە و لە باوەشی نیشتمانە داگیركراوەكەیدا گەورە بووە، لە گوندەكەی خۆیان چۆتە قوتابخانە و تا پۆلی سێیەمی سەرەتایی خوێندووە، چونكە لەو سەردەمەدا قوتابخانەی گوندەكەیان تا پۆلی سێیەمی تێدا دەخوێندرا، بۆیە بە ناچاری دەستی لە خوێندن هەڵگرت و روویكردە خوێندنی ئاینی و چووە حوجرەی فەقێیان، لەوێ درێژەی بە خوێندن دا، لە ئاكامدا جگە لەوەی خوێندەوارێكی باشی لێ دەرچوو، لە رووی رۆشنبیریشەوە ئاستێكی بەرزی هەبوو.
شەهید حەوێز هێشتا لە تەمەنی هەرزەكاریدا هەستی بە چەوسانەوە و ژێردەستەیی گەلەكەی كرد، بۆیە لە ساڵی 1985دا پەیوەندیی بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كرد و ساڵی دواتر چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی كردە شانی و لە تیپی 99ی بیتوێن بوو بە پێشمەرگە، دوای ماوەیەكی كەم گوازراوەتەوە بۆ تیپی 83ی هەورێ و تا ساڵی 1989بەردەوام بوو.
لە راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991 دووبارە چەكی پێشمەرگایەتیی كردۆتەوە شان و بەشداریی كاریگەرانەی كردووە لە رزگاركردنی كوردستاندا، سەرەتا لە فەرماندەیی بالیسان و دواتریش لە لیوای 120ی پشدەر درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی داوە.
شەهید حەوێز، لەناو هاوسەنگەرانیدا جێگەی متمانە و رێزێكی تایبەت بوو، چونكە خاوەنی چەندین خەسڵەتی بەرزی مرۆیی بوو؛ پیاوێكی ئازا، دڵسۆز، قارەمان و خزم دۆست بوو. لەناو خزمانی گوندی سەردۆڵدا پێگەیەكی كۆمەڵایەتیی بەهێزی هەبوو و هەمیشە لە كاروبارەكانی ئاشتەوایی و چارەسەركردنی كێشەكاندا، جێگەی متمانەی هەموو لایەك بوو.
من هەر لە سەرەتای ناسینییەوە ئەو تێكۆشەرەم خۆشویست، چونكە جگە لەو خەسڵەتانەی كە لە سەرەوە باسم كردن، لە نزیكەوە چەندین خەسڵەتی دیكەم لێی بینی، ئەو فەرماندەیەكی پابەند (ملتەزیم)، گوێڕایەڵ، دڵسۆز، ئازا و خاوەن ئەدەب و ئەخلاقێكی بەرز بوو.
هەزار حەیف و مخابن، لە رێكەوتی 24/7/2014، لە شەڕێكی دەستەویەخەی قارەمانانەدا لە شارۆچكەی جەلەولا، لە دژی چەكدارانی تاریكپەرستی داعش گەیشتە كاروانی نەمران و شەهید بوو، هەر لەو شەڕەدا دوو هاوڕێی دیكەی قارەمانی بەناوەكانی (رائید/ ئەحمەد باوزی و ملازمی یەكەم/ ئیبراهیم شێخ ئاودەلانی)، شەهیدكران.




