پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای سەنگاو-دەربەندیخان دەکرێتەوە

ساڵی رابردوو، بەردی بناغەی پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای سەنگاو-دەربەندیخان دانرا و ئەمڕۆش بەشێکی پرۆژەکە کرایەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش رایدەگەیەنێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم کارەکانی تەواو دەکرێت، کە لەئێستادا 85%ی تەواو بووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە بەشێکە لە هەوڵەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ خزمەتکردن بە گوند و ناحیەو قەزاکان و کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان، کە پێکهاتوە لە قیرتاوکردنی رێگایەک بە درێژی ١٨کم و بە چوار قۆناغ بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
دەشڵێت:رێژەی کاری ئەنجامدراو 85%ی تێپەڕاندوە ئەمڕۆ بەشێکی کرایەوە، و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم کارەکانی تەواو بکرێت، کە زیاتر لە 40 گوندی سنورەکە سودمەند دەبن و کارئاسانی تەواو بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان لە نێوان سەنگاو ـ دەربەندیخان دەکات.




