حکومەتی هەرێم فەرمانی داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی فۆڕێکس دەردەکات

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد بە داخستنی دەستبەجێی سەرجەم کۆمپانیاکانی فۆڕێکس و قەدەغەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان.
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە گشتاندنێکی رەسمیدا وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد دەستبەجێ سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی (فۆڕێکس) دابخات و پێداگری لەسەر قەدەغەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە.
تەوەرە سەرەکییەکانی بڕیارەکە:
1.پابەندبوون بە بڕیارەکانی بەغداد: ڕێکارەکان لەسەر بنەمای ڕێنماییە رەسمییەکانی بانکی ناوەندیی عیراق دانراون، کە تێیدا هەر جۆرە مامەڵەیەک بە دراوی دیجیتاڵی و پلاتفۆڕمەکانی فۆڕێکس بە نایاسایی هەژمار کراوە.
2.داخستنی دەستبەجێ: وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، ڕاسپێردراوە سەرجەم ئەو شوێن و ناوەندانە دابخات کە بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی ڕێنماییەکان ئەم کارە ئەنجام دەدەن.
3.ڕێگری لە خۆدزینەوە: بڕیارەکە هەموو ئەو کۆمپانیا و گرووپانەش دەگرێتەوە کە لەژێر ناوی جیاواز، فێڵ و ناونیشانی بازرگانیی دیکەدا هەمان چالاکی بەڕێوە دەبەن.



