کێشەکانی خانەقین و دیالە گەیەندرانە سەرۆککۆمار

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی کێشە و داواکارییەکانی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیالەی گەیاندە سەرۆککۆماری عیراق
کاروان یاروەیس بەرپرسی مەڵبەندی ڕێکخستنی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: داواکاری و کێشەکانی شارۆچکەی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالەمان پێشکەش بە نزار ئامیدی سەرۆک کۆماری عیراق کرد.
ئەوەشی وت: لە دیدارەکەدا، بە وردی ڕەوشی شارۆچکەی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیالەمان خستەڕوو، جەختمان کردەوە کە هەستیاریی ڕەوشی ناوچەکە پێویستی بە پشتیوانی و وەڵامدانەوەیەکی جدی و دڵسۆزانە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە دیدارەکەدا لە ڕێگەی چەندین دۆسیەی وردەوە تاوتوێی کێشە سەرەکییەکانی شارۆچکەی خانەقین و دەوروبەریمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار کرد، و چارەسەرە دەستووری و یاساییەکانمان بۆ خستنەڕوو.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: سوپاسگوزاریی خۆمان دەربڕی بۆ گرنگیپێدان و پەرۆشیی سەرۆک کۆمار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گرنگیدانی بە شارۆچکەی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی تری پارێزگای دیالە.




