شه‌هید مسته‌فا، قه‌ڵای ئازادی و مه‌شخه‌ڵێك له تاریكی‌دا

شه‌هید، چرایه‌كی نه‌كوژاوه‌یە له مێژووی نیشتماندا، شه‌هید ئه‌و مرۆڤه شكۆمه‌نده‌یه كه گیانی خۆی كردۆته پردێك بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی نیشتمان به‌ره‌و كه‌ناری ئازادی، كاتێك باس له گه‌وره‌یی شه‌هید ده‌كه‌ین، باس له‌و باوه‌ڕه قووڵه ده‌كه‌ین كه مرۆڤ ئاماده‌یه له‌پێناو خاك، كه‌رامه‌ت و نه‌وه‌كانی داهاتوودا، له هه‌موو خواسته كه‌سییه‌كانی خۆی خۆش ببێت.
یه‌كێك له‌وانه، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵكه‌وتوو و چاونه‌ترس، شه‌هید فه‌رمانده مسته‌فا شه‌وگێڕی-یه، تفه‌نگ و بیروباوه‌ڕی ئه‌و تێكۆشه‌ره، ته‌نیا ئامرازی به‌رگری نه‌بوون، به‌ڵكو هێمایه‌ك بوون بۆ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه هه‌رگیز لەپێناو مافه‌كانیدا چۆكی دانه‌داوه.
شه‌هید مسته‌فا، له باوه‌شی سروشتی سه‌ركه‌ش و مێژووی پڕ له سه‌روه‌ریی ناوچه‌ی شوان و شێخ بزێنی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوك چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كه هه‌میشه لانكه‌ی شۆڕشگێڕان و رۆڵه به‌جه‌رگه‌كان بووه، ئه‌و له خانه‌واده‌یه‌كی ره‌سه‌ن و نیشتمان په‌روه‌ردا په‌روه‌رده ببوو، چه‌مكه‌كانی ده‌ستپاكی، ئه‌مه‌كداری بۆ خاك و سه‌ربه‌رزی، به‌شێك بوون له فه‌رهه‌نگی رۆژانه‌یان، هه‌ر ئه‌و گۆشكردنه نیشتمانییه‌ش بوو كه وای لێ‌كرد له ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه رێگه‌ی سه‌ختی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژێرێت.
شه‌هید مسته‌فا، خاوه‌ن دیدگایه‌كی جوانبین و كوردپه‌روه‌رانه بوو، ئه‌و له پشت سه‌نگه‌ره‌كانه‌وه ته‌نیا سه‌یری جه‌نگی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو چاوی له دواڕۆژێكی گه‌ش و ئازاد بوو بۆ گه‌له‌كه‌ی، ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تیی ئه‌و له مه‌یدانی نه‌به‌ردیدا، ناوی ئه‌ویان وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی گیانفیدا له مێژوودا تۆمار كرد، له‌و كاتانه‌ی كه نیشتمان پێویستی به قوربانیدان بوو، ئه‌و هه‌میشه له ریزی پێشه‌وه‌ی به‌رگریدا بوو، بێ‌باك له مه‌رگ و دڵسۆز بۆ خاك، به‌ڵام به‌داخه‌وه شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ، نه‌یهێشت خه‌ونه‌كانی بێنه دی.
ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید مسته‌فا عوبێد حه‌مه‌ئاغا ناسراو به مسته‌فا شه‌وگێڕی، له‌دایكبووی ساڵی 1960ی گوندی (شه‌وگێڕ)ی ناوچه‌ی شێخ بزێنی-یه، ساڵی 1981 په‌یوه‌ندیی كردووه به رێكخستنه‌كانی ی.ن.ك و ساڵی 1982 بووه به پێشمه‌رگه له كه‌رتی یه‌كی ساڵه‌ی-ی تیپی 21ی كه‌ركوك، به‌شداریی چه‌ندین شه‌ڕ و نه‌به‌دریی كردووه له سنووری سه‌ركردایه‌تی و كه‌ركوك و هه‌ولێر، له راپه‌ڕیندا رۆڵی كارای بینیوه به تایبه‌ت له ئازادكردنی شاری هه‌ولێر و كه‌ركوكدا، له‌به‌ر ئازایه‌تی و لێهاتوویی و دڵسۆزیی، چه‌ندین پله‌ی پێدراوه، له دوای راپه‌ڕین و رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌دا، كراوه به فه‌رمانده‌ی سریه له لیوای تایبه‌تی هه‌ولێر، پاشان بۆته جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌وج له هه‌مان لیوادا، دوا پله‌شی فه‌رمانده‌ی تیپی كوبرا بوو له له‌شكری 14ی بابه گوڕگوڕ.
له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا سێ‌جار بریندار بووه، مخابن رۆژی 19/8/1996 له سنووری گوندی باخچه و بیوكه، شه‌هیدكرا.



