بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

فەرماندە چاونەترسەكەی دەشتی كۆیە

فەرماندە چاونەترسەكەی دەشتی كۆیە
شەهید نەهرۆ قەسرۆكی، فەرماندە و كوڕە ئازاكەی دەشتی كۆیە، یەكێكە لەو تێكۆشەرانەی هەوراز و نشێوی زۆری بینی لە كاروانی كوردایەتیدا، بە تەمەنێكی كەمەوە رویكردە شاخ و چەكی پێشمەرگایەتیی كردە شان.
لەو بارەیەوە، تێكۆشەر و فەرماندەی دێرین، هەڤاڵ ئەبوزێد تەقتەقی وتی: شەهید نەهرۆ قەسرۆكی یەكێك بوو لە فەرماندە قارەمان و پڕ هیممەت و بەشكۆكان، هەردەم ورە بەرز و خۆڕاگر بوو، لە هەر نەبەردی و داستانێكدا رەمزی ئازایەتی و ورەبەخشین بوو، هێزی دوژمن چەندە زۆر و بەربڵاوبووایە، شەهید نەهرۆ ئەوەندە چاونەترس و بەهەڵمەت بوو، گورجوگۆڵ خێرا هێرشێكی دەكردە سەریان و  بەجۆرێك دەستی لە دوژمن دەوەشاند، تووشی شۆكی دەكردن.
وتیشی: لە ناو پێشمەرگەدا، وەك پێشمەرگەیەكی سادە و ساكار رەفتاری لەگەڵ هەڤاڵانیدا دەكرد، هەستنەدەكرا كە فەرماندەیەكە، تا بڵێی كوڕێكی خاكی و خۆنەویست بوو، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییەكی فراوانی هەبوو، خۆشەویستی ناو خەڵك و جەماوەر بوو.
ژیاننامەی شەهید
شەهید عەزیز مەعروف قادر رەسوڵ ناسراو بە نەهرۆ قەسرۆكی، لەدایكبووی ساڵی 1965ی گوندی (كانی رەش)ی ناحیەی تەقتەقی قەزای كۆیە یە، ساڵی 1980 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی دواتر بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی دووی كەركوك، دواتریش لە تیپەكانی 21ی كەركوك و 25ی خاڵخاڵان درێژەی بە خەبات داوە.
ساڵی 1985 كراوەتە سەرپەرشتیاری كەرتی سێی چەمچەماڵ لە تیپی 25 و دواتر فەرماندەی كەرت، ساڵی 1988 كراوەتە فەرماندەی كەرتی شیوەسۆران، ساڵی 1989 كراوەتە جێگری فەرماندەی تیپی 21ی كەركوك، بەشداریی كاریگەرانەی كردووە لە راپەڕیندا، ماوەیەك لە هێزی حەوتی كۆیە بووە و لە دروستبوونی لەشكرەكانیشدا، كراوەتە جێگری فەرماندەی لەشكری كۆیە.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی دەیان نەبەردیی كردووە، لەوانە: لێدانی بازگەی كەركوك، شیوەسوور، رەبایەكانی جادەی چەمچەماڵ، لێدان و گرتنی ناحیەی تەقتەق، داستانەكانی رزگاری، قەیوان-ماوەت، شەڕەكانی دۆڵی رەقە، دۆڵی ئاكۆیان، كێوەڕەش، خەجەلەرزۆك، گرتنی ئاغجەلەر، دوو جار گرتنی قەڵاتەی تەقتەق، وڵاغلوو، حەسەن بەگ، بێتواتە، گۆپتەپە و لێدانی بیرەنەوتەكانی كەركوك، دووجاریش برینداركراوە، برایەكی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانیدا بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون، بەداخەوە، شەوی 27\28/8/1996، لە سەر شاخی كێشكە، شەهید كرا.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *