بە هەوڵی یەکێتی، ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە بۆ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین دابینکرا

لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژە نەگۆڕەی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خزمەتکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم گرتوویەتییەبەر، مەڵبەندی 8ی رێکخستنی خانەقین بە هەماهەنگی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، توانییان قەیرانێکی کەرتی تەندروستی لە خانەقین چارەسەر بکەن، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە دەنگی داواکاریی نەخۆشانی گورچیلە گەیشتە ناوەندی بڕیاری یەکێتی لە شارەکە و دەستبەجێ پرۆسەی بەدەمەوەچوون دەستیپێکرد.
خەمی هاووڵاتیان لە مەڵبەندەوە بۆ بەغداد
کێشەی کەمبوونی ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، ببووە بارگرانییەکی قورسی دارایی و دەروونی لەسەر شانی سەدان خێزانی کەمدەرامەتی ناوچەکە، لەسەر راسپاردەی کاروان یاروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی، بەڵێن بە هاووڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی درا کە خەمەکانیان بڕەوێنرێتەوە.
دیار جەوهەر کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی، بۆ کوردستانی نوێ گوتی: ژمارەیەک لەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە شوشتنەوەی گورچیلە هەبوو، لە ماوەی رابردوودا سەردانی مەڵبەندیان کرد، هاوکات چالاکوانان و رۆژنامەنووسانیش بەدواداچوونی وردیان بۆ بابەتەکە کردبوو و لێپرسراوی مەڵبەندیش بەڵێنی پێدان کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، خۆشبەختانە بەدواداچوونی ورد کرا و بە دوو قۆناغ 10 ئامێری نوێ گەیەنرانە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین و ئێستا هیچ کێشەیەکیان نەماوە.
گوتیشی: سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و دکتۆر شوان شاکر بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە رۆڵی بەرچاویان لەم سەرکەوتنەدا هەبوو.
چۆنیەتی دابینکردنی ئامێرەکان
سروە محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە بەغداد کێشەکەی گەیاندە لووتکەی دەسەڵاتی تەندروستی و بۆ کوردستانی نوێ گوتی: وەک نوێنەری گەل، ئەرکی سەرشانمانە بەبێ دواکەوتن بەدەم داواکارییەکانی خەڵکەوە بچین.
گوتیشی: دوای ئەوەی کێشە و داواکاری هاووڵاتیانم لەلایەن مەڵبەندی خانەقینەوە پێگەیشت، دەستبەجێ سەردانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دیالەمان کرد، لەوێ داوامان کرد کە شاری خانەقین و ناحیەکانی دەوروبەری پێویستییەکی زۆریان بە ئامێری شوشتنەوەی گورچیلەیە، لەبەرئەوەی گوشارێکی زۆر هەیە و ژمارەی نەخۆشەکان بەداخەوە روویان لە زیادبوون بوو، لەبەرئەوە دەستبەجێ لە قۆناغی یەکەمدا پێنج ئامێر و دوای ماوەیەکی دیکەش پێنج ئامێری دیکەی شوشتنەوەی گورچیلەمان بۆ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین دابینکرد.
گوتیشی: لە قۆناغەکانی دیکەدا هەوڵدەدەین ئامێرەکانی چاو، ئێسک و ئەو کەرەستە پزیشکییانەی ئێستا زۆر پێویستن بۆ نەخۆشخانەکە دابینی بکەین.
رزگارکردنی نەخۆشخانەکە لە قەیران
دکتۆر شوان شاکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم هەوڵە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی بەشی زۆریی کێشەکانی نەخۆشانی گورچیلەی لە شارەکە و دەوروبەری چارەسەر کرد و کاریگەریی گەورەی دەبێت لە ئاسانکاری بۆ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە شوشتنەوەی گورچیلەیە.
گوتیشی: زیاتر لە 200 نەخۆشمان هەیە کە لە تەواوی گوند و ناحیەکان و ناوەندی شاری خانەقینەوە سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن بە مەبەستی شوشتنەوەی گورچیلە و ئێستا بە ئاسوودەیی چارەسەر وەردەگرن.
گەڕانەوەی ئومێد بۆ هاووڵاتیان
ئەحمەد جەمیل هاووڵاتییەکی تەمەن 52 ساڵە و دانیشتووی جەلەولایە، بۆ کوردستانی نوێ گوتی: هەفتانە دوو جار دەبوو بە کرێی گران و رێگەی دوور بچمە بەعقوبە یان سلێمانی بۆ شوشتنەوەی گورچیلەکانم، ماندوێتی رێگەکە هێندەی نەخۆشییەکەم ئازاری دەدام، ئێستا کە ئەم ئامێرانە هێنراونەتە خانەقین، باری سەرشانمان زۆر سووک بووە، سوپاسی هیمەتی مەڵبەند و نوێنەرانی یەکێتی دەکەین.
فاتیمە قادرهاووڵاتییەکی دیکەی تەمەن 45 ساڵە و دانیشتووی گوندێکی سەر بە خانەقینە، بۆ کوردستانی نوێ گوتی: کاتێک بیستم ئامێری نوێی شوشتنەوەی گورچیلە بۆ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین هێنراوە، تێگەیشتم کە هێشتا لایەنێک هەیە خەمخۆری راستەقینەی ئێمە بێت و بەشێک لە خەمەکانم رەوییەوە، سوپاس بۆ یەکێتی کە ژیانی بۆ گەڕاندینەوە.
لابردنی بارگرانی
ئەم هەنگاوە تەنیا دڵخۆشیی نەخۆشەکانی لێنەکەوتەوە، بەڵکو ئیدارەی ناوخۆی شاری خانەقینیش وەک دەستکەوتێکی گەورەی هاوبەش سەیری دەکات.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقین، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بە ناوی ئیدارە و تەواوی دانیشتووانی خانەقینەوە، سوپاسی هەوڵەکانی مەڵبەندی 15ی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بۆ دابینکردنی ئەو ئامێرانەی شوشتنەوەی گورچیلە بۆ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین.
گوتیشی: ئەم خزمەتە مرۆییە گەورەیە نیشانەی دڵسۆزیی بەردەوامی یەکێتییە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و دابینکردنی ئەم ئامێرانە بارگرانییەکی گەورەی لەسەرشانی حکومەتی خۆجێی و کەرتی تەندروستی ناوچەکە لابردووە.



