گواستنەوەی فۆرمی خۆراك بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان راگیرا
بە هەوڵ و بەدواداچوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەڵبەندی خانەقین، پرۆسەی گواستنەوەی فۆرمی خۆراك بۆ ناوچە دابڕێندراوەكانی سنووری ماددەی 140ی دەستوور، بەتەواوی راگیرا.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەسەر داوای مەڵبەندی خانەقین و دوای سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان، خۆشبەختانە توانرا ئەو هەوڵانە رابگیرێن كە دەدران بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراك بۆ ناوچەكانی سنووری ماددەی 140، وتیشی: ئەو گواستنەوەیە لە چەند ناوچەیەكی وەك خانەقین و سنوورەكانی دیكەی ناوچە دابڕێندراوەكان، بە شێوازێكی دوور لە بنەما دەستوورییەكان ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا ئەو هەوڵانە بەتەواوی راگیران و هیچ كەسێك ناتوانێت فۆرمی خۆراك بۆ ئەو ناوچانە بگوازێتەوە، راشیگەیاند: راگرتنی ئەو پرۆسەیە گرنگییەكی سیاسی و دیمۆگرافیی هەیە، چونكە رێگریی لە دروستكردنی گۆڕانكاریی دەستكرد دەكات لە پێكهاتەی دانیشتووانی ناوچە دابڕێندراوەكاندا، ئاماژەی بەوەشدا کە گواستنەوەی نایاسایی فۆرمی خۆراك هەوڵێك بوو بۆ شێواندنی واقیعی دیمۆگرافیی رەسەنی ناوچەكە و دروستكردنی كاریگەریی خراپ لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140، بۆیە راگرتنی هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراك، دەبێتە هۆی پاراستنی مافە دەستوورییەكان و پارێزگاریكردن لە هاوسەنگیی سیاسی و دیمۆگرافیی ئەو سنوورانە.




