ڕێکارە یاساییەکانى یەکێتى دژى سێ پەرلەمانتارەکە دەستیپێکرد
- کاردانەوەکانى دانیشتنى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بەردەوامن.
- یەکێتى لە کۆمیسیۆن و دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن سکاڵا تۆمار دەکات.
- سێ پەرلەمانتارى یەکێتى بەشداریىان دانیشتنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان کرد.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێکارە یاساییەکانى دژی ئەو سێ پەرلەمانتارەی حیزبەکەی دەستپێکرد کە وەک ڕزگار حاجى حەمە، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى و لێپرسراوى مەکتەبی هەڵبژاردنى حیزبەکە دەڵێت، لە کۆدەنگیى فراکسیۆنى یەکێتى دەرچوون و بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەى ڕۆژى 4ـى ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان کرد کە تیایدا دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرا.
ڕزگار حاجى حەمە، لە بوڵتنى هەواڵەکانى کەناڵ8:
- یەکێتى هەرگیز دەستبەردارى ئەو سێ کورسییەى پەرلەمانى کوردستان نابێت.
- سێ پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى کۆدەنگیى فراکسیۆنەکەیان شکاند.
- یاساى هەڵبژاردنەکان ڕێگریى کردووە لە سەنگەرگواستنەوەى پەرلەمانتاران و گۆڕینى فراکسیۆن تاوەکو ئەو کاتەى سەرۆکى حکومەت هەڵدەبژێردرێت.
- ئەو سێ پەرلەمانتارەى یەکێتى و ئەوانى دیکەش سەرپێچییەکى دیاریان لە یاساکانى کۆمیسیۆن کردووە.
- سکاڵاى یاسایى لە دژیان لە کۆمیسیۆن و دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن تۆمار دەکەین.
- ئەو سێ پەرلەمانتارە خیانەتیان لە دەنگدەرانى یەکێتى کردووە و بە هەر سێکیان دەنگى کورسییەکى پەرلەمانیان بەدەستنەهێناوە.
- نرخى کورسى لە پارێزگاى هەولێر زیاتر لە 18 هەزار دەنگ بووە و ئەوان بە هەرسێکیان 17 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە.
- ئەگەر لەسەر لیستى یەکێتى نەبوونایە بە هەر سێکیان دەنگى کورسییەکیان کۆنەدەکردەوە.
- وەکو یەکێتی ئامادەکاریى بۆ ئەوە دەکەین ڕێکاریى یاسایى بگرینەبەر دژى ئەو سێ پەرلەمانتارە.
- بەکارهێنانى دەستەواژەى سەربەخۆ دەربازیان ناکات لە سزاى یاسایى.
بەگوتەى ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسى ڕێکارەکانى یەکێتى دژى ئەو سێ پەرلەمانتارە و ئەو کارەى ڕۆژى 4ـى ئەم مانگە هەر بەوەندەوە ناوەستێت و پرسەکە دەبەنە دادگاى فیدراڵیش کە لەو بارەیەوە ئەزموونێکى سەرکەوتووى پێشووتریان هەیە و سەرکەوتووبوون لە گۆڕینى یاساى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان و کەمکردنەوەى کورسیى پێکهاتەکان.
گەشبینیى خۆشى نیشاندا بەوەى کە دادگاى فیدراڵى خۆى بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکات و بڕیارى لەسەر دەدات




