“فالح سارى بەڵێنی داوە لەم هەفتەیە پارەی مووچەی مانگی ٧ بۆ هەرێم بنێرێت”

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ئاشكرای دەكات، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە لەم هەفتەیە پارەی مووچەی مانگی ٧ بۆ هەرێم بنێرێت.
د.عومەر محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەغدا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی پەیوەندی و بەدواداچوونەكانیان لە بەغدا، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق پێی ڕاگەیاندوون، كە تاوەكو كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی بڕی 600 ملیار دیناری لەبەردەست بووە، وەزیری دارایی بەڵێنی داوە كە لەم هەفتەیەدا تەواوكاری بڕی پارەی پێویست دابین دەكەن و مووچەی موچەخۆران ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
وتیشی، “وەزیری دارایی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی، كە هیچ جیاكارییەك لە نێوان مووچەخۆرانی هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عێراق ناكرێت و شایستە داراییەكانی هەرێم وەك مافێكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت”.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزیری دارایی دڵنیایی داوە، كە كێشەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم چارەسەر كراوە؛ بە جۆرێك كە لە ڕێگەی پرۆسەی (مەقاسە)وە بڕی 120 ملیار دینار دەبڕدرێت و بڕی پارەی شایستەی مووچەخۆران بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرێت.
جەختیشی كردەوە، عێراق كێشەی كەمیی داهاتی نییە، بەڵكو قەیرانەكە پەیوەندی بە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە لە گەرووی هورمز، ئەو جەنگ و ململانێیانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە ڕێگر لەوەی عێراق بتوانێت بە ئاسانی نەوتەكەی بگەیەنێتە بازاڕەكانی جیهان.
ئاشكراشی كرد، حكومەتی عێراق پلانی نوێی بۆ هەناردەكردنی نەوت جێبەجێ دەكات، ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی كردووە بە گرتنەبەری ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەكردنی نەوت.
وتیشی: ئێستا عێراق لە ڕێگەی توركیا و سووریاوە نەوت هەناردە دەكات و لە پلانی داهاتووی حكومەتدایە كە دەروازەكانی هەناردەكردنی نەوتی عێراق هەمەجۆر بكات، تاوەكو چیتر ئابووری عێراق پشت بە گەرووی هورمز نەبەستێت و نەكەوێتە ژێر كاریگەریی ململانێ نێودەوڵەتییەكان.




