خانەوادەیەك لە قوربانی و قارەمانێتی

بۆ یادی هاوڕێیانم، شەهیدان جەمالەسوور و وەلی حاجی مەدحەت
ئەمە یادكردنەوە و ئاوڕدانەوەیەكی كەمە لە خانەوادەیەكی تێكۆشەر و قوربانیدەر، لە دوو برای شەهیدی پێشمەرگە كە هەردووكیان هاوڕێم بوون.
حیكایەتی ئەم بنەماڵەیە، برینێكی قووڵ و تراژیدیایەكی كەموێنەیە، باسی ماڵێكی ئاوەدان و خێزانێكی قەرەباڵغ دەكەم كە لە پێناو ئازادیدا تەواوی ئەندامەكانی بوونە قوربانی، دوو برا لە سەنگەری پێشەوەی پێشمەرگایەتیدا سینگی خۆیان كردە قەڵغان و شەهید بوون، ئەندامەكانی تری خێزانەكەش بە كوڕ و كچەوە، بە گەورە و بچووكەوە كەوتنە بەر شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال و لە بیابانەكانی باشووردا، زیندەبەچاڵ كران.
لەو ناوەندە شۆككەر و پڕ لە مەرگەدا، تەنیا یەك كوڕ وەك تاقانەی ئەو خێزانە لە ژیاندا ماوە.
شەهید جەمالەسوور
شەهید جەمال مەدحەت غەفور ناسراو بە جەمالەسوور، لەدایكبووی ساڵی 1967ی گوندی (ئۆمەربل)ی ناحیەی سەرقەڵای قەزای كفریی پارێزگای كەركوكە و تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، لە منداڵییەوە لەگەڵ باوكی شانی داوەتە بەر كاری جوتیاری و كرێكاری، لە لایەكەوە بەهۆی گەورەیی و نزیكە شاری گوندەكەیان و لە لایەكی دیكەشەوە بەهۆی سەردان و بوونی ژمایەك پێشمەرگە لە گوندەكەیاندا، هەر زوو ئاسۆی بیركردنەوەی گەشەی كردووە و لاوێكی وریا و زیتەڵە و تێگەیشتوو بووە لە بیری نەتەوایەتی و لە ستەم و داگیركاری كوردستان، بۆیە رۆژ بە رۆژ لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنیدا، رقی لە داگیركەر، ئەستورتر دەبوو.
ساڵی 1983 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1984 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 51ی گەرمیان، لەژیانی پێشمەرگایەتیدا قارەمان و چاونەترس و لەخۆبوردوو بووە و بەهۆی لێوەشاییەوە، كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە لە كەرتی شەشی تیپی 51.
لە زۆربەی شەڕ و داستانی ناوچەكانی (گەرمیان، قەرەداغ، شارەزوور، شینكایەتی و دۆڵی جافایەتی)، بەشداریی كردووە، دووجاریش بە سەختی بریندار كراوە.
هەروەها لە شەڕەكانی بەرپەرچدانەوەی شاڵاوەكانی ئەنفال، بەرگریی قارەمانەی كردووە، هاوشانی ژمارەیەك فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان لە ناوچەی گەرمیان بڕیاری خەباتی پارتیزانی دەدات، بەداخەوە لە مانگی 6/1988دا و لە نزیك گوندی (ئۆمەربل) بە هۆی پیلان و ناپاكییەوە، كەوتە بۆسەی گەلەجاشێكی ئەنفالچییەوە و شەهید كرا.
شەهید وەلی حاجی مەدحەت
شەهید وەلی مەدحەت غەفور ناسراو بە وەلی حاجی مەدحەت، لەدایكبووی ساڵی 1969ی گوندی ئۆمەربلە و تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە بۆ بژێوی خێزانەكەیان، هاوشانی باوكی كاری جوتیاری و كرێكاری كردووە.
لاوێكی خوێنگەرم و زیتەڵە و چاوكراوە بوو، خولیای ئازادی و رزگاریی خاك و گەلەكەی بووە، ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1985 بە تفەنگی خۆیەوە دەبێتە پێشمەرگەی هێزی پشتگیری و لە زۆرێك لە شەڕەكانی ناوچەی گەرمیاندا بەشداریی كردووە، یەكێك لەوانە: داستانە مەزنەكەی گوندی ئۆمەربل بوو لە رۆژی 18/5/1987، شەهید وەلی لەو داستانەدا رۆڵی كاریگەری هەبوو، لەگەڵ شەهیدان (ئەحمەدی حاجی رەشید و كامەرانەڕەش)دا
سەرەڕمی هێرش و تۆماركردنی داستانەكە بوون، كاتێك سوپای بەعس و جاش لە پشتەوەی سەنگەری پێشمەرگەوە چوونە ناو گوندەكەوە و سەرقاڵی سووتاندن و رووخاندنی خانووكان بوون، هەرسێ شەهید بوێرانە و بەبێ گوێدانە مەرگ، چوونە قووڵایی و ناوجەرگەی هێزەكانی دوژمنەوە، دەستوبرد لێیان دان و كوشتارێكی زۆریان لە دوژمن كرد، لەناو كوژراوەكاندا چەندین شۆفێری شۆفڵ هەبوو كە سەرقاڵی روخاندنی گوندەكەبوون، لە ئاكامدا هێزەكەی دوژمن لوتی شكا و بە شپرزەیی و سەرلێشێواوییەوە لە گوندەكە چوونە دەرەوە و تەرمی دەیان كوژرا و دەیان پارچە چەك و چوار تانك و 17 شۆفڵیشیان بەجێهێشت.
دوای داستانەكە، شەهید وەلی دەبێتە پێشمەرگە لە تیپی 51ی گەرمیان، بەداخەوە، تەمەنی پێشمەرگایەتیی كەم بوو، رۆژی 14/7/1987 لە دەشتی پەتەكی، كەوتە بەر هێرشی هێلیكۆپتەرەكانی رژێمەوە و شەهید كرا.
شەهیدەكانی ئەم خانەوادەیە
جگە لەو دوو پێشمەرگە قارەمانە، ئەم ئەندامانەی خێزانەكەش لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا، شەهید و شوێنبزر كران:
رۆستەم مەدحەت، سەروەت مەدحەت، برزوت مەدحەت، شوكریە مەدحەت، جمعە مەدحەت (پێشمەرگەی هێزی پشتگیری بوو)، خۆی و هاوسەر و سێ منداڵی، بەهار عەلی- هاوسەری شەهید جەمالەسوور (دووگیان بوو)، سەبریە حەمەئەمین- دایكیان.
عومەر مەدحەت ساڵی 1992 بە مینی پاشماوە و چێنراوی سوپای بەعس، شەهید بوو، حاجی مەدحەتی باوكیشیان لەگەڵ خانەوادەكەی كەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال، دوای شەش مانگ بەنیوەگیانی لەزیندانی نوگرەسەلمانەوە رزگاری بوو، بەڵام لە چاوەڕوانی هاوسەر و نەوە و جگەرگۆشەكانیدا، دوای چەند ساڵێك ئەویش كۆچی دوایی كرد، ئێستا، لەو خێزانە گەورە و قەرەباڵغە، تەنیا كاك (زۆراب) لەژیاندا ماوە.




