چین شوێن بە ئەڵمانیا لەق دەکات

زیاتر لە 150 ساڵە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، وێنەیەکی جوان و بەڕەونەقی بۆ ئەڵمانیا دروست کردووە؛ بەو هۆیەشەوە بووەتە ناوەندێکی تەکنەلۆژیای ئاستبەرز و یەکێک لە بەناوبانگترین براندەکانی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا. کۆمپانیاکانی وەک (مێرسیدس-بێنز، بی-ئێم-دەبلیو، ڤۆڵکسواگن، پۆڕشە و ئاودی) ئەو پێشەنگییە لە بواری ئەندازیاری، داهێنان و تۆکمەییدا وێنا دەکەن و پیشەسازییەکەشی کەرتێکی زەبەلاحی ئابوورییە و دوای چین و ئەمریکا، ئەڵمانیا سێیەم وڵاتە لە ریزی پڕبەرهەمترین وڵاتانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلدا.
بە پێی ئەو داتایانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ئەڵمانیا لە ساڵی 2023دا داهاتی ئەو کەرتەی 564 ملیار یۆرۆ بووە و نزیکەی ملیۆنێک کەس لەو کەرتەدا کار دەکەن. ساڵانە زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل لە کۆمپانیاکانی ناو خاکی خۆیدا بەرهەم دەهێنێت کە سێ بەشیان هەناردەی دەرەوە دەکات، هەروەها نۆ ملیۆنیش لە کۆمپانیاکانی دەرەوەی وڵاتەکەی دروست دەکات. بەڵام ئەو ژمارانە هی رابردوون؛ چونکە لە دوو ساڵی رابردوودا بە رێژەی ٪24 کەمیان کردووە. لەبەر ئەوەش دەیان هەزار کرێکار و کاسبکار نێردراونەتەوە ماڵەوە. چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی دەرکراوەکان بگاتە 100 هەزار کەس و رەنگە ئەو ژمارەیەش لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە دوو هێندە.
کۆمپانیاکان بەرەو مایەپووچبوون دەچن
پەتای کۆرۆنا، جەنگی سێ ساڵەی روسیا و ئۆکرانیا، ململانێکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پێنج مانگی رابردوودا و پەککەوتنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورموزدا، هۆکاری سەرەکین کە بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وزەوە بۆ کارگەکان، قەیرانێکی وەهایان دروستکردووە کە لە مێژووی ئەڵمانیادا وێنەی نەبووە، بە جۆرێک کۆمپانیاکان بەرەو مایەپووچبوون و داڕمان دەچن.
لە بەرامبەردا، بەرهەمەکانی چین بەهۆی تێچووی کەم و هەرزانیی نرخەکانیانەوە، جێیان بە بەرهەمەکانی ئەڵمانیا لەق کردووە و رەواجیان بە رێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە؛ بۆیە بەرهەمی چینی لە سەرتاسەری جیهاندا بازاڕێکی باشی پەیدا کردووە. لە ساڵی رابردوودا، چین زیاتر لە 30 ملیۆن ئۆتۆمبێلی بچووکی دروست کردووە و بەرهەمەکەی بە رێژەی ٪32 لەچاو ساڵانی پێشوودا زیادی کردووە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران، چین 15 ملیۆن ئۆتۆمبێلی بەرهەم هێناوە؛ واتە لە هەر چرکەیەکدا ئۆتۆمبێلێکی دروستکردووە و پێنج ملیۆنیشی بۆ دەرەوە هەناردە کردووە. بە گشتی مانگانە زیاتر لە ملیۆنێک ئۆتۆمبێل دروست دەکات و لە ناوخۆ و دەرەوەدا ساغیان دەکاتەوە.
ئاراستەی کارەکانیان دەگۆڕن
ئەوەی جێی سەرنجە، فرۆشی ئۆتۆمبێلی چینی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆر زیاتر بووە لە فرۆشی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی، ئەوروپی و ژاپۆنی؛ ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆیان و هەر لەبەر ئەمەشە ٪80ی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەیانەوێت جۆری بەرهەمەکانیان بگۆڕن بۆ کاڵای تر، لە کاتێکدا ٪25یان کارەکانیان فراوانتر دەکەن بۆ پیشەسازیی سەربازی و بەرگری؛ چونکە ئێستا لە هەموو جیهاندا فرۆشی چەک لە برەودایە و شەڕەکان لە چەند بەرەیەکەوە گەرمتر دەبن. ئەڵمانیاش لە دروستکردنی چەکدا متمانەیەکی جیهانیی بەهێزی هەیە و هەمیشە کڕیاریشی هەیە. هەندێکی دیکەشیان دەچنە ناو کەرتەکانی وزە، فڕۆکەوانی، تەکنۆلۆژیای پزیشکی و هێڵی ئاسنین. بەو پێیەش بێت، چین لە پیشەسازیی دروستکردن و ساغکردنەوەی ئۆتۆمبێلدا بە تەواوی جێی بە ئەڵمانیا لەق کردووە.


