ئەزموونە درەوشاوەکانی شانۆی کوردی

کەم شانۆکارمان هەیە بە وێنەی شەماڵی عەبەڕەش بۆ شانۆ و لەنێو شانۆدا ژیابێت، ئەو بە پلەی یەکەم ئەکتەر بووە، هەرچەندە چەند ئەزموونێکی دەرهێنانیشی هەبووە، بە درێژایی ژیانی هەر شانۆ و نواندن بە باڵای رۆژگار و شەوگاری بڕاون و بێجگە لەوانە بەلای هیچ کار و پیشەیەکدا نەچووە.
ناسیاویی من و شەماڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1967، ئەو دەمەی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە سلێمانی تیپێکی شانۆییان دامەزراندبوو بە ناوی تیپی نواندنی سۆران و شەماڵی عەبەڕەش سەرۆکی تیپەکە بوو، یەکێک لە ئەندامەکانی هاوڕێی هونەرمەندم سامان خەفاف بوو، بارەگای تیپەکە دەکەوتە بەرامبەر مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ، چەند جارێک لەگەڵ سامان چوومە لایان و لەوێ شەماڵی عەبەڕەش-م ناسی، ئیدی ئەوە نیو سەدە زیاترە، بووینەتە هاوڕێ و ئاگامان لە ورد و درشتی کاری هونەریی یەکترە. هەر لەو ساڵەدا تیپی سۆران (فەتە و مەتە)یان خستە سەر شانۆ، ئەوە یەکەمین ئەزموونی شەماڵ بوو لە شانۆگەریی نووسین و دەرهێناندا، دوو ساڵی دواتر تیپی سۆران دوو شانۆگەریی تریان پێشکەشکرد بە ناوەکانی (بڕیار و ئەنجام) و (کاتێ خونچە دەبێت بە گوڵ)، کە تیایاندا شەماڵ ئەکتەری سەرەکیی بوو.

ئەم ئەکتەرە بەهرەمەندە ساڵی 1971 چووەتە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا و لەسەر دەستی مامۆستا پسپۆڕەکان کە دیارترین شانۆکارانی عێراق بوون، بەهرە و توانای سەنگینتر بوو، لەوێ بەشداریی (وتی ئاو وتی نا)ی برێختی کردووە بە زمانی عەرەبی، بەر لەوەش لە 1970دا لە (هاملێت)ی شەکسپیردا لە دەرهێنانی رەوانشاد خاڵە حەمە فەرەج لە سلێمانی رۆڵی هاملێتی بە سەرکەوتوویی نمایش کرد. لە بەغدا لە 1976دا لە شانۆیی (کاوەی ئاسنگەر)دا بەشدار بووە کە دەرهێنانی مامۆستا ئەحمەد سالار بووە، ساڵی 1974 چووەتە شاخ و لە بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و سینەمای شۆڕش کاری کردووە، دوای نسكۆ گەڕاوەتەوە لە 1977دا پەیمانگەی تەواو کردووە و بە مامۆستا دامەزراوە، پاش ساڵێک گوێزراوەتەوە بۆ چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی و وەک سەرپەرشتیاری هونەریی لە قوتابخانەکانی شاردا رۆڵی کارای بینیوە. کاروانی نواندنەکانی ئەم ئەکتەرە لەو کاتەوە تا دەگات بە ئەمڕۆ بە بەرجەستەکردنی دەیان کارەکتەری رەهەند جیاواز بەردەوامە و لەگەڵ چەندین دەرهێنەر لە شانۆدا ئەکتەر بووە، ئەوانیش ئەم هونەرمەندانە بوون: تەها خەلیل، فازیل قەساب، کامەران رەووف، عەبدولی حەمە جوان، جیهاد دڵپاک، زاهیر مەحمود، شەفیق محەمەد، دڵشاد ئەحمەد، سدیق عەزیز، بەڕێز مەجید و دانا رەئووف.
دوای تیپی سۆران، شەماڵ چووە تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی و لە دراماکانی (لانەوازان و خولە چەخماخە)دا بەشدار بووە، دواتر بووەتە ئەندامی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی (کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد) و تا لە کوردستان بووە بەشداریی لە زۆربەی بەرهەمە شانۆیی و تەلەفزیۆنییەکانی کۆمەڵدا هەبووە.
ساڵی 1993 لەگەڵ هاوسەری سەنگینی، هونەرمەندی لێهاتوو شادان فوئاد و هەر دوو کچ و کوڕەکەیاندا وڵاتیان جێهێشتووە و لە هۆڵەندا نیشتەجێ بوون، لەوێ و لە چەند وڵاتێکی ئەوروپاش، شەماڵی عاشقی شانۆ هەر بەردەوام بوو، بە کوردی و هۆڵەندی و ئینگلیزی بەرهەمی هونەریی نمایش کردووە، دواتر چوونەتە لەندەن و چەند ساڵێکە لەوێ دەژین.
ئەم ئەکتەرە لە چەندین درامای تەلەفزیۆنیدا بەشدار بووە لەوانە :
(کێچ – دەرهێنانی نەوزاد مەجید 1972، گوڵاڵە – 1986، خاتوو کڵاوزەڕ – 1987،
ئەو بە هەرزەکارییەوە ئیتر نادوێ – 1995 (هۆڵەندی – کوردی)، کاشوەڵێتی BBC.tv 2006 ، بەرەو کارکردن (بە هۆڵەندی)، ئاکامی نهێنییەکان-2011، خانەکەی حاجی ئاغا – 2012 و دوا شەو – 2022). هەر لە ئەوروپا لەگەڵ دەرهێنەران سیروان رەحیم و شۆڕش قادر و کامەران رەئووف و سەلام مەجید بەشداربووە لە نواندنی شانۆگەرییەکانیاندا کە لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و بەریتانیا نمایش کراون.
شەماڵی عەبەڕەش وەک دەرهێنانیش چەند بەرهەمێکی شانۆیی هەن، ئەوانیش (بڕیار و ئەنجام 1968، شەوکەت ناگەڕێتەوە – 1979، دارستان/ بۆ منداڵان کە ساڵی 1989 خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی چالاکیی قوتابخانەکانی کوردستانی بەدەستهێناوە).ئەم هونەرمەندە لە هونەری حەوتەمیش بەدوور نییە و وێڕای نواندنی بە زمانەکانی ئینگلیزی و هۆڵەندی، لە فیلمە کوردییەکانی: (نێرگز بووکی کوردستان، نامۆیی، توونی بابا، 1988، شین، هەلەو هۆلەند بە کوردی و هۆڵەندی)دا بەشدار بووە و دوا کاریشی بۆ سینەما فیلمی (ماسیگر)ه.
شەماڵ دوای ئەوەی زۆربەی تەمەنی بە هونەر بەخشیوە، چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە: میدالیای ئاڵتوونیی لە سلێمانی، خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە بەرلین، خەڵاتی مێژووی 100 ساڵەی شانۆی سلێمانی، ئەمە وێڕای ئەو رێز و خۆشەویستییە گەورەیەی بینەری کارەکانی و کوردان لە هەموو شوێنێک بە هونەرمەندە ئاشنا و رۆشناکەی خۆیان بەخشیوە.
رەخنەگری ناسراو حەمە سوار عەزیز سەبارەت شەماڵ وتوویەتی: « ئەگەر ئەکتەری بەناوبانگی ئینگلیز لۆران ئۆلیڤییە شایستەی ئەوە بوو لە پای نواندنی کاراکتەری هاملێت خەڵاتی باڕۆن و ناسراوی شێر وەربگرێت، ئەوە بە بڕوای من شەماڵی عەبەڕەش لە پای نواندنی لە شانۆیی باوک، شایستەی ئەوەیە نازناوی ژەنەڕاڵی تەختەی شانۆی پێ بدرێت».
هەر درەوشاوە بێت ئەستێرەی هونەری نواندن، چاوەڕێی بەرهەمی نوێتین چرا گەشەکەی شانۆی کوردی، شەماڵی خۆشەویستی هەمووان.

شانۆگەریی باوک 2019



