بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی پەیامێک ئاڕاستەى تەلەفزیۆنی گەلی کورستان دەکات

بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کورستاندا پەیامێکى پیرۆزبایی ئاڕاستەى بەڕێوەبەر و میدیاکاران و کارمەندانی کەناڵەکە دەکات.
دەقى پەیامەکە:
بەڕێزان: بەڕێوەبەر و میدیاکار و کارمەندانی کەناڵی گەلی کوردستان
بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی دایک، کەناڵی گەلی کوردستان، بەناوی بۆردی ڕاگەیاندنەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی دڵسۆز و تێکۆشەر و لە ڕێگەی ئێوەشەوە لەسەرجەم کارمەندان و تەواوی ئەو میدیاکار و سەربازە وونانە دەکەین، کە لە وێستگەیەک لە وێستگەکان خزمەتیانکردوە، هەروەک لەم یادە پڕ شکۆیەدا بەڕێزەوە ستایشی مێژوو و ماندووبوونی ئەو چەند دەیەیە دەکەین، کە تێیدا بە هەڵوێستێکی بەرپرسانە و روماڵێکی سەنگین وەک سەکۆیەکی ڕاستبێژ، بەردەوام بوون لە خزمەتکردن بە کاروانی ڕاگەیاندنی کوردی.
کەناڵی گەلی کوردستان، بە درێژایی ئەو مێژووە، نەک هەر پەخشی دەنگ و ڕەنگی چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵکو خوێندنگە و ناوەندێکی گەورەی پێگەیاندن بووە و بە جۆرێک خزمەتی کردوە، کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارە سەرکەوتووەکان لە کەناڵە کوردستانیی و عێراقیەکاندا، بەرھەمی ئەو وێستگە پڕ لە شانازییەن.
بێگومان، گەلی کوردستان پێگەیەکی بێوێنە و مێژوویی لە ڕاگەیاندنی نیشتمانیدا هەیە و جێگەی شانازیی هەموانە. لێرەوە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و هەوڵ و هەنگاوە تازەکانتان بەرز دەنرخێنین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر.
سەرکەوتوو و سەربەرز بن بۆ خزمەتکردنی زیاتر
بۆردی ڕاگەیاندنی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



