په‌روه‌رده‌ی میدیایی و میدیای په‌روه‌رده‌یی

په‌روه‌رده‌ی میدیایی) و (میدیای په‌روه‌رده‌یی) دوو ده‌سته‌واژه‌ی گرنگی ژینگه‌ی كاری میدیایین، له‌دایكبوویه‌كی سروشتیی هه‌ڵكشانی كاریگه‌ریی و هه‌ژموونی میدیا و ئامرازه‌کانی میدیان، به‌جۆرێك بوونه‌ته جێگه‌ی باس و خواس و گفتوگۆی زانكۆكان و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه، تا ئاستی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوی یونسكۆ و رێكخراوه په‌یوه‌ندییداره‌كانی دیكه‌ی بواری میدیا و كۆمینكه‌یشن.
په‌روه‌رده‌ی میدیایی هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و ژینگه میدیاییه‌یه، كه دنیای داگیركردووه و هه‌مووانی تووشی شۆککردووە، هه‌ربۆیه به حوكمی ئه‌و كاریگه‌رییه گه‌وره‌یەی كه میدیا و ئامرازه میدیاییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ست و سۆز و ره‌فتار و گوفتاره‌كان دروستی ده‌كه‌ن لەلایەک، هەروەها به حوكمی ده‌ركه‌وتن و بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای ئامرازه میدیاییه‌كان و ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه‌كان دروستی ده‌كەن، بەرهەمی خوڵقاندنی ژینگه‌یه‌كی په‌روه‌ردەكردن و هۆشیاركردنه‌وه و رێنوینیكردنن.
ناكرێت ئامرازه میدیاییه‌كان بێ دیسپلینكردن و رێكخستن پەیام ئاراستەی کۆمەڵگە بکەن، هەرچییەکیان بوێت بڵاوی بکەنەوە، بەڵکو پێویستە ئامرازه میدیاییه‌كان خوێندنه‌وه بۆ ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن، ره‌چاوی داب و نه‌ریت و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و نیشتمانییه‌كان بكه‌ن، له‌و سۆنگه‌یه‌وه وه‌شانی خۆیان ئاراسته‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه بكه‌ن.
لە ئێستادا ئێمە لە قۆناغی سۆشیال میدیا و زیرەکیی دەستکرد و گۆڕانکارییە نوێیەکانی دنیای میدیادا دەژین، هەربۆیە پێویستمان به‌م په‌روه‌رده میدیاییه هه‌یه، له قۆناغی باخچه‌ی ساوایانه‌وه تا ده‌گاته زانكۆ و سه‌رجه‌م ناوه‌ند و سێكته‌ره‌كانی ژیانی مرۆڤ به گشتی، ئه‌ویش له‌به‌ر یه‌ك هۆكاری ساده: هه‌مووان به بێ جیاوازیی به‌كارهێنه‌ر و وه‌رگری ناوه‌ڕۆكه میدیاییه‌كانن و به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و لێشاوی زانیاریی و داتا و ناوه‌ڕۆكانه‌دایه، كه له رێگەی مۆبایل و شاشه زیره‌كه‌كانه‌وه به گوێ و چاوی وه‌رگراندا ده‌درێت.
ئەم بابەتە بۆ سەرجەم وڵاتانی دنیا و کۆمەڵگە جیاوازەکان بەهەمانجۆرە، وه‌ك: كه‌نه‌دا و فنله‌ندا و ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌ندێك له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م وانه‌یه دراوه و ده‌وترێته‌وه.
لەکوردستاندا به هه‌مانشێوه ئه‌وه ده‌خوازێت كه له هه‌رێمی كوردستانیشدا ببێته جێگه‌ی باس و خواس و گفتوگۆ و تاوتوێكردن، ئه‌وه ده‌خوازێت كه حكومه‌ت و زانكۆ و ده‌زگا میدیاییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن به بایه‌خه‌وه بڕواننه ئه‌م بابه‌ته و هه‌نگاوی كرداری بۆ دروستكردنی ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌ی میدیایی بنێن، ئه‌وه‌ش پلان و نه‌خشه‌كێشان و به‌رنامه‌ی ده‌وێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕانی میدیایی و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.
جیاوازی نێوان دوو چەمکەکە
چه‌مكی دووه‌م (میدیای په‌روه‌ده‌یی) ده‌رده‌كه‌وێت، كه به‌شێكی گرنگی (په‌روه‌رده‌ی میدیای)یه و ده‌خوازێت بكرێته به‌شێكی دانه‌بڕاو له پرۆگرامی په‌روه‌رده و فێركردن له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ئاماده‌یی تا ده‌گاته زانكۆ، واته حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا پێكه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه (میدیای په‌روه‌ده‌یی) و (خوێندنی میدیایی) بكرێته وانه‌ی زانستی و وه‌ك به‌شێك له پرۆگرامی خوێندن به خوێندكاران بوترێته‌وه.
لەم چوارچێوەیەدا دەتوانێت هاریکاری هزر و بیرکردنەوەی گەنجان بکات، کە بەکارهێنەری سەرەکیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن، بۆ ئەوەی بتوانن هۆشیارانە بتوانن مامەڵەیەکی تەندروستی لەگەڵ بکەن، چونکە ئەمجۆرە میدیاییە بووەتە پێداویستییەکی رۆژانەی هەریەکەیان.
تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گه‌شه‌كردنی خێرای بواری گه‌یم و یارییه سه‌رگه‌رمكه‌ره‌كان، هه‌ڵكشانی زۆر خێرای زیره‌كیی ده‌ستكرد، رۆژ به رۆژ هه‌رزان بوون و مامه‌ڵه‌ی ئاسان له‌گه‌ڵ ئامرازه میدیاییه زیره‌كه‌كاندا، هه‌موو ئه‌مانه وایکردووە کە وانەی (میدیای نوێ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان)، یان هەرناوێکی دیکەی هاوواتای، بكرێته وانه‌یه‌كی زانستی و له قۆناغی ئاماده‌ییدا به خوێندكاران بوترێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره ئاسان ده‌كات، بوونی سه‌دان خوێندكاری ده‌رچووی به‌شه‌كانی میدیایه له زانكۆكانی سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا، كه ده‌توانن له‌م بواره‌دا به‌و ئه‌ركه هه‌ستن و به حوكمی بڕوانامه و باکگراونده میدیاییه‌كه‌یان ئه‌و وانه‌یە بڵێنه‌وه.
هیوادارین به‌رێزان وه‌زیری په‌روه‌رده و وه‌زیری خوێندنی باڵا ئه‌م نووسینه ببینن، ئه‌و داواكارییه‌ی كه چه‌ند ساڵێكه به په‌رۆشه‌وه له لایه‌ن ئێمه و به‌شێك له مامۆستایانی میدیاوه ئاڕاسته‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندییداره‌كان ده‌كرێت ببینرێت، ئه‌ویش به دانانی پلانێك بۆ دانانی وانه‌یه‌كی میدیایی لەناو پرۆگرامی خوێندندا به هه‌ند وه‌ربگرن، ئه‌م داواكاری و خواسته (زانستییه – میدیاییه) بهێننه دی.
ئەگەرچی ئەم هەنگاوەش بەبێ ئاستەنگ نابێت لەوانەش؛ کەمی مامۆستای پسپۆڕ، پرۆگرامی کۆن لە بەشەکانی راگەیاندن، کێشەی ژێرخانی تەکنۆلۆژیا، بەڵام دەتوانین هەندێک هەنگاوی چارەسەریش بخەینە روو:
-راهێنانی مامۆستایان (ToT): ئەنجامدانی خولی چڕ بۆ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە لەلایەن پسپۆڕانی راگەیاندن و ئەکادیمییەکان.
-هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکان: بەکارهێنانی شارەزایی و پشتیوانیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک UNESCO ، پرۆژەی ئامادەکراویان لەسەر Media and Information Literacy (MIL)هه‌یه.
د. یه‌حیا عومه‌ر ڕێشاوی، مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی




