شۆڕشی یاسایی

یاسا و دەستوور دوو کۆڵەکەی بنچینەیین بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایییەکی کارا و دامەزراوەیی، خزمەتی گشتی بکات، کەموکوڕی و چەوتییەکان راست بکاتەوە، سەروەریی یاسا بچەسپێنێت و جیاوازی لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا نەهێڵێت.
بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ چالاک بێت و هیچ کەسێک دەست لە کاروباریاندا وەرنەدات، پێویستە دامەزراوەکان بە یاسای نوێ و سەردەمیانە رێکبخرێن. ئەمە پێویستی بە (شۆڕشی یاسایی)یە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو، واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا کۆنانەی سەردەمی دیکتاتۆری، کە لە خزمەتی گشتیدا نەبوون و جێگرتنەوەیان بە یاسای نوێ و گونجاو لەگەڵ دۆخی ئێستادا.
شۆڕشی یاسایی بۆ ئەوەیە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی، پابەند بێت بە یاسا و دەستوورەوە و هیچ جیاکارییەکی تێدا نەکرێت. هەروەها بۆ ئەوەیە ئابوورییەکی شەفاف بێتە ئاراوە کە مافی دارایی و گشتی بۆ هەمووان زامن بکات.
شۆڕش و سەرهەڵدان کاتێک روودەدات کە خەڵک هەست بە نادادپەروەری، جیاوازیی چینایەتی، زوڵم و چەوسانەوە بکەن، هەست بەوە بکەن کە گەندەڵی و پێشێلکاریی یاسایی بەربڵاوە.
لەو کاتەدا دۆخەکە بۆ خەڵک قبووڵنەکراو دەبێت و رێوشوێنی جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەگرنەبەر، تا سیستمێکی یاساییی نموونەیی لە فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردندا بەرقەرار بێت و مافی هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەدا دەستەبەر بکرێت.
شۆڕشی یاسایی پێویستە، بۆ ئەوەی سیستمی فەرمانڕەواییی کۆن، بگۆڕدرێت بۆ سیستمێکی یاساییی سەردەمیانە، سیستمێک کە یەکسانی و مافی وەک یەک بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە بەرجەستە بکات، پێشێلکاری و گەندەڵی بنبڕ بکات و شەفافیەت بچەسپێنێت.
سەرکەوتنی شۆڕشی یاسایی، کە بە واتای (شۆڕشێکی سپی)دێت، پێویستی بە پاراستنی دامەزراوەکانە لە رووخان و دوورکەوتنەوە لە گرژی و ئاڵۆزی. هەروەها پێویستی بە ویستی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بۆ جێبەجێکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵکە بۆ پاڵپشتیکردنی چاکسازی و گۆڕانکارییەکان. بە واتایەکی گشتگیر، شۆڕشی یاسایی سەقامگیری و مافی یەکسان بۆ گشت تاکەکانی کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت.
بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیە شۆڕشی سپیی یاسایی لە عیراق و هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، خەڵک و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتیی تەواوی لێبکەن، تا ژینگەیەکی یاساییی تەندروست بۆ کۆمەڵگە بخرێتە ڕوو.




