یادی سابیر كوردستانی كرایەوە

بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ و شەیدایانی گۆرانی كوردی شەشەمین ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەند سابیر كوردستانی لە ماڵی كەلەپوری ئەحەی كوڕنوو لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
جەزا كەریم سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان بە دوالاپەڕەی گوت: بە ئەركی سەرشانی خۆمان زانی ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەند سابیر كوردستانی بكەینەوە كە یەكێك بوو لە ئەندامانی كارای كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان، ئەو هەرچەندە بە جەستە لەگەڵماندا نییە، بەڵام بە رۆح لەگەڵماندایە. گوتیشی: هونەرمەند سابیر كوردستانی تا ئەوكاتەی لە ژیاندا بوو لە زۆربەی چالاكییەكانی كۆمەڵەكەمان بە دەنگە خۆشەكەی بەشداریی دەكرد.
هاوكات هونەرمەند حەمە رەئوف كەركوكی وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان گوتی: سابیر كوردستانی یەكێك بوو لە هونەرمەندە دەنگخۆشەكانی كوردستان كە دەنگ و ستایلی تایبەت بە خۆی هەبوو، مخابن مەرگ دەرفەتی پێنەدا زیاتر خزمەتی گۆرانیی كوردی بكات، بەڵام بۆ هەمیشە ئەو دەنگە رەسەنە كوردییە لە ناو جیهانی گۆرانیی كوردی دەمێنێتەوە و جێگەی تایبەت بە خۆی هەیە.
سابیر كوردستانی ساڵی 1955 لە كەركوك لەدایكبووە و رۆژی 10ی ئابی 2020 بەهۆی پەتای كۆرۆناوە كۆچی دواییكرد و لە گۆڕستانی رەحیماوای كەركوك بە خاك سپێردرا.



