دیبەگە؛ مەكۆی پێشمەرگە و داستانی قارەمانێتی

دیبەگە؛ مەكۆی پێشمەرگە و داستانی قارەمانێتی
جێی شانازییە بۆ خەڵكی دیبەگە و کەندێناوە كە لە شۆڕشی نوێ و ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ژمارەیەكی زۆریان پێشمەرگە و فەرماندەی لێهاتوو بوون.
دیبەگەی خۆشەویست پێشمەرگەی زۆر ئازا و لێهاتوو و خۆنەویستی بەخشیوە بە خەباتی كوردایەتی كە بەهۆی ئازایەتی و دڵسۆزییانەوە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی شەڕەكاندا بوون و هەمیشەش سەركەوتنیان بە دەستدەهێنا، هەر بۆیە ژمارەیەكی زۆریان بەر لە راپەڕین و لە سەردەمی خەباتی شاخدا شەهید بوون كە زاهیر سەلیم یەكێكە لەو شەهیدانە.
شەهید زاهیر ساڵی 1983 چۆتە ریزی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئازا و چاونەترس بوو، لەگەڵ براكەی (تاهیر شورتە) كە بەداخەوە ئەویش شەهید بوو، هاوبەش و هاوشانی یەكتری بوون لە چالاكییەكاندا و بەشدارییان لە دەیان داستان و نەبەردیی گەورەدا كردووە.
ژیاننامەكەی
شەهید زاهیر سەلیم قادر حاجی ناسراو بە زاهیر دیبەگەیی، لەدایكبووی ساڵی 1963ی ناحیەی دیبەگەی قەزای مەخمووری پارێزگای هەولێرە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە. ساڵی 1982 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، رۆژی 1/10/1983 بووە بە پێشمەرگە لە كەرتی سێی تیپی 86ی دەشتی هەولێر.
پێشمەرگەیەكی ئازا و لێهاتوو بووە و بەشداریی لە دەیان شەڕدا كردووە لە سنووری مەڵبەندی سێی هەولێردا، دوا پلەی فەرماندەی مەفرەزە بووە.
بەداخەوە، ساڵی 1986 لە گوندی بێستانەی نزیك هەولێر، لە نەبەردییەكدا، شەهید كرا.
شیاوی باسكردنە كە برایەكی دیكەشی بە ناوی (تاهیر شورتە)، پێشمەرگەیەكی قارەمان بوو، ئەویش لە كۆڕی تێكۆشاندا، شەهیدبووە.




