لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانى کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسیش برینداربوون
- لە ڕووداوەکەدا ئەندازیارێک گیانی لەدەستداوە و چوار کرێکاریش برینداربوون.
- ڕووداوەکە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبووندا بووە و حەفرێک بەسەر کرێکارەکاندا داڕماوە
- یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
لێدوانی ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی لەسەر ڕووداوەکە
سامان لەتیف، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە کاتی کارکردن ئەندازیارێک گیانی لەدەستداوە و چوار کرێکاریش برینداربوون.
لە کاتی چیمەنتۆ کردنەوە حەفرێک داڕوخاوە
پەیامنێری کەناڵ8 لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون حەفرێک هەبووە کە چیمەنتۆ کراوە، داڕووخاوە و کەوتووە بەسەر ئەو پێنج کەسەدا و بەهۆیەوە ئەندازیارێک بە ناوی محەممەد ئەحمەد تەمەن 31 ساڵان کە خەڵکی شارۆچکەی دەربەندیخانە گیانی لەدەستداوە و چوار کرێکارەکەی دیکەش بریندارن.
یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە ماوەتەوە
پەیامنێری کەناڵ8 گوتیشی، بریندارەکان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون و سیانیان برینەکانیان سووک بووە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، بەڵام یەکێک لە بریندارەکان ماوەتەوە و لە ژێر چاودیری پزیشکیدایە




