هاتوچۆسازی

خەوشە باوەكانی شۆفێری تاكسی
لەبەر نەبوونی سیستمێك بۆ راهێنانی شۆفێرانی تاكسی لای خۆمان چەندین خەوشی باو لەناو شۆفێرانی تاكسیدا سەریانهەڵداوە كە مەترسی بۆ سەلامەتیی هاتوچۆ، بێزاری و فشار بۆ سەرنشینەكان دروستدەكەن، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەڵوەستەیان لە ئاستدا بكەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.
یەكەم: سەرپێچیی یاسا و رێساكان: شۆفێرانی تاكسی زۆرجار پابەندی یاسا و رێساكانی هاتوچۆ نابن، ئەوە لەیاد دەكەن كە ئەوان گواستنەوەی گشتی راییدەكەن و ئۆتۆمبێلی تایبەت لێناخوڕن، لەوانە:
1- بەكارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی: بەشی زۆری شۆفێرانی تاكسی پشتێنی سەلامەتی نابەستن و داوا لە سەرنشینەكان ناكەن ئەوە بكەن. شۆفێرانی تاكسیی نێوان شارەكانیش، جگە لە ئاگادارنەكردنەوەی سەرنشینەكان، خۆشیان تەنیا نزیك بازگەكان دەیبەستن، ئەگەر سەرنشینێكی پشتەوەش بیەوێت بیبەستێت، لەبەر شاردنەوەی لەناو بەرگی تێگیراوی كوشندا ناتوانێت ئەوە بكات.
2- خێرا لێخوڕین: زۆرجار شۆفێرانی تاكسی پابەندی خێرایی دیاریكراوی رێگە نابن، بە تایبەتی ئەوانەی لە نێوان شارەكاندا كاردەكەن، ئەم مەیلی خێرایی لێخوڕینە وایكردووە زۆربەی شۆفێرەكان خۆیان لەو رێگایانە بەدووربگرن كە كامێرای كۆنترۆڵكردنی تیژڕەویی لێیە و ئەوانە هەڵبژێرن كە ئەگەرەكانی رووداوی هاتوچۆ زیاتر دەكەن.
دووەم: مامەڵەنەكردنی دروست لەگەڵ سەرنشینەكاندا: ئەو كەسەی تاكسی بۆ گواستنەوە بەكاردەهێنێت، چاوەڕوانی ئەوەیە مامەڵەی باشی لەگەڵ بكرێت، خزمەتگوزاری پێشكەش بكرێت و بێزارنەكرێت، بەڵام زۆرجار دڵشكاو دەبێت كە چاوەروانییەكەی ناهێنرێتە جێ، بۆ نموونە:
1- یارمەتیدانی سەرنشین بۆ سواربوون و باركردن: بەشی هەرە زۆری شۆفێرانی تاكسی خەمساردن بەرامبەر بەوەی دەرگا بۆ سەرنشینەكان بكەنەوە و كەلوپەلەكانیان بۆ بار بكەن، لە كاتێكدا ئەمە ئەركە، بە تایبەتی بەرامبەر بە كەسانی بەساڵاچوو، نەخۆش و خاوەن پێداویستیی تایبەت.
2- رێزنەگرتن لە تایبەتمەندی: بەشێك لە شۆفێرانی تاكسی دەستوەردەدەنە تایبەتمەندییەكانی سەرنشینەكان و هەندێك پرسیاریان لێ دەكەن كە رەوا و راست نین. هەندێكجار ئەم كێشەیە روو لە خانمان دەكات و سنووری دەستوەردان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ئاستی هەراسانكردن و دەستدرێژی.
3- بێزاركردن: هەندێك شۆفێری تاكسی بە دەنگی رادیۆ سەرنشینەكان بێزاردەكەن و ناچاریان دەكەن گوێ لەو بابەتانە بگرن كە ئارەزوویان ناكەن و لەگەڵ دید و ویستی ئەواندا نایەنەوە.
سێیەم: پاكوخاوێنی: پاراستنی پاوكوخاوێنی تاكسی و شۆفێرەكەی ئەركێكی رۆژانەیە، زۆرێك لە شۆفێران بایەخی پێ نادەن، لە كاتێكدا پەیوەندیی بە تەندروستی و ژینگەی گواستنەوەوە هەیە.
* شارەزای بواری هاتوچۆ



