مێژووی تێكۆشانی شەهید حەسەن نەرمۆ لە كتێبێكدا

لە مەراسیمێكی شایستە و تایبەتدا و لە چەند رۆژی رابردوودا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە كادر و پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەسایەتیی سیاسی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرانی سنووری پارێزگاكانی دهۆك و موسڵ، كتێبێكی تایبەت بە ناوی (صوت من التاریخ) ناسێندرا و بڵاوكرایەوە.
ئەم كتێبە كە ئاوڕ لە ژیان، خەبات و قوربانیدانی شەهید حەسەن نەرمۆ دەروێش ئێزدی دەداتەوە، لە هۆڵی مەلیك دوو لە ناحیەی ئەلقۆش بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەكەدا، ژمارەیەك لە دۆست، هاوسەنگەران و دڵسۆزانی شاخ و شاری شەهید حەسەن نەرمۆ، بە شانازییەوە باسیان لە رۆڵی كارا و مێژوویی ئەم شەهیدە كرد لە شۆڕشەكانی كوردستاندا، ئامادەبووان جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستن و بە دیكۆمێنتكردنی مێژوو و یادەوەرییەكانی تێكۆشانی پێشمەرگە قارەمانەكان كردەوە، وەك بەشێك لە ناسنامەی نەتەوەیی.
كتێبەكە بە زمانی عەرەبییە و لە 320 لاپەڕە پێكهاتووە، لەلایەن (حسێن)ی كوڕی شەهید حەسەن نەرمۆوە ئامادەكراوە، غەسان سالم پێداچوونەوەی زمانەوانیی بۆ كردووە و عەبدولڕەحمان بامەڕنیش دیزاینی كردووە.
جگە لە ژیاننامەی شەهید حەسەن نەرمۆ، كۆمەڵێك لە كەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرەكانی یەكێتی و ناوچەكە، لە رێگەی نووسینەكانیانەوە لە كتێبەكەدا، شایەتییان لەسەر رابردووی پڕ لە سەروەریی ئەم تێكۆشەرە داوە.
شەهید حەسەن نەرمۆ، وەك یەكێك لە پێشەنگە كوردە ئێزدییەكان، هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی نوێی گەلی كوردستانەوە لە ساڵی 1976دا، چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی كردۆتە شان، هاوڕێی نزیك و هاوسەنگەری شەهیدی سەركردە ( شێخ حسێن بابەشێخ) بووە و هەر ئەوكاتەش كە حسێن بابەشێخ وەك فەرماندەی هەرێمی بادینان دیاری كرا، شەهید حەسەن نەرمۆ كرا بە جێگری، فەرماندە و پێشمەرگەیەكی قارەمان بووە و ژمارەیەكی زۆر چالاكی و نەبەردی گەورەی پێشمەرگانەی تۆمار كردووە.
بەهۆی رووداوەكانی ناوچەكانی بادینانەوە، شەهید حەسەن نەرمۆ ماوەیەكی زۆر لە پێشمەرگایەتی دابڕا، بەڵام وەك ئەندامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مایەوە، ساڵی 2005 لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردرا، رۆژی 24/4/2006 لەناوشاری موسڵ و لە كردەیەكی تیرۆریستیدا، شەهیدكرا و گەیشتە كاروانی نەمرانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان.
بنەماڵەی شەهید حەسەن نەرمۆ، یەكێكە لە خانەوادە بەناوبانگ، مێژوویی و خاوەن پێگە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن لە نێو كوردانی ئێزدیی سنووری پارێزگای نەینەوادا، هەمیشە كاریگەریی دیار و ئەرێنییان لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ناوچەكەدا هەبووە و لەسەر رێبازی شەهید حەسەن نەرمۆ، بەردەوامن لە خەبات.




