دۆسیەی خانەنشینانی دەڤەری دوو چاوەڕێی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات

دۆسیەی زیاتر لە 10 هەزار خانەنشینی پێشمەرگە لە دەڤەری دوو، پاش تەواوبوونی وردبینی لە وەزارەتەکەیان، لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگیراوە و ڕەزامەندی لەسەر نادرێت. ئەم کێشەیە بووەتە هۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی دۆسیەکانیان وەرنەگرێت، لە کاتێکدا دۆسیەی خانەنشینانی دەڤەری یەک پەسەند کراوە و کەمتر لە مانگێک لەبەردەم وادەی دیاریکراوی 30ـی ئەیلوول ماوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە (دەڤەری دوو) ڕایگەیاند :
- وردبینی لە سەرجەم 10 هەزار و 170 دۆسیەی خانەنشینی دەڤەری دوو لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواو کراوە و فەرمانیان بۆ دەرچووە.
- نوسراوی فەرمی بۆ دۆسیەکان کراوە و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنیان نەدراوە.
- جیاوازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکاندا هەیە، بە جۆرێک دۆسیەی خانەنشینانی دەڤەری یەک لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کراوە و بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە.
- بەهۆی وەرنەگرتنی دۆسیەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، ناچار مووچەی مانگانەی ئەو خانەنشینانە لە داهاتی نانەوتیی سلێمانی دابین کراوە.
وەزارەتی دارایی و مۆڵەتی دیاریکراوی حکومەت
وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەکاتەوە کە ئەوان لایەنی جێبەجێکارن و بۆ وەرگرتنی دۆسیەی خانەنشینانی دەڤەری دوو پێویستیان بە ڕەزامەندیی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8، ڕۆژی 30ـی ئەیلوول وەک دوایین مۆڵەت بۆ تەواوکردن و گواستنەوەی سەرجەم خانەنشینانی سەربازی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی دیاریکراوە.



