دڵنیایی دەدرێتە شۆفێران؛ ئاگرەکەی تانجەرۆ کۆنتڕۆڵ کرا و نابێتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین
- ئاگرەکە لە کۆگایەکی سووتەمەنی بە قەبارەی سێ ملیۆن لیتر لە ناحیەی تانجەرۆ کەوتووەتەوە.
- بەهۆی ڕووداوەکەوە 20 کەس بریندار و تەنگەنەفەس بوون و زیان بە ماڵانی دەوروبەر گەیشتووە.
- تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەکە گەمارۆ بدەن و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی بکەن.
- بەرپرسانی ئیداری دڵنیایی دەدەن کە ئەم ڕووداوە نابێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی لە سلێمانی.
بەدواداجوونی کردووە کە دەریدەخەن کە سەتڵێک بەنزین لە دەستی کەسێکدا بووەتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگر و تەقینەوەی زنجیرەیی لە کۆگایەکی گەورەی سووتەمەنی لە تانجەرۆ، کە بڵێسە و دووکەڵەکەی لە چەمچەماڵ و پێنجوێنیشەوە بینراوە.
بەرگریی شارستانیی سلێمانی:
- ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە ئاگرەکە گەمارۆ بدەن.
- کۆگاکە 34 خەزانی گەورەی تێدایە و سێ ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەنزین و گازی تێدا کۆکراوەتەوە.
- بەهۆی بەهێزیی ئاگرەکە، مەترسی لەسەر بەنزینخانەکانی دەوروبەر دروستبووە و داوا لە هاووڵاتیان کراوە لە ناوچەکە دووربکەونەوە.
تەندروستی و فریاکەوتن:
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی 122 ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان چارەسەری سەرەتایییان بۆ بریندارەکان کردووە. بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان 20 کەس بریندار بوون کە زۆربەیان بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
زانیاریی زیاتر لەسەر کۆگاکە:
ئەم کۆگایە بەشێکی زۆری بەنزینی شاری سلێمانی دابین دەکات و لەکاتی ڕووداوەکەدا 30 تانکییان پڕ بووە لە سووتەمەنی، بەڵام بەرپرسانی بازاڕی سووتەمەنی جەخت دەکەنەوە کە ڕووداوەکە نابێتە هۆی دروستبوونی قەیران و بەنزینی 750 دیناری لە سلێمانی بەردەوام دەبێت.




