رێبوارێكی رێگه‌ی ئازادی

شه‌هید كه‌مالی حاجی ئاغا، نموونه‌یه‌ك بوو له خه‌باتی كوردایه‌تی، له دڵسۆزی و هه‌ڵوێستی جوامێرانه، له سه‌رده‌مه سه‌خته‌كاندا، له رۆژگاره دژواره‌كان و له شه‌وگاره نوته‌ك و پڕ مه‌ترسییه‌كاندا مه‌شخه‌ڵێك بوو له توخمی خۆر، كێوێك بوو له ئیراده.
ئه‌و پیاوه ئه‌گه‌رچی رۆڵه‌ی ره‌سه‌نی باڵه‌كایه‌تی بوو، به‌ڵام خه‌بات، ماندووبوون و به‌خشینی گیانی، بۆ سه‌رجه‌م خاكی كوردستان و مه‌مله‌كه‌تی كوردان بوو.
ئه‌مڕۆ كه یادی 12 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بینین هه‌زاران و به‌ڵكو زیاتریش له پێش و دوای شەهیدبوونی ئه‌و، هاتن و رۆیشتن و له‌م دنیایه ده‌رچوون، كه رێڕه‌وی سروشت له بیری بردنه‌وه و كۆتاییان هات، به‌ڵام یادی كاك كه‌مال، وه‌ك زه‌نگێكی رێكخراو له كات و چركه‌ی خۆیدا، خۆی ده‌كات به میوانی بیره‌وه‌ریماندا و بۆ هه‌میشه پێمان ده‌ڵێت: جوامێرانی نیشتمان هه‌رگیز له بیر ناچنه‌وه و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وه‌رزه‌كانی به‌هار و گوڵ و گوڵزاردا، سه‌وز ده‌بنه‌وه و ده‌بنه‌وه به هیوا بۆ ئێستا و داهاتوومان.
به درێژایی مێژوو، باڵه‌كایه‌تی ناوێكی شكۆدار بووه، یه‌كێك بووه له‌و ناوچانه‌ی گه‌وره‌پیاوان و جوامێرانی زۆری تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، مێژووش شایه‌تیی ئه‌وه ده‌دات كه لاپه‌ڕه‌كانی به‌ره‌نگاری و شۆڕشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی كوردستان، به خوێنی ئاڵی ئه‌وان ره‌نگین بووه، گوندی (ئێنه)ش كه‌وتۆته ئه‌و ناوچه‌یه‌وه، خاوه‌نی به‌شێكی زۆر گرنگه له‌و مێژووه زێڕینه، ئه‌وێش زێدی له‌دایكبوونی شه‌هیدە كه ده‌كاته ساڵی 1956.
له هه‌ڕه‌تی لاوێتییه‌وه هه‌ستی به زوڵم و ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌ی كردووه و ساڵی 1976 په‌یوه‌ندیی كردووه به رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه و ساڵی 1978 بوو به پێشمه‌رگه، ئازا و خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی فه‌رمانده‌ییكردن بوو، ساڵی 1981یش، باوك و برا و سه‌رجه‌م كه‌سوكاره‌كه‌ی به تێكڕا چوونه ناوچه رزگاركراوه‌كان و بوون به پێشمه‌رگه.
شه‌هید كه‌مال، به درێژایی ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیی، به‌شداریی زۆر نه‌به‌ردیی قاره‌مانانه‌ی كردووه و برینداریش بووه، هه‌ر به‌هۆی ئازایه‌تییه‌وه له سه‌رده‌می شاخ و دوای راپه‌ڕین تا كاتی شه‌هیدبوونی، زۆربه‌ی پله‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیی بڕیوه، له شاخ له فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌وه تا جێگری فه‌رمانده‌ی تیپ، دوای راپه‌ڕینیش فه‌رمانده‌ی له شكر و فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی تا لیوا، له راپه‌ڕینی 1991یشدا به‌شداریی كردووه و له ئازادكردنی كوردستان تا شاری كه‌ركوك، رۆڵی كاریگه‌ری گێڕاوه.
به‌داخه‌وه، به‌ره‌به‌یانیی رۆژی 22/8/2014، له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش له ناوچه‌ی گه‌رمه‌سێر، شه‌هیدكرا.



