بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

دوای 80 ساڵ بە مردنیان زانرا؛ چیرۆکی دۆزینەوەی روفاتی دوو سەربازی جەنگی دوەمی جیهانیی

دوای زیاتر لە 80 ساڵ، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی روباری دانوب لە شاری بودابێستی پایتەختی هەنگاریا، روفاتی دوو سەربازی سوپای ئاڵمانیای نازی و موتۆڕسکیلێک و بڕێک ئامێری سەربازیی سەردەمی جەنگی دوەمی جیهانی لە قوڵایی روبارەکە دەرهێنران.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی جەماوەریی ئاڵمانیا بۆ چاودێریکردنی گۆڕەکانی جەنگ، پڕۆسەی دەرهێنانی روفاتەکان لەلایەن شارەزایانی ئەنجومەنەکە و بە هاوکاری تیمەکانی هەنگاریا ئەنجامدراوە.

بەهۆی تێکەڵبوونی لیتاوی بنی روبارەکە لەگەڵ گازوایل لە ناوچەی مەیدانی باتیانی، کەشێکی گونجاو لە ژێر ئاودا دروست بووە، کە رێگری لە شیبوونەوەی تەواوەتی جەستەکان کردوە لەو ماوە دورودرێژەدا؛ بە شێوەیەک، کە ناسنامەی سەربازەکان بە تەواوی و بەبێ کێشە ناسراونەتەوە.

دۆزینەوەی هەردوو بەشی ئەو پارچە پلێتانەی ناوی سەربازەکانیان لەسەر بووە، نیشانەی ئەوەیە لە کاتی جەنگەکەدا زانیاری کوژرانیان هەرگیز نەگەیشتووەتە فەرمانگەی زانیارییەکان لە بەرلین تا خێزانەکانیان ئاگادار بكرێنەوە.

 بڕیاریشە دوای تەواوبوونی پشکنینەکان، روفاتی ئەو دوو سەربازە لە گۆڕستانی سەربازیی بودائورش لە دەروازەی شاری بودابێست بە خاك بسپێردرێن.

جگە لە رووفاتەکان، موتۆڕسکیلێک لە جۆری (DKW NZ 350-1) کە لە سەردەمی جەنگدا بە بەهێزی و بەرگەگرتن دەناسرایەوە، لەلایەن پەیمانگا و مۆزەخانەی مێژوی سەربازییەوە لە ئاوەکە دەرهێنراوە.

هەروەها ژمارەیەک مینی دژەتانکی ئاڵمانی لە جۆری (Tellermine 35)، نیشانەیەکی رێزلێنانی سەربازی و گالۆنێک سوتەمەنی دۆزراونەتەوە.

 پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاوی روباری دانوب، پاشماوەی کەشتیی نوقمبوو و روفاتی زیاتری قوربانیانی جەنگی دوەمی جیهانی بدۆزرێنەوە.

جەنگی دوەمی جیهانی، کە لە ساڵی 1939 تا 1945 بەردەوام بوو، زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە خۆگرت، بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی لەخۆگرتبوو .

لە جەنگەکەدا زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە 30 وڵاتی جیاواز بەشدارییان تێدا کرد و  لە ئەنجامی جەنگەکە 70 بۆ 85 ملیۆن کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون، هەروەها  دەیان ملیۆن کەس بەهۆی کۆمەڵکوژی و برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *