ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

گەڕان بەدوای ناسنامە و مێژووی كورد لە رێگای رۆژهەڵاتناسەكانەوە

ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەلتوریی نێوان رۆژنامەی کوردستانی نوێ و بڵاوکراوەی یارکوب ئامادەکراوە، کە ئامانجی ئاشناکردنی خوێنەرانە بە کەلتور و مێژوو و نەریت و ژیانی هاوچەرخی هەردوو گەلی کورد و روس، هەروەها پەرەپێدانی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەڕێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە.

مێژووی گەلی کورد بەهۆی بارودۆخی سیاسی و جوگرافییەوە، زۆرجار لەلایەن نەتەوەكانی ترەوە یان رۆژهەڵاتناسە (گەڕیدە) بیانییەکانەوە تۆمارکراوە وەک لەوەی کورد خۆی بتوانێت بینووسێتەوە، چونكە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی، ببوونە گۆڕەپانی ململانێی توندی نێوان ئیمپراتۆریەتە گەورەکان، لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر، دیپلۆماتکار و رۆژهەڵاتناسی روسی بەمەبەستی جۆراوجۆر، سەردانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیان کرد و بە وردی شێواز و ژیانی عەشایەری، شۆڕشەکان، كەلتور، زمان و دابونەریتی کوردیان تۆمارکردووە. 

لەم راپۆرتەدا تیشکدەخەینە سەر ناودارترین ئەو رۆژهەڵاتناسە (گەڕیدە) روسانە، کە سەردانی کوردستانیان کردووە، هاوکات شیکاری بۆ بایەخ و ئەو سوودە مێژوویی و فەرهەنگییانە دەکات کە کتێب و بەڵگەنامەکانی ئەوان پێشکەش بە کتێبخانەی کوردییان كردووە و سەلماندنی ئەو راستییەی کە بەشێكی بەرهەمەکانی ئەوان چۆن بوونەتە سەرچاوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ تێگەیشتن لە رابردووی راستەقینەی مێژووی کوردستان.

كوردییان زانیوە

د. ژیلوان لەتیف یارئەحمەد مامۆستای کوردۆلۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، رایگەیاند: نووسینی كتێب و بابەتەكانی ئەو رۆژهەڵاتناسانە گرنگی و بایەخی تایبەتی مێژوویی خۆی هەیە و بەشێكیان زمانی كوردییان زانیوە یان لەسەر كورد زۆریان خوێندووەتەوە، هەیانە تەنانەت خوێندنە باڵاكەشی لەسەر كورد بووە، بەڵام لێرەدا من ئاماژە بە چەند دانەیەكیان دەكەم، مینۆرسکی: لە ساڵی 1902 هاتۆتە ئێران، لە ساڵی 1916 باڵیۆزی روسیا بووە لە ئێران، ساڵی 1917 هاتوەتە کوردستان، گرنگییەکی زۆری بە دۆزی کورد داوە و بە شێوەیەکی ورد لەم بارەیەوە دواوە. لازاریڤ دەڵێت: «مینۆرسکی گرنگترین زانای کوردۆلۆجی و باشترین شارەزای کاروباری کورد بووە لە سەدەی بیستەمدا». جگەلەمەش لێکۆڵینەوەی (کورد، سەرنج وانطباعات)ی لە ساڵی 1915دا بڵاوکردووەتەوە، لە لێكۆڵینەوەكەدا دەڵێت:«دۆزی کورد، یەکێکە لە دۆزە ئایندەییە گەورەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست». تۆفیق وەهبی لە ساڵی 1937دا چاوی بە مینۆرسکی کەوتووە و سەرسام بووە بە تیۆرییەکەی لەسەر بنچینەی کورد و زمانەکەی، دواتر هاتۆتە سلێمانی و سەردانی رۆژنامەی (ژیان)ی پیرەمێردی کردووە. 

هەروەها ئاگوست ژاپا: لە ساڵی (1801) کە لە خێزانێکی ئەرستۆکراتی سەربازی لە شاری کراسلاڤ-پۆڵۆنیا لەدایکبووە، دواتر چووەتە پەیمانگەی زمانی رۆژهەڵاتییەکانی سەربە وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە (سان پترسبۆرگ) و زمانەکانی (فارسی، تورکی، عەرەبی) لە ساڵانی (1824-1828) خوێندووە، پاشان زمانی کوردی لە ئەرزەڕۆم فێربووە. دواتر بوەتە وەرگێڕ لە كونسوڵخانەی روسیا لە ئەرزەڕۆم، لە ساڵی 1866 وازی لە کاری دیپلۆماسی هێناوە و خۆی بۆ پرسی کورد تەرخانکردووە، بەوەی سەرقاڵی دیوان و کەلتوری کورد بووە، هەربۆیە سێ فەرهەنگی داناوە و (44) دەستنووسی پەخشان و چیرۆک و زمانەوانی دەربارەی كورد نوسیوە.  
کارە ئەدەبییەکانی ژاپا: (چیرۆکی مەم و زین، چیرۆکی لەیلا و مەجنوون، حیکایەت: چل چیرۆکی کوردییە، پەخشانەکەی مەلا مەحمودی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فەڕەنسی).

كتێبیان لەسەر كورد نوسیوە 

د. ژیلوان لەتیف یارئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ڤاسیلی نیکتین: لە پۆڵەندا لەدایکبووە، لە ساڵی 1908 بۆ 1911 لە باڵیۆزخانەی روسیا کاریکردووە، لە ساڵی 1915 هاتۆتە شاری سابڵاخ، هەوڵیداوە هێزە کوردییەکان بۆ لای روسیا رابكێشێت. لە ساڵی 1956 کتێبی (کورد) کە لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆژی و مێژووییە، بە زمانی فەڕەنسی بڵاوکردۆتەوە، لە ساڵی 1998 کراوە بە کوردی.

جگەلەمەش، چەندین بابەت و کتێبی جیاوازی لەسەر کورد نوسیوە، بۆ نموونە: ساڵی 1915 کتێبێكی لەسەر دەستووری زمانی کوردی و روسی بڵاوکردۆتەوە، ساڵی 1917 لەسەر کورد و نیشتمانەکەیان، بابەتی ئەفسانەی ساڵی 1922، کورد وەک چۆن لە خۆیان دەدوێن لە ساڵی 1925، حیکایەتە کوردییەکان لە ساڵانی (1926-1929)، مەسەلەی کورد لە روانگەی بێگانەکانەوە لە ساڵی 1934 و کورد و ئەرمەن لە ساڵی 1936…هتد.

كتێبی رۆژهەڵاتناسەكان 

کەسێکی دیکەش، کە چەندین ساڵە سەرقاڵی وەرگێڕانی كتێبی رۆژهەڵاتناسە روسەكانە، د.سوارە شاكەلی-یە، كە تائێستا (16) كتێبی ئەو رۆژهەڵاتناسانەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، كە لەسەر كورد كتێبیان نوسیوە. ئەویش پاڵنەرەکانی کارەکەی بروونکردەوە و وتی: ئەوەی پاڵنەری سەرەکیم بووە بۆئەوەی روو بکەمە کارکردن لەسەر بەرهەمی رۆژهەڵاتناسانی روس، وێڕای هەستکردنم بە توانای خۆم بۆ تێگەیشتنم لە زمانی روسی، نزیکایەتی و دراوسێیەتی ئێمەی گەلی کورد بووە لەگەڵ روسەکاندا، پێشموایە بەرهەمی رۆژهەڵاتناسانی روسی زیاتر نزیکن لە واقیعی کۆمەڵگەی کوردییەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای نزیکایەتی روسەکان و تێگەیشتنی تەواویان بۆ کۆمەڵگەی کوردی. سەرچاوەی گرتووە، بێگومان مێژووی گەلی کورد لە قۆناغە جیاوازەکاندا لەلایەن نەیارانی کورد و زلهێزەکانی ناوچەکەوە قۆناغ بە قۆناغ بەلاڕێدا براوە، بە زەبری ئاگر و ئاسن سڕاوەتەوە و لەناوبراوە، هەربۆیە لەنێو ئەرشیفخانەکانی روسیادا، ئێمە دەتوانین چاومان بەو بەرهەمانە بکەوێت، کە باسیان لە قۆناغەکانی مێژوو بەبێ جیاوازی کردووە. رۆژهەڵاتناسانی روسی توانیویانە رووداوەکان وەکو خۆیان تۆماربکەن، ئەمەش هاوکار و هاوئاهەنگمان دەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی زۆرێک لەو رووداوە مێژووییانەی تۆمارکراون، تەنانەت هەندێکجاریش رۆڵی تەواوکاری و راستکردنەوە دەبینن بۆ ئەو بەرهەمە مێژووییانەی، کە لە کوردستاندا هەن و لە کۆتاییشدا بۆ نووسینەوەی مێژوو پێویستدەکات سەرەتا ئاگاداری سەرجەم لایەنەکان بین کە مێژووی ئێمەیان تۆمارکردووە و پاشان بڕیاربدەین لەسەر راستی و دروستی بابەتەکان. پێشموایە لە تۆمارکردنی مێژووی گەلی کورددا، روسەکان کاریان زۆر کردووە و بەرهەمی زۆریش تائێستا ماوەتەوە، تا کاریان لەسەر بکەین و وەربگێڕدرێن بۆ سەر زمانی پیرۆزی کوردی تا توێژەران پێیان ئاشنابن و کاریان لەسەر بکەن. 

متمانەی بەرهەمی رۆژهەڵاتناسە روسەكان

رۆژهەڵاتناسانی روس لە سەرەتای قۆناغەکانی گەشەسەندنی کوردناسی، سوودیان لەو دەستنووسانە وەرگرتووە، کە لەلایەن دیپلۆماتکارانی روسیاوە کۆکراونەتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نێردراون بۆ ئەرشیفخانەکانی روسیا، د.سوارە شاكەلی وای گوت و ئاماژەی بەوەشکرد؛ هەر ئەو دەستنووسانە بوونەتە مایەی سەرنجڕاکێشان و کارکردن لەبارەیانەوە لەلایەن توێژەرانەوە. ئەرشیفخانەکانی روسیا چ لە رابردوو و چ لەئێستادا، رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەی توێژەران و ناوەندێکی گرنگی بەخشینی زانیاری گەورەن و لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاش، ئەو ناوەندانە رۆڵیان زیاتر دەبێت. هەروەها دەڵێت: سەبارەت بەو بەرهەمانەی وەرمگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، باس لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی کورد دەکات لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە تا ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو بابەتیان تێدایە، ئەمەش پەیوەستە بەو بەرهەمانەی لە ئەرشیفخانەکاندا دەستمانکەوتوون و کارمان لە سەریان کردووە. مێژووی کورد هێشتا کەلێنی زۆری تێدایە و دەکرێت لە رێگەی کارکردن لەسەر ئەو بەرهەمە روسیانەوە سەرچاوە مێژووییەکانی خۆمانی پێ دەوڵەمەند بکەین و بنەمایەکی چاکیش بن بۆ ئەو قۆناغانەی مێژوو، کە دەمانەوێت کاریان لەبارەوە بکەین. بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم بەرهەمی رۆژهەڵاتناسانی روسی زۆر متمانەپێکراوترن، چونکە رۆژهەڵاتناسانی روس لە نووسینی بەرهەمەکانیاندا رەچاوی میتۆدە زانستییەکانیان کردووە.

تێبینی و بەدواداچوونی مەیدانی

لەلایەن خۆیەوە كەیوان سدیق محەمەد مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی و وەرگێڕی شەش كتێبی مێژوویی، كە رۆژهەڵاتناسە روسەكان یان نووسەرانی روس لەسەر كورد و كوردستان نووسیویانە بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە و وتی: بەرهەمی رۆژهەڵاتناس و کوردناسەکان، بەتایبەتی توێژەر و گەڕیدە روسەکان، کە لە نزیکەوە سەردانی کوردستانیان کردووە، بە یەکێک لە گرنگترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوە بیانییەکانی مێژووی کورد دادەنرێن. بایەخی بنەڕەتیی ئەم بەرهەمانە لەوەدایە کە لەسەر بنەمای «تێبینی و بەدواداچوونی مەیدانی» و بینینی راستەوخۆ تۆمارکراون. ئەوان زانیاریی زۆر وردیان لەسەر ژیانی رۆژانە، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، دابەشبوونی هۆز و عەشیرەتەکان، زمان و دیالێکتەکان، جلوبەرگ، دابونەریت، ئایین، ئابووری، تەنانەت سروشت و ژینگەی کوردستان تۆمارکردووە. ئەم تۆمارانە، بەتایبەت بۆ سەدەی نۆزدەهەم کە سەرچاوە نووسراوە ناوخۆییەکانمان زۆر کەم و سنووردارن، بوونەتە ئەرشیفێکی نایاب و کەم ‌ھاوتای مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری لەو سەردەمەدا. 

ئەگەر تەنیا چەند نموونەیەک بهێنینەوە، دەبینین کوردناسەکانی وەک: (پیۆتەر لێرخ) بە لێکۆڵینەوە لە کورد و نووسینی کتێبە سێ بەرگییەکەی دەربارەی کورد، کوردناسی وەک بوارێکی سەربەخۆ چەسپاند، (ئە. ڤ. ئیلیسێیڤ) لە رێگەی ئیتۆنگرافی مەیدانییەوە و دابونەریت و رێوڕەسمە ئایینیەکانی ئێزدییەکانی تۆماركردووە بە بابەتێکی سەربەخۆ، رەوشی ژنی کورد بە روسیا ئاشنا کرد و تۆمارێکی گرنگیشی بۆ مێژووی ئێمە جێهێشت. هاوکات (ستیپان ڤاسیلیڤیچ یەرمەڵایڤ)ش لە رێگەی داتای وردی ئامارییەوە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گوندە ئێزدییەکانی قارسی بەڵگەدار کردووە، ئەمەش وایکرد سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئەکادیمی، کەلتوری و ئاماریمان دەربارەی کورد بۆ جێبمێنێت. 

کەوابێت، بایەخی ئەم سەرچاوانە تەنها لە «وەسفکردنێکی سادەی کورد»دا نییە، بەڵکو ئەوان ماددەی خاوی مێژوویی، ئابووری و ئیتنۆگرافیمان پێشکەش دەکەن کە دەکرێت وەک کەرەستەی سەرەکی بۆ نووسینەوەی مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان سوودیان لێ وەربگرین، هەروەها نابێت ئەوە لەیادبکەین و دەبێت بە هۆشیاری و بابەتییانە، بە چاوی دوور لە سۆز و لایەنگری، مامەڵە لەگەڵ ئەو ماتریاڵانە بکەین، چونکە ئەم نووسەرانە خاوەنی دیدگا، پاشخان و ئامانجی تایبەتی خۆیان بوون، بەتایبەتی لەو خاڵانەی کە لێکۆڵینەوەکانیان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستبووە بە بەرژەوەندی و ستراتیژییە سیاسی و سەربازییەکانی روسیاوە.

رۆژنامەی قەفقاز 

وتیشی: نووسین و بڵاوکردنەوەی ئەم لێکۆڵینەوانە بە زمانی روسی، وەرچەرخانێکی گەورە بوو، چونکە زانیارییەکان دەربارەی کورد لە سنووری تێبینیی کەسی و گەشتی مەیدانیی گەڕیدەکان و وەرگێڕانی هەندێک لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ زمانی روسی دەرهێنا و گواستییەوە بۆ ناو ناوەندە زانستییەکان، زانکۆکان و کایەی گشتیی خوێندنەوە لە روسیادا. لەو رێگەیەوە، کوردستان بۆ خوێنەر و توێژەری روس لە ناوچەیەکی دوورەدەست و نەناسراوەوە گۆڕدرا بۆ بابەتێکی ناسراو و دیاریکراوی مێژوویی، جوگرافی و ئیتنۆگرافی. 

لەم نێوەندەدا، رۆژنامەی «قەفقاز» (1846–1918)، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی. ئەم رۆژنامەیە وەک پردێکی پەیوەندی، تابلۆیەکی پانۆرامایی و فراوانی لە ژیانی کورد پێشکەشی خوێنەران دەکرد، لە پەیوەندییە خێزانییەکان و رێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە تا پێکهاتەی خێڵ، ئابووری و ژینگەی سروشتیی ناوچەکە. هەروەکو رۆژنامەکە خۆی ئاماژەی پێدەکات، ئامانجی دەرچوونی، ئاشناکردنی رای گشتی روسیا بووە بە ژیان و کەلتوری گەلانی پشت قەفقاز و بێگومان کوردیش بە درێژایی ساڵانی دەرچوونی رۆژنامەکە، بابەتێکی دانەبڕاوی رووبەری بڵاوکراوەکە بووە. 

کورد لە «جوگرافیای هزری»ی روسیادا 

كەیوان سدیق محەمەد دەشڵێت: سەرەڕای ئەوە، بایەخی ئەم کارانە بە زمانی روسی و لە فەزای روسیادا ئەوە بوو کە کورد چوونە ناو ناوەندە زانستی و ئەکادیمییە گەورەکانی روسیاوە. دامەزراوەکانی وەک «کۆمەڵەی جوگرافیی روسی»، «ئەکادیمیای زانستەکان» و بەشی رۆژهەڵاتناسیی «زانکۆی سانت پترسبۆرگ»، رۆڵێکی بنەڕەتییان بینی لە بەسیستمکردنی ئەو زانیارییانە. ئەم ناوەندە ئەکادیمییانە زانیارییە مەیدانییەکانیان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی کەسی دەرهێنا و کردیانە بابەتێکی زانستیی دامەزراوەیی، لەوێوە دەستنووسە کوردییەکان کۆکرانەوە، لێکۆڵینەوە لە فەرهەنگ و زاراوەکانی زمانی کوردی دەستیپێکرد و نەخشەی ئیتنۆگرافی بۆ ناوچەکە کێشرا.

لە روانگەیەکی فراوانترەوە، ئەم کارە دامەزراوەییە وایکرد کوردستان بە تەواوی بچێتە ناو «جوگرافیای هزری»ی روسیاوە؛ واتە پێگەی کورد لە وێنەیەکی نادیاری دوورەدەستەوە بوو بە بابەتێکی زانستیی جێگیر لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا. بێگومان دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرین کە سەدەی نۆزدەهەم، سەردەمی کێبڕکێی توندی زلهێزەکان بوو لەسەر ناوچەکە، بۆیە لە دیدی دامەزراوەکانی روسیاوە، کوردستان هاوکات خاوەنی هەردوو رەهەندی زانستی و ستراتیژی بوو، هەربۆیە کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن ناوەندە زانستییەکانەوە وێڕای بایەخە ئەکادیمییەکەی، وەک پێویستییەکی مەعریفی بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشە سیاسی و جوگرافییەکانی ناوچەکەش تەماشا دەکرا.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *