باوكم فێری مەلە و بێدەنگی كردم

هەندێك مامۆستا وانەكان لە پۆلدا دەڵێنەوە، هەندێكی تر لەسەر رووپەڕی كتێبەكان، بەڵام یەكەم مامۆستای من بۆ ناسینی ژیان، باوكم بوو؛ پیرەمێردێك كە نە زانكۆی بینیبوو، نە بڕوانامەی هەبوو، بەڵام فەلسەفەی ژیانی لە دڵیدا هەڵگرتبوو. هەندێك باوك ماڵ و سامان و زەویوزار بۆ منداڵەكانیان بەجێدەهێڵن، هەندێكی تر ناوێكی باش. باوكم، بێجگە لە ناوی باش، دوو گەنجینەی بۆ بەجێهێشتم كە تا ئەمڕۆ هەرگیز لەدەستم نەچوون: مەلەوانی و بێدەنگی.
لە منداڵییەوە، رووباری ئەڵوەن بۆ ئێمە تەنیا رێڕەوی ئاو نەبوو؛ قوتابخانەیەكی گەورەی ژیان بوو. لە بەیانییەكی گەرمدا، باوكم دەستی گرتم و بردمی بۆ كەناری ئەڵوەن، دڵم لە ترسان دەلەرزی؛ ئاوەكە بۆ من قووڵ و ترسناك بوو، بەڵام بۆ ئەو هاوڕێیەكی دێرین و ئاشنا بوو. كاتێك بەترسەوە دەستم بەتوندی دەجووڵاند و دەمكردە شڵپەشڵپ و نقوم دەبووم، بەئارامیی پێدەكەنی و دەیوت: «مەترسە! ئەوەی لەگەڵ ئاو شەڕ بكات، ئاو دەیخنكێنێت، بەڵام ئەوەی ئاو بناسێت و لەگەڵی هاوڕێ بێت، ئاو دەیپارێزێت. ئەوەی ترسی لە ئاو هەبێت، هەرگیز نازانێت ئاو چەند جوانە و فێری مەلە نابێت.»
ئەو رۆژە تەنیا فێری مەلە نەبووم؛ وانەیەكی گەورەی ژیانیش فێر بووم. تێگەیشتم ژیانیش وەك رووبارە؛ زۆرجار پێویستە هاوسەنگیی بپارێزیت، نەك توندوتیژی نیشانبدەیت. پێویستە خۆت بە شەپۆلەكان بسپێریت، نەك هەمیشە دژیان بجەنگیت، چونكە كاتێك بەتوندی دژی شەپۆلەكان دەجەنگیت، زوو ماندوو دەبیت، بەڵام ئەگەر یاسای جووڵەكەیان بزانیت، هەمان شەپۆلەكان دەتگەیەننە ئەو كەنارەی دەتەوێت.
باوكم وانەیەكی دیكەشی فێركردم؛ وانەی بێدەنگی. لە رێگای كووچەباخەكانەوە بەئارامی دەڕۆیشتین، ئەو قسەی دەكرد و من گوێم دەگرت. كاتێك دەگەیشتینە ناو باخەكە، قسەكان كەم دەبوونەوە تا لە كۆتاییدا تەواو دەوەستان. باوكم تەنیا سەیری دارەكان، باڵندەكان و رووناكیی نێوان گەڵاكانی دەكرد. منیش لەتەنیشتی دادەنیشتم و چاوەڕوان بووم قسەیەكی تر بكات، بەڵام نەیدەكرد. دوای ماوەیەك بە نیگایەكی پڕ لە هێمنی سەیری دەكردم و دەیوت:
«كوڕم، هەندێك جار سروشت تەنیا كاتێك قسە دەكات كە مرۆڤ بێدەنگ بێت.»
لە گەشتەكانماندا زۆر قسەی نەدەكرد. زۆرجار تەنیا لەسەر بەردێك دادەنیشت و چاوی لە دارخورماكان دەبڕی. رۆژێك لێم پرسی: «بۆچی قسە ناكەیت؟» بە دەنگێكی ئارام وتی:
«كوڕم، هەندێك وەڵام لە بێدەنگیدان، نەك لە قسەدا.»
لەو تەمەنەدا واتای قووڵی ئەو رستەیەم نەدەزانی. پێم وابوو ئەوەی زۆر قسە بكات، زۆر دەزانێت، بەڵام كات مامۆستایەكی گەورەترە لە هەموو مامۆستاكان. ئەو رۆژە باوكم تەنیا فێری بێدەنگی نەكردم، بەڵكو فێری گوێگرتن لە ژیان و گوێگرتن لە دەنگی ناخیشی كردم.
باوكم ئیتر لە ناوماندا نییە، بەڵام هەر جارێك چاوم بە رووبارێك دەكەوێت، یان لە بێدەنگیی باخێكدا دادەنیشم، هەست دەكەم هێشتا لە تەنیشتمە.
ئەو دوو میراتەی بۆی بەجێهێشتم، نە زێڕ بوون و نە ماڵ؛ مەلەوانی و بێدەنگی بوون. یەكەمیان فێری كردم چۆن لە ئاودا نەخنكێم، دووەمیان فێری كردم چۆن لە ژیاندا ون نەبم.
ئێستا تێدەگەم كە گەورەترین میراتی باوك بۆ منداڵەكانی، ئەو شتانە نین كە دەستیان پێی دەگات؛ ئەو شتانەن كە لەناو رۆحیان دەژی و دەمێنێتەوە. هەر بۆیە هەتا ئاوی رووبار بڕوات و «با» سەما بە گەڵاكان بكات، وانەكانی باوكیشم لە ناخمدا بەردەوام دەبن، چونكە هەندێك مامۆستا بە قەڵەم و لەناو پۆلدا وانە دەڵێنەوە، بەڵام هەندێكیان بە وشەكانیان و لەناو ژیاندا.




