چیرۆكی فیداكاریی پارتیزانێك له په‌روه‌رده‌ی نازه‌وه تا رێگه‌ی شه‌هاده‌ت

شه‌هید كامه‌ران هیدایه‌ت فارس عه‌بدلڕه‌حمان ناسراو به كامه‌رانی مامۆستا هیدایه‌ت، له‌دایكبووی ساڵی 1968ی خێزانێكی رۆشنبیر و كوردپه‌روه‌ری شاری كفریی پارێزگای كه‌ركوكه، هه‌ر له كفری چووه‌ته به‌رخوێندن و خوێندكارێكی زیره‌ك و وریا و ژیر بووه، ده‌رچووی قۆناغی ئاماده‌ییه، به هۆی ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌یان پاشخانی سیاسی و شۆڕشگێڕییان هه‌بوو، هه‌ر زوو هه‌ستی به زه‌بر و زه‌نگ و سته‌می سه‌ر گه‌له‌كه‌ی كردووه له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه، بۆیه هه‌میشه بیری له رێگه‌یه‌ك ده‌كرده‌وه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستی عه‌ڕه‌ب و به‌عسییه خوێنمژه‌كان، ساڵی 1985 په‌یوه‌ندیی كردووه به ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و ساڵی 1987 بووه پێشمه‌رگه له كه‌رتی شه‌شی تیپی 51ی گه‌رمیاندا، پێشمه‌رگه‌یه‌كی هێمن و سه‌لار و گوێڕایه‌ڵ و قاره‌مان بووه، هه‌ر بۆیه به‌زوویی بۆته جێگه‌ی متمانه و خۆشه‌ویستی فه‌رمانده و هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی و خه‌ڵكی گونده‌كان.
له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌شداریی زۆربه‌ی شه‌ڕ و داستان و بۆسه و چوونه سه‌ر سه‌رجاده و گرتنی ره‌بایه و چالاكی ناوشاره‌كانی (كه‌لار، سه‌رقه‌ڵا، كفری، سلێمانبه‌گ، خورماتوو، نه‌وجول، قه‌ڵخانلوو، قادركه‌ره‌م و سه‌نگاو)ی كردووه و رۆڵی قاره‌مانانه و به‌رچاوی هه‌بووه، هه‌روه‌ها به‌شداریی داستانه‌كانی (داستانی رزگاری، گڵه‌زه‌رده، چه‌رمه‌گا، داره‌ڕه‌ش و دووداره)ی كردووه و رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه، به‌شداریی گرتنی ناحییه‌كانی (قه‌ره‌داغ ، قادركه‌ره‌م، كوڵه‌جۆ، قه‌ڵخانلوو)ی كردووه و رۆڵی قاره‌مانانه و به‌رچاوی هه‌بووه، له شه‌ڕه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م قۆناغی ئه‌نفال تا حه‌وته‌م قۆناغی ئه‌و تاوانه، به‌شداریی كردووه و ئازایانه به‌رگریی له گونده‌كان و ناوچه ئازادكراوه‌كان كردووه، له دوای ئه‌نفالیش له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده و هاوڕێی پێشمه‌رگه‌یدا بڕیاری مانه‌وه و كۆڵنه‌دان ده‌ده‌ن و به شێوه‌ی پارتیزانی درێژه به خه‌بات ده‌ده‌ن.
شه‌هید كامه‌ران، هه‌رچه‌نده له شار و به‌نازداریی گه‌وره‌كرابوو و منداڵی خێزانێكی خۆشگوزه‌ران بووه، به‌ڵام هه‌مووی كرده قوربانیی خه‌باتی گه‌له‌كه‌ی و له‌و خه‌باته سه‌خت و دژواره‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و دواتریش پارتیزانیدا، خۆڕاگر و به‌توانا و سه‌ركه‌وتوو بوو، له چالاكی پێشمه‌رگانه و دابینكردنی خۆراك و پێداویستییه‌كاندا بۆ خۆی و هاوڕێ پارتیزانه‌كانی ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو، له هونه‌ری خۆشاردنه‌وه و شاره‌زایی جوگرافیا و سروشتی ناوچه‌كه‌شدا، رۆڵی باشی هه‌بووه.
له راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا و له رزگاركردن و به‌رگریكردن له قه‌زای كفری و خورماتوو، رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه، دوای راپه‌ڕین كرا به فه‌رمانده‌ی كه‌رت و فه‌رمانده‌ی تیپ تا دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پاش دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێم و له سوپای یه‌كگرتووی كوردستاندا، كرایه به‌رپرسی به‌شی هه‌واڵگری لیوای گه‌رمیان، له‌و بواره‌شدا ئه‌فسه‌رێكی به‌توانا و چالاك و وریا و كارامه‌بوو.
به‌داخه‌وه، له كاتی پارێزگاریكردن له ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی كورد و خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له رۆژی 23/12/1993 له قه‌زای كفری، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له (ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، محه‌مه‌د عه‌ریف حه‌مید، شكور فه‌تاح قاره‌مان، حه‌مه‌عه‌لی حه‌سه‌ن، سامان قه‌ڵایی)، به‌ناهه‌ق شه‌هیدكران.



