شەهید ئەنوەر داستانی رێبوارێكی ئازادی
شەهیدی نەمر، ئەنوەر كەریم عودێل ناسراو بە شەهید سوورە عەلی بەیانی، یەكێكە لەو شۆڕشگێڕە نەمرانەی كە لە سەنگەری بەرگریدا سەربەرزانە تێكۆشا، بنەماڵەكەی دەستگیركرا و فشاری زۆریشی لێكرا، بەڵام مەیدانی خەباتی چۆڵنەكرد و سوورتر بوو لەسەر بیروباوەڕەكەی، بەڵام بەداخەوە، لە نیوە شەوێكدا و لە لایەن كەسانی ناپاكەوە، شەهیدكرا.
شەهیدی نەمر ئەنوەر، لەدایكبووی ساڵی 1954ی گوندی (عەلی بەیانی)ی ناوچەی شوانی پارێزگای كەركوكە، لە تەمەنی لاوێتیدا و ساڵی 1970 پەیوەندیی كردووە بە شۆڕشی ئەیلولەوە و بووە بە پێشمەرگە لە هێزی رزگاریی كەركوك، تا نسكۆی ساڵی 1975 بەردەوام بووە.
ساڵی 1976 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و هەر ئەو ساڵە لە سەرەتای شۆڕشی نوێدا بووە بە پێشمەرگە.
بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەكان و پێشمەرگایەتیی شەهید سوورەوە، رژێمی بەعسی داگیركەر هەڵیكوتایە سەر بنەماڵەكەی و دایك و باوك و كەسووكارەكەی دەستگیر كرد، سەرەتا لە هەولێر زیندانی كران، دواتر برانە زیندانەكانی كەركوك و بەسڕە.
داستان و ساتەوەختی شەهیدبوون
شـــــەوی 22\23/7/1977، لـــــــە گوندی (كانیبی)ی دەشتی كۆیە، لەگەڵ سەركردە حەمەغەفور ئاغجەلەری و پۆلێك پێشمەرگەی دیكەدا، لەلایەن چەند بەكرێگیراوێكی رژێمی بەعسەوە، ناپاكییان لێكرا و شەهید كران.




