گفتوگۆکان بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکووک چڕکراونەتەوە

نەشتەت شاهوێز، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک ڕایگەیاند، بە فەرمى هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دیارینەکراوە، ئەنجامى گفتوگۆکان لە 24 کاتژمێرى داهاتوودا، بڕیار لە بارەى کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەن دەدات.
ڕژدبوونى بەرەى تورکمانى
- وەک پێکهاتەى تورکمان سوورن لەسەر هێشتنەوەى پۆستى پارێزگار لە دەستى خۆیان.
- دەیانەوێت بۆ ئەو دوومانگەى ماویانە پارێزگارێکى نوێى تورکمان هەڵبژێرن.
- پێکهاتەى تورکمان لە ناو خۆشیاندا لەسەر دیاریکردنى کەسێک بۆ شوێنگرەوەى محەممەد سەمعان ناکۆکن.
- پێکهاتەى تورکمان، بۆ پۆستى پارێزگار دوو بەربژێرى هەیە.
- بریتین لە ماردین کوککایە، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی بەرەى تورکمانى و قەحتان وەنداوى بەرپرسى لقى کەرکووکى بەرەى تورکمانى.
هەڵوێستى لیستى عەرەبى
- لە بەرامبەردا پێکهاتەى عەرەب، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەربژێرى خۆى بۆ پۆستى پارێزگار ڕانەگەیاندووە.
- دەیانەوێت بەزووترین کات پۆستى پارێزگار وەرگرن.
- چاوەڕێ نەکەن تاوەکو دوو مانگەکەى پێکهاتەى تورکمان تەواوبێت.
- پێشنیازکراوە، جێگرى پارێزگار دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى پارێزگارى هەبێت تاوەکو سەرى ساڵ.
نەشئەت شاهوێز ئاماژەى بەوەشکرد، یەکلاکردنەوەى پۆستى پارێزگار کەوتووەتە دەست هەردوو پێکهاتەى عەرەب و تورکمان، وەک پێکهاتەى کوردیش لە حاڵەتى ئەنجامدانى ئاڵوگۆڕەکان، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک وەردەگرن.
بەگوێرەى ئەو ڕێککەوتنەى لە نێوان هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەى کەرکووک کراوە، لەسەرى ساڵەوە پۆستى پارێزگار لە پێکهاتەى تورکمانەوە دەدرێتە پێکهاتەى عەرەب، کوردیش پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن و تورکمانیش جێگرى پارێزگار وەردەگرێت.



